بەبۆنەی یەکی ئایارەوە، کە سومبولی بۆنە نێونەتەوەییەکان و وێستگەی دووپاتکردنەوەی تێکۆشان و هاوکاری کرێکارییە لە جیهاندا، سڵاوی تێکۆشان ئاراستەی سەرجەم کرێکاران و جووتیاران و ڕەنجدەرانی بیروباز و زەحمەتکێشانی کوردستان و جیهان دەکەین.،
لە یەکی ئایاری هەموو ساڵێکدا چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە سەرتاپای جیهاندا بە خۆپیشاندان و چالاکی هەمەجۆر پێشوازیان لەم ڕۆژە دەکەن، وەک وەبیرهێنانەوە و بەرز نرخاندنی ئەو قوربانیدانەی کە چینی کرێکاران لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و داواکارییەکانیان، و لەم ڕۆژەدا خۆپیشاندان و گردبوونەوە و نارەزاییە کرێکارییەکان گەرموگوڕتر دەبێ و سەرلەنوێ ئەو پەیامە بە ڕووی جیهاندا دەدرێتەوە کە سستمی سەرمایەداری جیهانی و ڕژێمە ستەمکارە وابەستەکانی کە لە خزمەت خاوەنکار و بازرگانە مشەخۆرەکانن، و لە سەر قۆرخکاری و توندوتیژی بەرامبەر کرێکاران بەردەوامن، کێشەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چارەسەر ناکەن و ناتوانن گەشەپێدانێکی ڕاستەقینە کە ژیانی پڕ کەرامەت بۆ چینی کرێکار و ڕەنجدەرانی بیرو بازو دابین بکەن.
ئەمساڵ بە هۆی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا کە بەرهەمی سیاسەتەکانی نیولیبرالزمە خۆپیشاندانە کرێکارییە گەورەکان شارەکانی جیهان ناهەژێنێت، بەڵام سەرجەم شێوازەکانی دیکەی تێکۆشان لۆکاڵی و نێونەتەوەیی، و یەکێک لەوانەش هەڵوێستی هاوبەشی پارتە کۆمۆنیست و کرێکارییەکانی جیهان شێوازیکی دیکەی کاری نێونەتەوەیی هاوبەشە.
ئەوتا لە کاتێکدا پێشوازی لە ڕۆژی کرێکاران دەکەین، ووڵاتەکەمان و کۆی جیهان بە قەیرانێکی هەمەجۆری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستیدا تێپەڕ دەبێت، کە درێژەپێدەری قەیرانی سستمی سەرمایەدارییە، و کرێکاران و زەحمەتکێشان باجەکەی دەدەن و بێکاری و هەژاری بووەتە خەسڵەتی سەرەکی سستمی سەرمایەداری. سەرهەڵدانی قەیرانی تەندروستی ڕووی ڕاستەقینەی سیاسەتی ئابوری نیولیبرالی جیهانی و ووڵاتان و دەسەڵاتە پاشکۆکانی سەرمایەداری زیاتر ئاشکرا کرد، و ئەو ڕاستییەی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی سەلماند، کە سەرمایەداری کۆتایی مێژوو نییە و گەیشتن بە سۆشیالیستی و بەدیهاتنی یەکسانی و دادپەروەری بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ڕاستییەکە بە تێکۆشان دیتەدی.
ئەمڕۆ بارودۆخی کرێکارانی هەرێمی کوردستان، بە کۆمەڵێک کێشەگیروگرفتی یاسایی و پیشەیی و بوونی ڕەوشی هەژاری و بێکاری تێپەڕدەبێت کە لە دەرەنجامی گەندەڵی و سیاسەتی ئابوری چەندین ساڵەی دەسەڵاتەوە سەری هەڵداوە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نەک هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێکاران نەنراوە بەڵکو تادێ لە زیادبووندایە و شکستی فەرمانڕەوایەتی بۆتە هۆی ڕاوەستانی وەبەرهێنان و مایەپووچ بوونی چەندین کۆمپانیا و بێکار بوونی هەزاران کرێکار و لاوازی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە نێو کۆمەڵگا، و بەردەوامبوونی سیاسەتی ئابوری بەرخۆر، کە کۆمەڵگای کوردستانی کردووەتە کۆمەڵگایەکی بەرخۆر.
حزبمان بە بۆنەی یەکی ئایارەوە بانگەشەی حزبە چەپ و کرێکاری و پێشکەوتنخوازەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان ورێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات کە پەرە بە شێوازەکانی کاری هاوبەش بدەن لە پێناوی پاڵپشتیی بزووتنەوەی کرێکاران، و بەگژ دا چوونی گەندەڵی و قۆرخکاری بازاڕ و بێکاری و چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە.
لە یەکی ئایار ئەمساڵدا حزبمان وەک ئاراستەی سیاسی خۆی بۆ داکۆکیکردن لە چینی کرێکار و تەواوی زەحمەتکێشانی کوردستان لە گوتاری سیاسی و تێکۆشانی ڕۆژانەی خۆی جەخت لە سەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە کە ئەرکی دەسەڵاتێکی سیاسییە بە تەنگ داهاتووی خەڵکی کوردستان و ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و ڕەنجدەرانی بیروبازووە، بێت، و بەهانای خەڵکی هەژار و کەمدەرامەتەوە بچێت، کە بەهۆی قەیرانەکانەوە ڕووبەڕووی بێکاری بوونەو هیچ داهاتێکیان نییە و.
1- کۆتایهاتن بە سیاسەتی ئابوری بەرخۆر، و یاسای وەبەرهێنان بە جۆرێک هەموار بکرێتەوە کە لە بەرژەوەندی گەشەپێدان و ڕاگرتنی دەسکەوەتە بێسنوورەکانی سەرمایەداران، و دۆزینەوەی هەلی کاری نیشتمانی بێت.
2- دەرکردنی یاسایەکی نوێی کار بە پێی یاساو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، کە مافی کارکردن و بیمەی کۆمەڵایەتی و یەکسانی کرێ و خانەنشینی و فرەسەندیکایی مسۆگەر بکات.
3- پێداویستییەکانی سەلامەتی کار لە شوێنی کار بۆ کرێکاران دەستەبەر بکرێت.
4- کردنەوەی بنکەی تەندروستی تایبەت بە کرێکاران لە ناوچە پیشەسازییەکان و کۆمپانیاکاندا.
5- بەرزکردنەوەی لایەنی کەمی کرێ و کرێ کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بژێویدا بگونجێت.
6- بەرزکردنەوەی توانای پیشەیی کرێکاران لە ڕێگای خولی ڕاهێنان و ناردنیان بۆ وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی.
7- کردنەوەی ناوەندی ڕۆشنبیری بۆ کرێکاران و گرنگیدان بە تواناکانیان.
8- هەڵبژاردنی ئازادانەی سەندیکا کرێکارییەکان وبەشداری پێکردنیان لە لیژنەکانی کارگەو پرۆژە بەرهەمهێنەکاندا.
9- کاراکردنی ڕۆڵی دادگای کارو بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی کرێکاران.
10- قەرەبۆکردنەوەی ئەو کرێکارانەی بەهۆی قەیرانی تەندروستی کۆرۆنا کارەکانیان لەدەستداوە.
11- ئاشکرا کردنی پارەی سندوقی خانەنشینی کرێکاران و خەرجکردن و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی کرێکاران.
بژی بەرخۆدانی نێونەتەوەیی لە ژێر دروشمی کرێکاران و چەوساوانی جیهان یەکگرن.
مەکتەبی سیاسی
حزبی شیوعی کوردستان
01-05-2020