دەقی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان:
لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان چەند پەرلەمانتارێک لە ئەنجامی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەریان، لابردنی پارێزبەندی لەسەریان دەخرێتە دەنگدان.
ئەم پرسە هیچ قابیلی هاتوهاوار و شپرزە بوون نییە، بەدیاریکراوی پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی #سۆران عومەر# لەسەر داوای بەڕێز سەرۆک وەزیران کاک #مەسرور بارزانی# دەبێت بچێتە بەردەم دادگا، ئەوەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەیکات چەسپاندنی یاسایە و ڕێگایەکی شارستانیانەیە، کە ئەگەر بژمێردرێت لەوانەیە سەدهەمین جار بێت ئەو پەرلەمانتارە تەشهیر و ناوزڕاندن پیشەی بووە و زۆربەی جار چاوپۆشی لێکراوە و پێشتر داوایەکی هەر لە دادگا بەرامبەر بەڕێز سەرۆک وەزیران دۆڕاندووە و دەبوو 110 ملیۆن دینار قەرەبوو بدات، بەڵام تەنها 250 دیناری لێوەرگیرا.
ئەوانەی ئاین بەکار دەهێنن بۆ سیاسەت، بوختان و تەشهیر کار و پیشەیانە خۆ دەبێت جارێک کەسێک پێیان بڵێت ئەم ڕیاکارییە ڕابگرە، نیگەرانبوون بە چوونە بەردەم یاسا دوو ڕووییە لە بەرامبەر ئاین و دووفاقییە لە داواکردنی دادگەریی.
خەڵک دەبێت بزانن ئەم نموونانە چەندین ساڵە بوختان دەکەن و گوێی خەڵکییان پڕ کردووە لە قسەی ناڕاست ئێستاش پەلەقاژێ و ترس لە دادگا نیشانەی پرسیارە، چوونکە مرۆڤ گەر ڕاستگۆ بێت باکی چییە بەوەی بچێتە بەردەم دادگا، بەڕێز سەرۆک وەزیران شارستانیانەترین ڕێگای گرتووەتە بەر وەک هەر هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە، کە مافی خۆیەتی ڕێگری بکات لە بوختان و ناوزڕاندن بەرامبەری.
هەموو پەرلەمانتارێک ئەرکی ئەوەیە لە خزمەت خەڵکی کوردستاندا ڕۆڵی خێر و چاکە بگێڕێت و لەو ناڕەحەتییانەی کە دێنە پێش بۆ میللەتەکەمان پاڵپشتی خەڵک بن نەک خەریکی پرتە و بۆڵەی لابەلا و بوختان و ئاژەوەگێڕی.
فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان
#04-05-2020#