بەداخەوە لە 7ی ئایاردا ڕۆژێکی تری ڕەش لە مێژوی پەرلەمان تۆمارکرا، یاخود دەتوانین بڵێین جارێکی دیکە کودەتا بەسەر پەرلەمان و پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا کرا.
جێگەی داخە دەبو ئێستا پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵ بوایە بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دروستیان کردوەو بەهۆیەوە بار و گوزەرانی خەڵکیان بەتەواوەتی لە زۆر لایەنەوە تێکداوە، کەچی لە جێگەی ئەوە پارێزبەندی (حصانە) لە #سۆران عومەر# پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی دەسەنرێتەوە.
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی وێڕای ئیدانەکردنی ئەو بڕیارەی پەرلەمان پێمانوایە هۆکاری لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە بەڕێزیان تەنهاو تەنها هەڵوێستەکانێتی، لەهەمانکاتدا سەربەخۆ نەبونی دادگاکانمان بۆ دەردەخات و هەروەها ئەم کارە تەنها بە هێرشێک نابینین بۆ سەر سۆران عومەر بەڵکو وەک تەڤگەری ئازادی ئەم کارە بە لێدان لە دیموکراسی و دەسپێکی قۆناغێکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان دەبینین، لەبەرامبەر بەو عەقڵیەتەشدا پێشنیاری دروستکردنی بەرەیەکی فراوانی ئۆپۆزسیۆن دەکەین.
دەستەی هاوسەرۆکایەتی
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان
#08-05-2020#