بەڕێز!
وا بڵاودەکرێتەوە گوایە، جەنابت دوای لابردنی پارێزبەندی لەسەر بەڕێز (#سۆران عومەر#) بیدەنە دادگا. پێمخۆشە، بەم نامە ئاواڵەیە، کە یەکەمین نامەشمە لەژیانمدا بۆ جەنابتی بنوسم، داوا بکەم، تکایە، با حکومەت و کابینەکەتان، کاری وا نەکەن. ئەم کارە، دەبێتە پێشینەیەکی ناشایستە بۆ سەرۆک وەزیران و حکومەت، بەرامبەر بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران!
بەڕێز!
بەندە، نە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیەوەو نە لە ڕووی سیاسیەوە بەڕێز (سۆران)م قبوڵ نەبوەو نییە. بەڵام لە دوائاکامدا، ناوبراو پەرلەمانتارەو متمانەی بەشێکی دەنگدەری وەرگرتووە. ئەگەر، جەنابت و حکومەت، یان هەر کاربەدەستێکی تر، ڕەخنەکانی بەڕێز سۆران بە تومەت دەزانن، تەواو مافی خۆتانە، لە دادگادا شکاتی لێبکەن. دادگا چی بڕیار دەدات، ئەوکاتە با پەرلەمان بڕیاری خۆی بدات.
دیسان تکام وایە، بڕیاری لابردنی پارێزبەندی لەسەر کاکە سۆران واز لێبهێنن. چونکە دڵنیام، ڕەنگدانەوەی خراپی لێدەکەوێتەوە.
بەڕێزتان، دوا هەوڵی خۆتان بخەنەکار، کێشەی موچەو بودجە چارەسەر بکرێ.. شەفافیەت زیاتر بکرێ.. دژایەتی گەندەڵی بکرێ، لە #زاخۆ#وە بۆ #خانەقین#.. دزینی نەوتی قاچاخ ڕابگرن.. ئەم هەنگاوانە، باشترین وەڵامی هەر ڕەخنە یان تومەتێکە بۆ جەنابت، یان کابینەکەتان هەڵببەسترێ.
بەهیوام، بەندەو هەموو ئەوانەی داوایان کردووە، پارێزبەندی لەسەر کاکە سۆران لانەبرێ، بێ هیوا نەکەیت.
لەگەڵ ڕێزو پەرۆشیم بۆ چارەسەرکردنی تێکڕای کێشەکان.
#مەلا بەختیار#
4/5/2020
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!