حکومەت بۆ دەستخستنی 649 مێگاوات کارەبا پشت بە بەنداوی #دەربەندیخان# و دووکان دەبەستێت، بەڵام کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە بە ڕێژەی 70% ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای لە وێستگەی بەنداوەکە کەمکردووەتەوە. پێشبینی دەکرێت لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بگاتە پێنج هەزار مێگاوات.
لەم وەرزەدا بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەموو هەرێمی کوردستان لە سێ هەزار و 100 بۆ سێ هەزار و 200 مێگاواتە و 21 کاژێر کارەبا هەیە. خواستی هاونیشتمانییانیش بۆ بەکارهێنانی کارەبا سێ هەزار و 700 مێگاواتە.
وێستگەی کارەبای دەربەندیخان لە سێ یەکە بەرهەمهێنانی کارەبا پێکدێت. یەکەی ژمارە یەک لە کاردایە، توانای بەرهەمهێنانی 83 مێگاوات کارەبای هەیە و بەهۆی کەمیی ئاوەوە تەنیا 50 مێگاوات بەرهەمدەهێنێت.
یەکەی ژمارە دوو کە توانای بەرهەمهێنانی 83 مێگاوات کارەبای هەیە، لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردووەوە لە کار کەوتووە و بەرهەمهێنانی سفرە.
یەکەی ژمارەی سێیش کە ئەویش توانای بەرهەمێنانی 83 مێگاوات کارەبای هەیە، لە مانگی دووی ئەمساڵەوە لە کار کەوتووە بەرهەمهێنانی سفرە. ئەو یەکە لەکارکەوتووانە ئەگەر کاریشبکەن ئاو نییە تۆرباینەکانیان بسووڕێنێت.
ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا لە چرکەیەکدا 720 مەتر سێجا ئاو بەردەدرایەوە و زیاتر لە 200 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرا. ئەمساڵ تەنیا 145 مەتر سێجا ئاو
بەردەدرێتەوە و کەمتر لە چواریەکی بەرهەمی پار بەرهەمدەهێنرێت.
فارووق ئەحمەد بەڕێوەبەری کارپێکردن لە بەنداوی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ''کەمبوونەوەی ئاو 70ی% بەرهەمی کەم کردووینەتەوە. پار یەکەکان 225 مێگاوات کارەبایان هەبوو، ئەمساڵ تەنیا 50 مێگاوات کارەبامان هەیە کە یەکەیەکمان لە 16 بۆ 17 کاژێر کاردەکات.
ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان لە چاو پاردا 500 ملیۆن مەتر سێجا کەمی کردووە. ساڵی 2019 دوو ملیار و 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا بووە.
ساڵی 2020 یەک ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
بەنداوی دەربەندیخان 50% پشت بە ئاوی باران دەبەستێت. پار 1339 ملیم بارانی لێ باریوە. ئەمساڵ تەنیا 551 ملیم بارانی لێ باریوە. بەنداوەکە توانای گلدانەوەی سێ ملیار و 300 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە ڕووداوی گوت، ''پار لەم کاتەدا چوار ملیار و 800 مەتر سێجا ئاو لەم بەنداوەوە دەرچووە. ئەمساڵ تەنیا ملیارێک و نیو ئاو هاتووەتە بەنداوەکەوە. کەمیی باران و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو و بەنداوەکانی ئێران کاریگەریی زۆریان هەبووە. کار وابڕوات بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا زۆر کەمتر دەبێتەوە.
وەزارەتی کارەبا ملیۆنێک و 600 هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە. لە ڕێگەی نۆ وێستگەوە کارەبا بەرهەمدەهێنێت.
پێشتر پشت بە وێستگە کارۆئاوییەکان دەبەسترا. لە ساڵی 1991ەوە وێستگەی کارەبای دەربەندیخان کاردەکات. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 17 ملیۆن و 35 هەزار و 33 مێگاوات کارەبای بەرهەمهێناوە، بەڵام ئێستا زۆرتر پشت بەو وێستگانە دەبەسترێت کە بە غاز و نەوتی ڕەش کاردەکەن و ژمارەیان حەوت وێستگەیە.[1]
#22-04-2020#