سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەکەیان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانی ئەنجامدا. لەسەرەتادا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا بە سەرکەوتوو ناوبرد و دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکان و هاونیشتمانیان کرد.
#نێچیرڤان بارزانی# هەروەها ئاماژەی بە گرژییەکان کرد و دڵنیایی دا کە کێشەکان ئەوەندە گەورە نین چارەسەر نەکرێن و گوتیشی، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێنەوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکان.
نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتای قسەکانیدا گوتی: دەستخۆشی لە هەموو ئەو ڕێکارانە دەکەم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی کۆرۆنا جێبەجێیکردووە کە پرسێکی جیهانییە، ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستان یان عێراقەوە نییە و لە جیهان هەموو شوێنەکانی گرتووەتەوەحکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە دەستپێکردنی ئەم دۆخە ڕێکاری زۆر خێرای بە ئەنجام گەیاند، ئەو ڕێکارانەش هەمووی یەک مەبەستی هەبوو ئەویش پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بپارێزرێ.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی خۆی و دەستەی سەرۆکایەتی دەستخۆشی لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، وەزیری تەندروستی، وەزیری ناوخۆ، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و هەموو ئەوانە کرد کە بەشێوەیەکی گشتیی لەم پرۆسەیەدا ئەوەی توانیویانە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان کردوویانە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان جێی ڕێز و پێزانینی تایبەتین کە لەم قۆناخە و لەدەستپێکردنی ئەم دۆخە، بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕێنماییەکانیان جێبەجێکردووە، سوپاسی تایبەتیشم هەیە بۆ کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی. کارمەندانی وەزارەتی تەندروستی پێشمەرگەی لەپێشەوە بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، شەو و ڕۆژ کار دەکەن بە وەزیر و بە ستافی وەزارەتیشەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
لەبارەی ئەو بارگرانییەی کەوتووەتە سەر هاونیشتمانیان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: من تێدەگەم لەوەی کە هەندێ خەڵک بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان لەسەر ئەو بابەتەیە، تێدەگەم لەوەی کاسبکاران و خەڵک دەیانەوێ کار بکەن و ئێمەش پێمانخۆشە، بەڵام شتەکە لەوە گەورەترە. ئێستا حکومەتی هەرێم لەبەردەم ئەوەیە ئایا ئەو ئازیزانە لەدەست بدەین لەنەتیجەی کردنەوەی بازاڕ یان جارێ سەبرمان هەبێت و ئازیزەکانی خۆمان بپارێزین. بەدڵنیاییەوە جیهان شایەتی ئەوەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەباشی مامەڵەی لەگەڵ ئەم بابەتە کردووە.
لەبارەی گرژییەکانی ناوخۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی ئەوە دا هیچ کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نییە کە چارەسەر نەکرێت. بەرەو چارەسەریش دەڕۆین. هەموو هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی لەم کاتەدا کە کێشەی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی لە کوردستان و عێراق هەیە دەبێ یەکڕیزیمان بپارێزین. ئێمە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوە دەکەین، یەکێتی نیشتمانی هاوبەشی سەرەکیمانە لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: دڵنیاتان دەکەمەوە کێشەکان چارەسەر دەبن و یەکێتیی نیشتمانیش هاوبەشی سەرەکی پارتیی دیموکراتی کوردستانە لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا.
لەبارەی پرسی زینی وەرتێوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: ئەو هێزانەی چوونەتە وەرتێ هێزی #وەزارەتی پێشمەرگە#ن، وەزارەتی پێشمەرگەش وەزارەتی هەموو کوردستانە، هیچ هێزێکی بیانی نەچووەتە ئەو سنوورە و چوونەکەشیان کاتیە. ئەگەر پێویست نەبێت ئەو هێزانە لەوێ بمێنن بەدڵنیاییەوە لەوێ نامێنن. زۆر شرۆڤەی سەیر و سەمەریش دەکرێت کە ئەننەما زینی وەرتێ بووەتە شوێنێک پرۆژەی ئەتۆمی لێ دروست دەکرێت. ئەوەی کراوە تەنیا بۆ پاراستنی هاووڵاتیان بووە لە هاتووچۆ و کاتیشە و بە دڵنیاییەوە ئیجرائاتەکان هەمووی ئاسایی دەبنەوە
نێچیرڤان بارزانی گوتی: لەبارەی گرژییەکانی ناوخۆ دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ کێشەیەکی ئەوەندە گەورە نییە کە چارەسەر نەکرێت. بەرەو چارەسەریش دەڕۆین بۆ ئەو گرژییانە. دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەمکاتەدا کە کێشەی کۆرۆنا هەیە و قەیرانی دارایی لە کوردستان و عێراق هەیە دەبێ یەکڕیزیمان بپارێزین.
#داعش# مەترسییەکی جدییە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: داعش ئەمڕۆ بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق مەترسییەکی جدییە، لەهەموو شوێنەکان هەڵسەنگاندنمان هەیە لە دیالە تاوەکو دگاتە ناوچەی #مەخموور# و موسڵ و شوێنەکانی دیکە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان هەموو ڕۆژێک داعش جموجووڵی چەکداری زیادکردووە. لەم ماوەیەدا تەکلیفم لە کاک شێخ جەعفەر کرد سەردانی ئەو ناوچانە بکات، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوە هەندێ ڕێکارمان باسکرد بۆ ئەوەی بتوانین هەم لەگەڵ بەغدا و هەم لەگەڵ هاوپەیمانان قسەبکەین ئالیەتێک بدۆزینەوە کە بەڕاستی ئالیەتێکی هاوبەشی پێکەوە کارکردن بێت کە ڕێگری بکات لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە هەموو سنوورەکان.
پشتگیریی مستەفا کازمی بڕیاری هەموو لایەنەکانە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە لە پاڵپشتیکردنی مستەفا کازمی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و ڕایگەیاند: بڕیاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی کازمی، بڕیاری هەموو هێزە سیاسییەکان بووە.
راشیگەیاند: بەمنزیکانە فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە دەکەونە دانوستاندن لەگەڵ کازمی.[1]
#20-04-2020#