ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال، بەبۆنەی ساڵیادی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر شەنگال، داوای خۆبەڕێکخستن کردنی کۆمەڵگای ئێزدی دەکات.
دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕۆژی 25-4-217 بە فڕۆکە هێرشی کردەسەر شەنگال، ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شەنگال لەسەر ئەو بابەتە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە مێژوودا سەدان جار هێرش کراوەتە سەر کۆمەڵگای ئێزدی و زۆربەیان بەدەستی عوسمانییەکان کراوە و هاتووە: ئەو ڕقە هێشتاش لەبەرامبەر کۆمەڵگای ئێزدی بەردەوامە، 25ی نیسانی 2017 کە هێشتا بەشێکی شەنگال بەدەست چەتەکانی #داعش#ەوە بوو و هێشتا خوێن لە برینی خەڵکی ئێزدی دەچۆڕا، دەوڵەتی داگیرکەری تورک دوای هێرشەکەی 3ی ئازار کە لەژێر ناوی پێشمەرگەی ڕۆژ کرایەسەر خانەسۆر، ئەمجارە بە فرۆکەی جەنگی هێرشی کردەسەر ئێزدیخان.
لە بەردەوامیدا هاتووە: لەم هێرشەدا هەرچەند، #شەڕڤان#، گەریلا و پێشمەرگە بوونە ئامانج و ژمارەیەک پێشمەرگەش گیانیان لەدەستدا، بەڵام حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بێدەنگ بوون، ئەم بێدەنگییە ڕێی لەبەر بەردەوامیی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کردەوە، حکومەتی هەرێم و لە سەرویانەوە پارتی لەجێی هەڵویست نیشاندان، شانیاندایە شان دەوڵەتی تورکەوە و لەو هێرشەدا جێیان گرت و بوون بە هاوکاری داگیرکەر.
هەروەها هاتووە: دەوڵەتی تورک بەو هێرشە ویستی گەلی کورد کە لە شەنگال بوونەتە خاوەن ئیرادە، لەناو ببات و جارێکی دیکە کۆچبەریان بکات و عوسمانیی نوێ دروست بکات، سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و هەڕەشانە، بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی خەڵکی ئێزدی لەناوببەن.
لە کۆتاییشدا هاتووە: هەموو شەهیدانی ئێزدیخان و شەهیدانی ڕێگای ئازادی بەبیردێنینەوە و داوا لە خەڵکی ئێزدی دەکەین، بۆ ئەوەی ڕێگە لە هێرشەکان بگرین پێویستە خۆمان بە ڕێکخستن بکەین و خۆمان بەهێز بکەین.[1]
#25-04-2020#