وەک دەزانرێت ماوەیەکە بارودۆخی عێراق تا دەچێت هەستیار دەبێت، ئەمەش لە ڕێگەی جموجۆڵی پاشماوەی گروپە تیرۆریستییەکان لە #کەرکووک# و دیالە و بەشێک لە پارێزگاکانی تری عێراق کە مەترسی و دڵە ڕاوکێی لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردوە.
جگە لەوەش دەستێوەردان و ململانێی وڵاتە هەرێمی و زلهێزەکان بڕستی لەبەر خەڵکی عێراق بڕیوە و ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانی تێکداوە، لە ئێستادا (مصطفی کاضمی) ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، وەک (تەڤگەری ئازادی) پێمانوایە کۆدەنگی یەک لە ناو هێزە سیاسییەکاندا بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەسەر بەڕێزیان هەبێت و ئەمەش وا دەکات گیرو گرفتی بەردەم پێکهێنانی حکومەت زۆر نەبن و ئێمەش هیوادارین هەرچی زووە حکومەت پێکبێت و وەزیرەکان لەسەر بنەمای لێهاتویی دابنرێن نەک لەسەر بنەمای پشک پشکێنەی لایەنەکان، چونکە عێراق لە بارودۆخێکی ئەوەندە خراپدایە بە کەسانێکی لێهاتو و بە ئیرادە ئەتوانرێ قەیران و گێژاوەکان تێپەڕێنرێت و هێزە سیاسییەکانی عێراق نابێت بە ئاڕاستەی دەرەکی فریو بدرێن و نابێت دەستدرێژی بۆسەر عێراق و هەرێم قبوڵ بکرێت.
وەک (تەڤگەری ئازادی) بە گرنگی دەبینین لەم سەر و بەندەدا هەرچی زووە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە جێبەجێ بکرێت:
1/لەژێر چەتری حکومەتێکی نیشتمانی گشت هێزە عێراقییەکان کۆ بکرێنەوە و عێراق دوور بخرێتەوە لە دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی
2/ هەرچی زووە داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بکرێت و پلانێکی تۆکمەی ئابوری و بوژانەوەی کەرتەکان دابنرێت، تاکو خەڵکی عێراق و هەرێم لەو بارو دۆخە خراپە ڕزگاری ببێت.
3/ ڕێکەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتمانی بێت و پێشنیار دەکەین هەرێم ئەو بڕە نەوتە بنێرێت کە لەسەری ڕێککەوتون لەگەڵ ناوەند دا.
4/سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێت و لە ئێستادا گفت وەربگیردرێ لە ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کە دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی و مەزهەبی دەست بکەن بە چارەسەری کێشەکان.
#20-04-2020#