بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 95% کەمبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە فرۆشی بەنزین بەرێژەی 93% دابەزێت، بەم هۆیەشەوە خەرجی ڕۆژانەی بەکارهێنانی بەنزین لە 5 ملیار و 110 ملیۆن دینارەوە بۆ 357 ملیۆن و 700 هەزار دینار کەمبووەتەوە.
خەرجی رۆژانەی بەکارهێنانی بەنزین لە ژێر کاریگەری کۆرۆنادا، لە باشووری کوردستان
|
|
|
|
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و گازی پارێزگاکان، بەرلە قەدەغەی هاتووچۆ ڕۆژانە 7 ملیۆن و 300 هەزار لتر بەنزین لەهەرێمی کوردستان (#هەولێر# 3 ملیۆن لتر، #دهۆک# 1.3 ملیۆن لتر، پارێزگای #سلێمانی#، پارێزگای #هەڵەبجە# و ئیدارەی #گەرمیان# و ڕاپەرین 3 ملیۆن لیتر) بەکاربراوە. ئەم بەرهەمەش بەپێی خواستی بازاڕ نزیکەی 60% تاوەکو 65% بەرهەمی ناوخۆ بووە، ئەوەی دیکە لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکە هاوردەکراوە، بەڵام بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە بەکارهێنانی بەنزین بەڕێژەی 93% کەمبووەتەوە.
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و گازی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: خواست لەسەر بەکارهێنانی بەنزین بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، بەڵام لەکاتی ئاسایی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین ڕۆژانە 3 ملیۆن لتر بەنزین بەکاردەبرێت.
محەممەد حەسیب، گوتی: بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل لەلایەن خەڵک زۆر سنوورداربووە، ئەمەش وایکردووە فرۆشتنی بەنزین لە بەنزیخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین کە 273 بەنزیخانەن بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێت، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 200 تاوەکو 250 هەزار لیتر دەفرۆشرێت کە دەکاتە نزیکەی 7 بۆ 8%ی فرۆشتنی پێشتر.
سەبارەت بە سەرچاوەی بەنزینی بەکاربراو. محەممەد حەسیب، گوتی ڕۆژانە بە ملیۆن لتر بەنزین لە ئێرانەوە دێتە پارێزگای سلێمانی، بۆیە نزیکەی 80%ی ئەو بەنزینەی لە پارێزگای سلێمانی بەکاردێت بەنزینی تورکی و ئێرانییە، ڕێژەیەکی باشی دەچێتە هەولێر، برێکی زۆر کەمی هی پاڵاوگەی بازیانە، چونکە پاڵاوگەی بازیان نەوتی خاو لە عێراق وەردەگرێت دوای پاڵاوتن بەشی زۆری بەنزینەکە بۆ #کەرکووک# و شارەکانی عێراق دەنێرێت.
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ڕابردوو بێجگە لە ئۆتۆمبێلی سەربازی 1.742.815 ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە پێکدێن لە (994049 ئۆتۆمبیلی تایبەت، 95653 ئۆتۆمبێلی کرێ، 399470 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، 34.894 ئامێری کشتوکاڵ، 24.701 ئامێری بیناسازی، 146.057 ئۆتۆمبێلی تابلۆی پارێزگاکانی دیکە، 29.350 ئۆتۆمبێلی میری و 18.641 ماتۆرسکیل).
بڕی رۆژانەی بەنزینی بەکاربراو لە باشووری کوردستان
|
|
|
|
عەقید ئەسعەد مەلا کەریم، بەڕێوەبەری پلان و گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاوکەمیکردووە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە ئێستا کەمتر 5%ی ڕابردوو جووڵەی ئۆتۆمبیل لەسەر شەقامەکان هەیە.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین ئۆتۆمبیل لە سنووری پارێزگای هەولێرە، بەجۆرێک لەم پارێزگایە زیاتر لە 868.013 ئۆتۆمبیل هەن، ئەمە بێجگە لە ئۆتۆمبێلی میری و سەربازی، کە مەزەندە دەکرێت بە ئەوانیشەوە بگاتە سەرووی ملیۆنێک ئۆتۆمبێل، ئەمەش وایکردووە زۆرترین بڕی بەنزین بەکارببردرێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی شارۆچکەی ناوەندیی هەولێر، دەڵێت: بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی ئێمەدایە پێشتر ڕۆژانە لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 3 ملیۆن لتر بەنزین بەکاربراوە لەم بڕەش 2 ملیۆن و 700 هەزار لتری بەرهەمی ناوخۆ بووە 300 هەزار لیتریش بەنزینی هاوردە بووە.
نەبەز عەبدوڵحەمید، گوتیشی: بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە فرۆشی بەنزین بەرێژەیەکی زۆردابەزیووە، مەزەندە دەکەین کەمتر لە 10%ی پێشتر بەنزین لە بەنزیخانەکان بفرۆشرێت.
ئاری کاکەشین سابیر، بەڕێوەبەری سووتەمەنی پارێزگای هەولێر، دەڵێت: بەپێی داتا سەرەتایییەکان لەکاتی ئاسایی نزیکەی 3 ملیۆن لیتر بەنزین لە بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەفرۆشرێت، دوای تەواوبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیارمانداوە ڕووپێوییەکی گشتگیر بۆ ژمارە و ڕووبەر و فرۆشی بەنزینخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بکەین تاوەکو بزانین فرۆشی بەنزین لە وەرزێک بۆ وەرزێکی دیکە چەندە.
لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 450 بەنزینخانەی ئەهلی و 3 بەنزینخانەی حکومی هەن. بەپێی ڕێنماییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێستا سەرجەم بەنزینخانەکان لەکاژێر 8ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە کراوەن، بەڵام بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە بەشی زۆریان چۆڵن.
ژمارەی بەنزینخانەکان لە باشووری کوردستان
|
|
|
|
رێژەی نەوتی بەکاربراوی خۆماڵی لە بەنزینخانەکانی باشووری کوردستان
|
|
|
|
هیوا محەممەد، بەڕێوەبەری بەنزینخانەی ئاکار لە شاری هەولێر، دەڵێت: بەنزینخانەکانی هەولێر کراوەن، بەڵام بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ زۆربەیان چۆڵن فرۆشیان زۆر دابەزیووە، بۆ نموونە پێشتر ڕۆژانە 12 هەزار لیتر بەنزینمان دەفرۆشت، ئێستا فرۆشی ڕۆژانەمان ناگاتە 1000 لیتر، ئەمە لەکاتێکدایە بەنزینخانەکەی ئێمە لەسەر شەقامێکی سەرەکییە کە شەقامی 100 مەترییە، بازاڕمان لە زۆر بەنزینخانەی دیکە باشترە.
هیوا محەممەد، گوتی: ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری زۆری لەسەر فرۆشتنی بەنزین هەبووە، وایکردووە نەتوانین خەرجییەکانمان دابین بکەین، بۆ نموونە ئێمە پێشتر بە سێ شێفت 24 کاژێر کارمان دەکرد ئێستا شێتفی کارکردنمان کەمکردووەتەوە و لەکۆی 8 کارمەند 4 کارمەندمان ناردووەتەوە ماڵەوە، چوارەکەی دیکەش دەواممان کردوون بە دوو شێفت هەفتەیەک دوو کارمەند دەوام دەکەن هەفتەکەی دیکەی دووکارمەندەکەی دیکە.
بارودۆخی بەنزینخانەکانی پارێزگای دهۆکیش لە پارێزگاکانی دیکە باشتر نییە، بەڵام ئیدارەی ئەم پارێزگایە لە ڕێگەی سیستەمێکەوە توانیویەتی خەرجییەکانیان کەمبکاتەوە.
موحسین تەها محەممەد، بەڕێوەبەری نەوت و گازی پارێزگای دهۆک، دەڵێت: لەکاتی ئاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕۆژانە 1.3 ملیۆن لتر بەنزین بەکاردەهێندرێت، بەڵام بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە بەکارهێنانی بەنزین بەرێژەی 95% کەمیکردووە.
لە سنووری پارێزگای دهۆک 200 بەنزینخانە هەن، موحسین تەها محەممەد دەڵیت: بۆ ئەوەی خەرجیان کەمبێتەوە و هاتووچۆشیان سنوورداربێت لەسەر داخوازی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەنزینخانەکانمان دابەشی سێ گروپ کردووە هەر گروپەی ڕۆژێک کراوەن، واتە لەهەر سێ ڕۆژ جارێک بەنزینخانەکان ڕۆژێک کراوە دەبن.
محسین تەها، گوتیشی: لەپارێزگای دهۆک زیاتر خواست لەسەر بەنزینی نۆرماڵە، بۆیە نزیکەی 70%ی ئەو بەنزینەی لەدهۆک بەکاردێت بەرهەمی خۆماڵییە.
پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان لترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 510 تاوەکو 540 دینار دەدەنە بەنزینخانەکان، ئەوانیش بە 650 تاوەکو 670 دەیفرۆشن، نرخی بەنزینی سوپەریش لەنێوان 850 تاوەکو 950 دینار دایە، کەواتە ئەگەر بەتێکرایی 700 دینار بۆ هەر لیترێکی سەرجەم جۆرەکانی بەنزین دابنێین، تێچووی هاتووچۆ و گواستنەوە لەکاتی ئاسایی لەهەر ڕۆژێکدا زیاتر لە 5 ملیار و 110 ملیۆن دینار لەسەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، لە مانگێکدا دەکاتە 153 ملیار و 300 ملیۆن دینار.
وەک بەرپرسانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێن بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بەرێژەی 95% کەمیکردووە فرۆشی بەنزینی بەرێژەی 93% کەمیکردووە، کەواتە دەتوانین بڵێین بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە بەهۆی مانەوە لەماڵەکانیان و بەکارنەهێنانی ئۆتۆمبیل. خەرجی ڕۆژانەی بەکارهێنانی بەنزین لە 5 ملیار و 110 ملیۆن دینارەوە بۆ 357 ملیۆن و 700 هەزار دینار کەمبووەتەوە. بەمەش ڕۆژانە زیاتر 4 ملیار و 752 ملیۆن دینار، بۆ هاووڵاتیان و حکومەت گەڕاوەتەوە.
د.ئیدریس ڕەمەزان، پسپۆری ئابووری و مامۆستا لە کۆلێژی کارگێری و ئابووری زانکۆی سەلاحەددین دەڵێت: ڤایرۆسی کۆرۆنا دەریخست، خەرجی ناپێویست زۆر لەوە زیاترە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی چاکسازی پلانی بۆ کەمکردنەوەی داناوە، بۆیە پێویستە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەت پێداچوونەوە بەو خەرجییە ناپێویستانە بکات و پلان بۆ کەمکردنەوەیان دابنێ.
هەروەها دەڵێت: حکومەت دەتوانێ لە ڕێگەی کاراکردنی گواستنەوەی گشتی بەشێکی زۆر لەخەرجی بەکارهێنانی بەنزین و قەرەباڵخی سەر شەقامەکان کەمبکاتەوە و ڕووێکی دیکەی شارستانی بەکوردستان ببەخشێ و ژینگەش پاک ڕابگرێت.[1]
#16-04-2020#