گەڵف کیستۆن پێترۆڵیۆم دەیەوێت ڕۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ 55 هەزار بەرمیل بەرز بکاتەوە، بەڵام چاوەڕێی باشبوونەوەی بارودۆخی ئێستا و حەقدەستی مانگانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا دەکات و بە تێکڕا ڕۆژانە 38 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەگی سێیەمی 2020 بگەیێنێتە ڕۆژانە 55 هەزار بەرمیل.
جۆن فێریەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن ڕایگەیاندووە، پەرەپێدانی کێڵگەکانمان ڕاگرتووە تاوەکو ڕەوشەکە باشتردەبێتەوە، بەڵام ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتمان لە هەرێمی کوردستان کەمنەکردووەتەوە و چاودێریی بازاڕی نەوت دەکەین بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی نرخی نەوت بنێین.
گەڵف کیستۆن ئاماژەی بەوە داوە. لە کاتێکدا نەوت و گاز بەشداریی سەرەکیان لە دابینکردنی داهات بۆ هەرێمی کوردسان هەیە، بۆیە کۆمپانیاکە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان مەبەستیانە زیاتر پەرە بە کێڵگەی شێخان بدەن.
داهاتی فرۆشتنی نەوت لە کێڵگەی شێخان لە ساڵی 2019دا گەیشتە 206.7 ملیۆن دۆلار و کۆمپانیای گەڵف کیستۆنیش بڕی 90 ملیۆن دۆلاریشی لە وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا خەرجکردووە و بە کۆی گشتی لە ساڵی 2019دا پوختەی قازانجی کۆمپانیایاکە 43.5 ملیۆن دۆلار بووە.
گەڵف کیستۆن ئاماژەی بەوەش داوە، پلانی ئەوەیان هەیە تاوەکو ساڵی 2025 پەرەی زیاتر بە کێڵگەی شێخان بدەن و ڕۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێننە 110 هەزار بەرمیل.
هەروەها لەگەڵ کۆمپانیای کالیگران کار لەسەر کەمکردنەوەی دەرچوونی دووانۆکسیدی کاربۆن دەکەن بەشێوەیەک تاوەکو ساڵی 2025 دەرچوونی ئەو گازە بۆ نیوە کەمبکەنەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، پابەندە بە پێدانی حەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت لە ناوەڕاستی هەر مانگێک بەشێوەیەک لە مانگی ئادار 2020 دەست پێدەکات.[1]
#25-04-2020#