دەقی ڕاگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/4/22 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کوردستان و بەشداربوونی #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامدرا، سەرۆکوەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان کە خۆشبەختانە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە قۆناخی زۆر باش و پێشکەوتووی بڕیوە و ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بە یەکێک لە سەرکەوتووترین نموونەکانی خۆپارێزیی دادەنرێت لە جیهان، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی کۆرۆنا کۆتاییان نەهاتووە و داواکارین لە خەڵکی هەرێم بەردەوامبن لە پابەندبوون.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی ڕێکارەکانی خۆپارێزی کردەوە و قۆناخەکانی ئاساییکردنەوەی ژیانی خەڵکیش بەردەوام دەبێت کە تاوەکو ئێستا پارێزگاکان و ئیدارەکان لەمڕووەوە هەنگاوی باشیان ناوە بە ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی.
ئەنجوومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان دەکات بەبۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، جەختیشی کردەوە، لەپێناوی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بڕیاردرا کە دەرگای مزگەوت و کڵێسا و شوێنەکانی دیکەی عیبادەت بە داخراوی بمێنێتەوە، هاوشێوەی ناوەندەکانی خوێندن، لە هەمانکاتدا سوپاسی مامۆستایانی ئایینیش دەکات بۆ پابەندبوونیان.
پاشان گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی 19-21ی نیسانی 2020 بۆ بەغدا کرا و ئاماژە بەوە درا کە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە بۆ ناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، لە هەمانکاتیشدا حکومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی دووپاتدەکاتەوە بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی کە لە کۆتایی ساڵی 2019 لەگەڵ وەزارەتەکانی نەوت و دارایی و پلاندانانی عێراق ئەنجامیدا لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئیلتیزامی نەوتی خۆی لە بەرامبەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی، وەکو لەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشە هاتووە.
لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. دواکەوتنی مووچەش لە دەرەوەی ویستی حکومەتی هەرێمە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لێکەوتە داراییەکانی دابەزینی نرخی نەوت و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا کە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە، ئەمە سەرەڕای دواکەوتنی تەمویلی بەشە مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر بە هەرێم و مافە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات، لە بەارمبەریشدا هەرێمی کوردستان ئامادەیە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی بەجێبهێنێت.
#22-04-2020#