کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی #پژاک#، شەهیدانی مانگی گوڵان (شەهیدانی؛ داڵاهۆ، #جوانڕۆ#، کەلەڕەش، زیندان و شەهیدانی ڕاگەیاندن)ی بەبیرهێناوەتەوە و ڕایگەیاندووە، بەڵین دەدەین مانگی گوڵان بکەینە هەوێنی ئازادی گەلەکەمان.
ئەمڕۆ کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، بۆ بیرهێنانەوەی شەهیدنی مانگی گوڵان، ڕاگەیندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و داوایکردووە، گەل بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە خاوەنداری لە ڕێبازی شەهیدان بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:بێگومان بۆ گەلێک کە خەبات و ژیانی وەها تێکەڵاوە کە ناکرێ لە یەکیان جیا بکەیتەوە، ژیان ڕەنگی تێکۆشانی گرتووە و تێکۆشان ڕێبازێکی ژیانە، لێرە لە چیاکانی زاگرۆس وەرزێک هەیە کە ڕەنگی لە هەموو وەرزەکانی ساڵ داوە و هەرگیز وەرزەکانی سروشت نەیانتوانیوە لە ڕەنگاڵەیی کەمبکەنەوە، تەنانەت هەموو درێژایی ساڵ و مێژووی نەخشاندووە، وەرزی تێکۆشان هاوتەریب و شانبە شانی هەموو وەرزەکان بەردەوام گوڵ ئەدا و هاژەی دێ و خوڕەی نەسرەوتنی لە گەروودایە، ئێمەی کورد بە تێکۆشان و بەرزی و نزمیدا دەزانین کە چ وەرزێکی ساڵە و چەندەمان ماوە بۆ بەهاری ئازادی، لێرە زەمان لە ناو تێکۆشاندا دەگەڕێ، خاک لێوە دەکات و چوزەرەی هیوا دەڕوێت، لە هەموو کات و ساتدا چرۆ دەکات، گەلاوێژ لە ئاسۆی خەباتدا هەڵدێ و کۆچ هەر بەرەو تێکۆشانە و ڕێگای بەرخۆدان لە ڕێبەندان دا دەکرێتەوە، بەڵام تاجی پڕشکۆی خۆڕاگری هەر چوار وەرزی ساڵمان کە هەوێنی بزووتنی زەمانە و بژوێنی ڕەنگینی کۆڵنەدانە، مانگی بە شلێرە خەمڵاوی گوڵانە.
هەروەها هاتووە:مانگی گوڵان تەوژم و تینی هەستان و توانستی ڕاپەڕین و بەڵێندانە، لەگەڵ هەر چرکەساتێکی ئەو مانگە کە وەک دڵۆپێکی زەمان، ڕووباری خرۆشانی ژیان لە کوردستاندا وەدیدەهێنن، بۆیە ئێمەش لەو مانگەدا پڕ دەبین لە ورەی خەبات و جارێکیتر لە ڕۆحی ئەو مانگە ساڕێژ دەبین، سات بە سات لە هەنگاوی یەکەمی شەهید حەقی قەرارەوە وەڕێ دەکەوین و لە کەسایەتی شەهیدانی داڵاهۆ (شەهید حەکیم و شەهید نووپەلدا)، جوانرۆ (شەهید ئاخین)، کەلەڕەش (شەهید نالین و باوەڕ)، زیندان (شیرین، فەرزاد، فەرهاد و #سۆران#)، ڕاگەیاندنی پژاک (شەهید وەدات)، هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان بە ڕێزەوە وەبیر دەهێنینەوە، سەری ڕێز و نەوازش لە بەرانبەریان دادەنەوێنین و بەڵین دەدەین کە مانگی گوڵان بکەینە هەوێنی ئازادی گەلەکەمان، لە هەمان کاتدا داوا دەکەین کە گەلەکەمان بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتی خاوەنداری لە ڕێبازی شەهیدان بکەن و فەرهەنگی خۆڕاگری ئەو مانگە بکەن بە وانەی پەروەردەیی، پارێزوانی لە نرخەکانی نەتەوەکەمان بکەن بە ئەرکی هەمیشەیی و یارمەتیدەری دایکی شەهیدان و بنەماڵەی سەربەرزیان بن لە بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یاد و ئاواتەکانیاندا.[1]
#04-05-2020#