جوتیارانی ئازیز سڵاوتان لێ بێت و تاعەت و ڕۆژوتان قبوڵ لە ئێستادا لە وەرزی پێگەیشتنی بەشێکی بەرهەمی ناوخۆیداین، گلەیەکانتان لەسەر نزمی نرخ مافێکی ڕەوای خۆتانە لە بەنده و وەزارەتەکەی خۆتان، ئەرکمانە گوێتان لێ بگرین و سەرنجەکانتان ڕەچاو بکەین و پارێزەرتان بین.
جوتیاران لە 2020/3/10، نوسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ لە #وەزارەتی دارایی# و ئابووری کردووە لیستی هەموو بەرهەمەکان کە قەدەغەن یا باجیان لەسەرە بۆمان ناردوون.
تایبەت بە کودی(کولەکە، کولەند) لە 15/4 تاوەکو 15/11 بۆ هەر کیلۆیەک 400 دینار باجمان لەسەر داناوە ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، ئەگەر پێویستی کرد باجی زیاتریش دەخەینە سەر.
کەرەنتینەکانمان لە دەروازەکان، فەرمانبەرانمان لە عەلوەکان و لیژنەکانی چاودێری بازاڕ ڕاسپاردوون وردتر و جدی تر چاودێری بەرهەمی قەدەغەکراو بکەن.
رۆژانە چاودێری نرخی سەوزە و میوە دەکەم، ئەمڕۆ شەممە پەیوەندیم بە سەرجەم عەلوەکان کردووە کە ئایا کودی هاوردە بوونی هەیە، دڵنیا بوومەوە کەتەنها کودی ناوخۆی بوونی هەیە.
هۆکاری نزمبوونەوەی نرخ دوو خاڵە، یەکەمیان خستنە بازاڕ زیاترە لە خواست، دووەمیان بەشێوەیەکی گشتی خواست لەسەر هەموو بەرهەمێک کەمی کردووە.
جوتیارانی ئازیز، لە ئێستادا بەرهەمی خوارو ناوەڕاستی عێراق پێگەیشتووە بۆیە هەرچەندە دەرگای بازاڕی ناوەڕاستی عێراق بۆ بەرهەمتان واڵایە، بەڵام بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ئەوان بازاڕەکانیان پێویستیان بە بەرهەمی ئێمە نیە.
کاری جدی دەکەین بۆ هەمەجۆرکردنی بەرهەم و دۆزینەوەی بازاڕ، لێرەشەوە داوا لە ئێوەی بەڕێز دەکەم بایەخ بە هەمەجۆرکردنی بەرهەم بدەن بۆ ئەوەی لەکاتی ساغکردنەوە زیانتان بەر نەکەوێت.
#09-05-2020#