لە یادی کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا
83 ساڵ لەمەوبەر لە دێرسیم خەڵکی کورد کۆمەڵکوژ کران. کۆمەڵکوژییەکی جەرگبڕ و تاوانێکی وێرانکار بەرامبەر دێرسیم و دێرسیمەکان کرا. لە 4ی گوڵانی 1937 دا بە بڕیاری فەرمیی حکومەت و دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی سەربازی گەورە بە ئامانجی لەناوبردنی خەڵک کرایە سەر دێرسیم. دەوڵەت و حکومەتی تورک بە ڕق کینەی تۆڵەسەندنەوە لە زەوی و ئاسمانەوە پەلاماری دێرسیمیان دا. بە دەیان هەزار دێرسیمییان کوشت، دەیان هەزاریش دەربەدەر بوون و زۆریشیان لە ڕێدا فەوتان. کوشتوبڕێک، کۆمەڵکوژییەک بە بڕیاری فەرمی دەوڵەت و حکومەت و بە بەڵگەوە ئەنجامدرا. سەرەڕای کوشتوبڕ و دەربەدەرکردن و ماڵوێرانیی، یاسایەکی تایبەتیشیان دەرکرد و ناوی دێرسیمیان گۆڕی بۆ تونجەلی. دڵی کوردستان بەو کۆمەڵکوژیە داغان بوو، هەرگیز لە بیر نەکراو، نابێ هەرگیز لە بیریش بکرێت. ئەبێ کورد هەرگیز بکەری ئەو تاوانە و تاوانەکەش لەیاد نەکەن. پێوستە لە هۆش و ویژدانی خۆیاندا هەڵیکۆڵن، بۆئەوەی بۆ هەمیشە نەسڕێتەوە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هەموو هێزی خۆی ئەو جینۆسایدە ئیدانە و شەرمەزار ئەکات کە لە 4ی گوڵاندا و پێش 83 ساڵ بەسەر خەڵکی ئێمەدا لە دێرسیم هات. بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەتی خوێنرێژ هەرچیەک بڵێن، سیاسەتی گشتی هەر ئەنجامێک بدا بە دەستەوە، هیچ لەو پرسە ناگۆڕێ. ئەو دڕندایەتییەی بەرامبەر خەڵکی ئێمە کرا، لاپەڕەیەکی ڕەشی ترە لە مێژووی خوێناویی دەوڵەت و حکومەتی تورکیادا. پێویستە خەڵکی ئێمە بە ڕێبەرو پێشەنگ و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە، لە هەموو یادێکی ئەو ڕۆژە خەمناک و دڵتەزێنەدا، یادەوەریی خۆیان ڕوون و گەش ڕاگرن و بۆ بەدواداچوون و حساب خواستن لەو دوژمنانەی ئەو کارەساتەیان ئەنجامدا، سست و لاواز نەبن.
پێویستە ڕۆژی 4ی گوڵان وەک ڕۆژی کۆمەڵکوژیی دێرسیم بناسرێت.
پێویستە دەوڵەتی تورکیا دان بە کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا بنێت و قەرەبووی هەموو زیانەکان بکاتەوە.
پێویستە گۆڕی سەید ڕەزاو هەموو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئەو کارەساتە ئاشکرا بکرێن.
#04-05-2020#