بەلاغی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێکردن
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
ئەمڕۆ سێ شەممە 28ی نیسانی 2020، ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا بە ئامادەبوونی بەڕێزان سەرۆکی هەردوو فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق، پاش تاوتوێی دۆخەکە ئەم ڕاگەیەندراوەی ڕاگەیاند:
سەرەتا وێڕای پیرۆزبایی هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، سوپاسی خودا دەکەین و دەستخۆشی دووبارە دەکەینەوە بۆ سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی ڕوبەڕوبونەوەی پەتای (ڤایرۆسی کۆرۆنا) کە بەخۆشحاڵیەوە قۆناغێکی سەختی تێپەڕاندوەو پشت بەخوا بەرەو کۆتای دەڕۆین..
1. بژێوی هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران ئەمڕۆ لە پێشەوەی پێداویستی و ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێمەو هەرگیز ڕەوا نیە دوابخرێت و مامەڵەی سیاسی پێوەبکرێت..
بۆیە داواکارین حکومەتی هەرێم بەرپرسانە مامەڵەی ئەم پرسە بکات و هەرچی زووە هاوڵاتیان دڵنیا بکاتەوە لە بژێوی ماڵ و منداڵیان..
2. ڕاستە قەیرانی دارایی جیهانی گرتووەتەوە و ئێمەش بەشێکین لەو قەیرانە، بەڵام ئەوەش شاراوە نیە کە هەرێمەکەمان جیاواز لە دەوڵەتانی تر گرفتی کەڵەکەبوی زۆرەو ئەو حاڵەتەی ئەمڕۆ ئەنجامی ئەو ڕابردووە نا دروستەیە چونکە ئاشکرایە گەندەڵی و ناشەفافی متمانە ناهێڵێ و بێ متمانەیش ترسناکەو دۆخەکە بەرەو قەیرانی جۆراوجۆر دەبات..
3. داواکارین کە هەرچی زووە گرفت و کۆسپەکانی پەیوەندی هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێ و حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی بەشەفافیەت چڕ بکاتەوە لە ڕێکەوتن لەگەڵ ناوەند..
4. پرسی چاکسازی ڕاستەقینە لەئەرکە هەنوکەیەکانی هەرێمی کوردستانەو دەرفەتی پاشخستنی بە هیچ پاساوێک ڕەوا نیە..
5. داوای فەرمانبەران بۆ موچەکانیان مافێکی ئاسایی ڕەوایەو پێویستە حکومەتی هەرێم بەجیدی وەری بگرێت و بە عەمەلی بەدەم داواکارییەکانەوە بچێت..
لەکۆتاییدا ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وێڕای داوای یەکڕیزی نیشتیمانی و کۆتایی هێنان بە ناکۆکی حزبی نەخوازراو، ڕایدەگەیەنین کە بژێوی و موچەی فەرمانبەران جێی فەرامۆشکردن نیەو ئێمە بەگەرمی پشتگیری داواکانیان بەڕێکاری مەدەنی و دیموکراسی دەکەین.
ئەنجومەنی جێبەجێکردنی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
#28-04-2020#