ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوومان لەگەڵ بەڕێزان وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و وەزیری تەندروستی ئەنجامدا، بۆ شیکردنەوەی بڕیاری درێژەدان بە داخستنی دەرگای مزگەوتەکان و شوێنە ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان.
هەموومان خوازیاربووین کە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا دەرگای مزگەوتەکان بە ڕووی مامۆستایانی ئایینی و موسڵماناندا بکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو بارودۆخە تەندروستییە وایکرد کەوا درێژە بەو بڕیارە بدرێت.
بە دڵنیاییەوە مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان بە تایبەتیش مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵ و پێگەیەکی دیار و لەبەرچاویان هەیە، بە تایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی و پەتای کۆرۆنا، کە ئەمڕۆش لە پەیامی ڕێزدار جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەمەش سەلماندنی ئەو واقیعەیە کە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێکی کارایان هەیە و مزگەوت و شوێنە ئایینییەکانیش پێگەیەکی تایبەتی خۆیان هەیە، بۆیە بڕیاری ڕاگرتنی مزگەوتەکان مەبەست لێی لێدان نییە لە شکۆی مزگەوت یان لە پێگەی مزگەوت کەمبکرێتەوە، بەڵکو مەترسیی ئەو نەخۆشییە هەر ماوە.
بۆیە هەموومان هیوادارین بتوانین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەشێک لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز عیبادەتەکانمان لە مزگەوتەکان بە ئەنجام بگەیێنین بە چەند ڕێکارێکی دیاریکراو، ڕێکارەکان کاتین، داخستنی مزگەوتەکان بەردەوام نابێت، ئومێدێکی گەلێک گەورەمان هەیە بتوانین بەشێک لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز عیبادەتەکانمان لە مزگەوتەکان ئەنجامبدەین.
بە دڵنیاییەوە ئەو بڕیارەی دراوە بۆ ڕاگرتنی مزگەوتەکان پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە، ئەگەر بارودۆخەکەمان وردە وردە بەرەو باشی بڕوات بە تەئکید هەموو موسڵمانان بە مزگەوتەکان شاد دەبنەوە.
ئێمە لە نیگەرانی و پەرۆشییەکانی مامۆستایانی ئایینی تێدەگەین، مافی خۆشیانە داوای کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکان بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ کاتێک دژایەتی کردنەوەی دەرگای مزگەوتەکانی نەکردووە و ناشکات، بەڵکو مەسەلەکە لەپێناوی سەلامەتیی گشتییە، شانبەشانی وڵاتانی دیکەی دەوروبەرمان، ئەوەتا لە عێراق داخستنی دەرگای مزگەوتەکان تاوەکو 22ی 5 درێژکراوەتەوە، لە وڵاتێکی وەکو سعودیە و ئوردن تاوەکو دوای جەژن درێژکراوەتەوە، لە ئێرانیش بەهەمان شێوە. ئێمەش لەناو ناوچەیە دەژین، بەڵام سوپاس بۆ خودا و هەوڵ و هیمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە تا ڕاددەیەک ئەو ڤایرۆسە کۆنترۆڵ بکرێت، لەگەڵ ئەوەش نکۆڵی لەوە ناکرێت مەترسییەکانی هێشتا هەر ماوە.
#23-04-2020#