بردنی هێزێکی سەربازیی هاوبەشی سەر بە #وەزارەتی پێشمەرگە# بۆ زینی وەرتێ لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانە بووە کە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان گیراوەتە بەر. ئەم هێزانە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن و هیچ پەیوەندییان بە #پارتی دیموکراتی کوردستان#ەوە نییە و لە گرژییەکانی ئەم دواییەی زینی وەرتێ پارتی بە هیچ شێوەیەک تەرەف نییە و ناوهێنانی پارتی لەم ڕووداوانەدا بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە.
جێگەی داخە کە کەسانێک لەناو یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە هەوڵی بەردەوام دان کە ئەم بابەتە و زۆر بابەتی تر بە حزبی بکەن و بمانگەڕێننەوە سەردەمی پێشوو. لە بابەتی لەمشێوەیەدا تەنیا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە حکوومەتێکی هەڵبژێردراو و شەرعییە و بە هاوبەشیی چەندین لایەنی سیاسیی هەرێم پێکهاتووە، سەلاحییەت و مافی جووڵاندنی هێزی هەیە بۆ هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان کە لە بەرژەوەندیی هەرێم و پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمدا بێت.
وێڕای ئەوەی بوونی هێزەکانی #پەکەکە#یش لە ناوچەکە جێگەی پرسیارە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە هێزە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەیەکی نیشتیمانیدا لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بن و لە ژێر قەراری حزب و باڵی ناو ئەحزاب بێنەدەر.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
#15-04-2020#