بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ لە پێش مانگی ئاداری 2018 دروستکراون، بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019 جێگیرکراو تاپۆ دەکرێن، هەر خانووێکیش لەپێش ئەو ڕێکەوتە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکرابن، ڕێکارەکانی تاپۆکردن دەیانگرێتەوە و ئێستاش لیژنەی تایبەت پێکهێندراوە، هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوای زیادکردنی فەرمانبەر و تیمی ئەندازیاری و هونەری و یاسایی و ئیداری لە سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان کردووە، پەلە بکەن لە تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تاپۆکردنی ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون، ڕایدەگەیەنێت: بەپێی یاسای ژمارە 3ی جێگیرکراو و بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو خانووانەی لە پێش مانگی ئاداری 2018 بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون تاپۆ دەکرێن. دەشڵێ: پێشر یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2018 بۆ ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی دەرچووە و هەر خانووێکیش لە پێش ئەو ڕێکەوتە بەزێدەڕۆ دروستکرابێت، ئەو یاسایە دەیگرێتەوە بۆ تاپۆکردن.
دەربارەی دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاساکەش ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت: بە هۆی پشووی فەرمانگەکان و قەدەغەی هاتوچۆ و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵ، نەتواندرا ڕێکارەکانی ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێن، ئێستاش #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان دەرکردووە، بۆ ئەوەی یەکە ئیدارەییەکان دەستبکەن بە ڕێکارەکانی تاپۆکردنی ئەو خانووانە.
دەربارەی ڕێکارەکانی تاپۆکردنی ئەو خانووە زێدەڕۆییانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: کەسی زێدەڕۆکار داواکارییەک پێشکەشی یەکە ئیدارییەکەی دەکات و یەکەی ئیدارییش لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێناوە بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانی ئەو بابەتی تاپۆکردنە. هەروەها سەبارەت بە ڕێکارەکان لە شار و شارۆچکەکان، دەڵێ: خانووەکە لە ناو شارەکان نابێت لە 200 مەتر زیاتر بێت، لە قەزاکان 250 مەتر و ناحیەکانیش 300 مەتر زیاتر نەبن.
سەبارەت بە نرخی تاپۆکردنی ئەو خانووانە، ئاماژەی بەوە کرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئابووری و بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان لە پڕۆژە یاساکەدا نرخی زۆر ڕەمزی پێشنیاز کردووە، لە سەنتەری پارێزگاکان مەتری لە نێوان 15 تا 30 هەزار دینار و لە شارۆچکەکان مەتری 10 تا 15 هەزار دینار و لە ناحیەکانیش مەتری 5 تا 8 هەزار دینارە. سەبارەت بە کەسوکاری شەهیدانیش ئاماژەی بەوە کرد، بە حوکمی بڕگەکانی یاساکە کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان، ئەنفالکراون، کەمئەندامان ئەو حوکمە داراییە نایانگرێتەوە. هەروەها هەر زێدەڕۆییەک کرابێتە سەر زەوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستانیش تاپۆ ناکرێن.
دەربارەی تاپۆکردنی زەوی کارت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت: تاپۆکردنی زەوی کارت پڕۆسەیەکی بەردەوامە لە نێوان سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان و ئەوانەی لە پارێزگاکانن لەگەڵ فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی وەزارەتی داد، ئەو پڕۆسەیە ئەگەر هیچ گرفتێکی یاسایی نەبووبێت بەردەوام بووە و بەشی زۆری ئەو زەوییە کارتانە کراونەتە سەنەدی خانوو و ڕادەستی شارەوانییەکان کراونەتەوە، ئەوانیش ڕادەستی هاووڵاتیانیان کردووەتەوە، تەنیا وەک نموونە ئێستا لە شاری #هەولێر# 6 هەزار سەنەدی دیکە لەلایەن فەرمانگەی تاپۆوە ئامادە کراون، بە نووسراو و ڕێنماییش هەموو سەرۆکایەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی شارەوانییەکان ئاگادار کراونەتەوە، پەلە بکەن بۆ زیادکردنی فەرمانبەر و تیمی ئەندازیاری و هونەری و ئیداری و یاسایی بۆ ئەوەی پرۆسەکە خێراتر بێت.
راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
#11-05-2020#