هونەرمەندی دەنگخۆش و مۆسیقاژەن و ئاوازدانەری ناوداری کورد، یەکێ لە ڕابەرانی ئاینی یارسان-کاکەیی بوو دەیویست نوێخوازییەک لەم ئاینەدا بەدی بێنێت، لەسەر ئەوەش نەیاری زۆر بوو، ئه و پیاوە ڕیش درێژەی هونەرو عیرفانی پێکەوە گرێ دابوو شاگردو موردی زۆر و بێ ژمارەی هەبوو، کە بەدڵ هۆگری ئه و بوون و خۆشەویستییان بۆی هەبوو.
سەید خەلیل عالی نەژاد، سازی تەمبووری زیندووکردەوە، بەتەمەنێکی کەمەوە توانی ببێتە ناوێکی دیاری مۆسیقای عیرفانی و له هەموو ئێراندا ناسرا، کە هەر له و ڕێگایەش سەری لەسەردانا و مردنێکی تراژیدی بەنسیب بوو کە هەمووانی تاساند و بۆی بەداخ بوون. زۆر کەسیش کەس لە ئاشنایانی کوشتنەکەی بە پیلان دەزانن.
سەید خەلیل عالی نەژاد کێ یە؟
سەید خەلیل لە بنەماڵەیەکی کوردی کرماشان ساڵی 1958 له دایکبوو. بنەماڵەکەی لە پەیڕەوانی ئاینی یارسانی بوون کە لەفەرهەنگی ئاینی کوردستان ڕیشەیەکی کۆنی هەیە. سازی تەنبوریش لە ئاینی یارسانیدا پایەیە کی بڵند و پیرۆزی هەیه، وەک شتێکی موبارەک و موقەدەس سەیر دەکرێت.
پەیڕەوانی ئەهلی حەق لەکاتی کۆبوونەوەکانیاندا لە جەمخانە، کە مەڵبەندی ئاینییانە، شیعر و سرودگەلی یارسان (سەرئەنجام) بە ئاوازی تەموورەوە دەخوێننەوە و لە سەرەتای دەست پێکردنی هەر سرودخوێندنێکدا تەنبور یان تەموورەکە ماچ دەکەن و لە دوایشدا دووبارە ماچی دەکەنەوە و سەید خەلیلیش له و ژینگەیە پەروەردە بوو.
سەید خەلیل کاتێ دەستی دایە مۆسیقا خۆشبەخت بوو، چوونکە باوکیشی سەید شاهموراد عالی نەژاد ژەنیاری تەنبور بوو. هەر لەسەرەتاوە دایکیشی پشتیوان و هاندەری بوو، به پێشنیاری قەدەم خێری دایکی بوو کەچووە لای مامۆستایانی ئه و ڕۆژگاره و دەرسی سازی تەنبوری خوێند. لەناو خێزانێکی ئاوهادا بۆ کەسێکی وەک خەلیلی عالی نەژاد زەمینە لەبار دەبێت، تا بە ئاڕاستەی هونەر پەروەردە ببێ.
پاشان بەهۆی بەتوانایی لەژەنینی تەمبوور بووەتە سەرپەرشتی گروپی تەمبوور نەوازانی سەحنە لەکرماشان. هەر له و زەمەنەدا بەشی هونەر لەزانکۆی تاران دەخوێنێ و بەسەرکەوتوویی تەواوی دەکات. لە بەشی مۆسیقا ماستەری بە دەست هێنا و بەمشێوەیە بووە موزیکژەنێکی ئەکادیمی، کتێبێکیشی بە زمانی فارسی دەربارەی مێژووی تەنبور لە چاپ داو کتێبەکەشی ناونا (تەمبور لەکۆنەوە تا ئەمڕۆ- تنبور از دیر باز تا اکنون).
سەید خەلیل بە شوێن کاری ترەوە نەبوو، 24 سەعاتە خەریکی مۆسیقا و عیرفان بوو، بە تەواوی خۆی تەرخانکردبوو بۆ هونەر و فەلسەفەی ئاینی یارسانی (کاکەیی). جگە لەوەی تەمبورژەنێکی لێهاتوو بوو و توانای هونەرمەندانەی خۆی له و سازە نیشانداوە، سازە مۆسیقییەکانی وەک دەف، نەی و تار و سێتار بەباشی دەژەند. هەروەها خۆشنووس بوو، شیعریشی دەنوسی نازناوی بێ قەرار بوو. موزیکناسەکان لە تەمبور ژەنیندا پەنجەی مامۆستایی بۆ درێژدەکەن. شاهێدی ئەوەی بۆدەدەن زۆر بەجوانی و وەستایانە دەیژەنی.
رەدیف و ئاوازی مۆسیقای ئێرانی بەباشی شارەزا بوو. ناوێکی دیاری مۆسیقای عیرفانی و سونەتی ئێرانی و کوردی بوو. ئاشنای زۆرێک لەهونەرمەندە دیارەکانی کورد و مۆسیقای ئێرانی وەک (شەجەریان و کەیهان کەلهور و شەهرام نازری و مەزهەری خالقی و زۆری تر بوو.
لەسەرەتای دامەزراندنی گروپی مۆسیقای (تەنبور شەمس) بە سەرپەرشتی هونەرمەندی ناودار کەیخوسره و پورنازری، عالی نەژاد وەک موزیکژەنێکی دیاری گروپەکە دەورێکی باڵای هەبوو.
یەکێ لە هەوەڵین کەسانی کە سەید خەلیل کاری مۆسیقای لەگەڵ تۆمارکردووە شەهرامی نازرییە. بەرهەمی هاوکاری لەگەڵ گروپی تەنبوری شەمس بە تاکنەوازی تاکژەنی تەمبوور بەشداری کردووە لە ئەلبومی (صدای سخن عشق). دواتر سەید خەلیل خۆی گروپی (بابا تاهیر)ی دامەزراند و ئەندامانی گروپی باباتاهیر لە دانیشتنە هونەریەکانی دینی دا ئاهەنگیان ئەنجام دەدا.
دووبارە تەمبووری زیندووکردەوه
تەمبور سازێکی موزیکی کۆنی کوردە و هەزاران ساڵە کورد تەمبور ژەنن، یارسانەکان زۆر پەیوەست و هۆگری ئەم سازەن بەڵام تا پێش سەید خەلیل عالی نەژاد ئه و ئامێرە تەنها لە کونجی خانەقا و جەمخانەکانی یارسانەکان دەژەندرا، لەنێو گروپی مۆسیقادا نەبوو، ئەوە سەید خەلیل عالی نەژاد بوو سەرەڕای ئه و ناڕەزاییانەی هاتە بەردەمی و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە، توانی تەمبوور بێنێتە ناو گروپەکانی مۆسیقاوە و جارێکی تر زیندووی کردەوە کە خەریکبوو بیربچێتەوە.
لەناو موزیکژەنەکانی ئێران-دا باوە دەڵێن، تەمبوور خەریک بوو ناوی لەناواندا نەمێنێ و بازاڕی هونەریی کزبێ و کەسێک نەبێ ئاوڕی لێبداتەوە، ئەوە سەید خەلیل عالی نەژاد بوو کە ڕەونەقی بۆ ئه و سازە گەڕاندەوە، کارێکی وایکرد کە تەمبوور ڕۆڵە مێژووییەکەی بەدەست بێنێتەوە و ببێتەوە گوڵی مەجلیسی تیپەکانی مۆسیقا. یەکێ له و کارانەی پێی هەستا بە کۆکردنەوەی ئه و میلۆدی و مەقام و ئاوازە کوردییانەی کە لەناو کاکەییەکاندا هەیە، زۆربەی بەشێوەی نۆتەی موزیک نوسییەوه و بەشێک لەئاواز و میلۆدی ڕەسەنی کوردی لەفەوتان پاراست.
باشترین سەرچاوەش لەبارەی مێژووی سازی تەمبورەوە نوسراوبێ کتێبەکەی ئەوە کە لە بنەڕەتدا نامەی ماستەرەکەیەتی. جگە لەوەش دەیان و سەدان خوێندکاری پێگەیاند، چەند گروپێکی مۆسیقای وەکو (شەمس و بابا تاهیر)ی دروستکرد. ڕۆژ بە ڕۆژ ناوبانگی زیاتر دەبوو، وای لێهاتبوو باسی تەمبور بکرایە یەکسەر ناوی سەید خەلیل بەبیر دەهات. ئەمەش لەدوای مردنەکەی ڕەنگی دایەوە، بەجۆرێک لەمەراسیمی مردنەکەی 300 تەمبوورژەن مۆسیقایان دەژەند کە هەموویان لای ئه و دەرسی موزیکیان خوێندبوو.
سەید خەلیل عالی نەژاد، چەندین ئاوازی داناوە و عەشق لای ئه و باڵاترین هونەر بوو، عەشقێکی عیرفانی کە ئیلهام بەخشی زۆربەی ئاوازەکانی بوو. لە چەند فیلمێکی ئێرانیدا موزیکی فیلمەکە هەر تەمبوری خۆیەتی و تاکنەوازی ئەیژەنێت. لەژەنینی تەمبووردا خاوەن تەکنیکی تایبەت بەخۆی بوو. هەر تەنیا تەمبورژەنێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو تەمبور سازیش بوو وەستایەکی دەستڕەنگین و کارزان بو لەدروستکردنی تەمبوور. داهێنەری سازێکی نوێی مۆسیقابوو بەناوی (تن تار)، کە دەنگی ئه و سازە لەنێوان سێتار و تەمبوور دایە. خاوەنی چەندین ئەلبومی گۆرانی و مۆسیقایە. بە سۆزی دڵ و بێ ڕیا مۆسیقای دەژەند. ئه و باوەڕی وابوو زەمانێک کە هونەر بۆ عەشق بەخودا نەبێ، ئەوە لەهونەر دەرچووە بووەتە پیشە و پارە پەیداکردن. ئه و هیچ کاتێ بەخاتری نەوازندەیی و ئاهەنگ و ژەنینی تەمبور پارەی وەرنەدەگرت.
مەرگی گوماناوی سەید خەلیل عالی نەژاد
یارسانەکان تاوانەکە دەدەنەپاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران
بەیانی ڕۆژی یەک شەممە 18ی نۆڤەمبەری 2001 خەلیلی عالی نەژاد مامۆستای بەناوبانگی مۆسیقا و پیری ئەهلی حەق، خەڵکی سەحنەی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری یوتۆبۆری سوید لە کاتێکدا کە بۆ گوتنەوەی دەرسی مۆسیقا بە قوتابیانی چوو بووە ناوەندی فێرکارانی سوید، لەلایەن کەسانێکەوە بەچەقۆ هێرشی کرایەسەر و کوژرا.
دواتریش لە ژوورێکی ئه و ناوەندە ئاگری تێبەردرا و سوتێنرا. زۆر کەس لە ئاشنایانی ئه و دڵنیان لەوەی کوشتنەکەی بە پیلان بووە و دەستێکی شاراوەی لەپشت بووە. بەقسەی دراوسێکانی ئه و ڕۆژەی کوژرا سێ کەس میوانی بوون، دوو کەسیان لە ئەڵمانیاوە هاتبوو، سێیەمین کەسیش هاوکار و خزمەتکاری عالی نەژاد بوو لەسوید، ئەڵبەتە ئه و کەسە زۆربەی نزیکەکانی بەهۆکاری مەرگی عالی نەژادی دەزانن، هەرچەندە ئه و خۆی ئینکاری ئەوەی کردووە له و سەعاتە لەوێ بووبێ.
کوشتنی بەوشێوە دڕندانەیە بووە سەردرێری هەواڵی ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و میدیا و دەزگا ڕاگەیاندنەکان. پاش چەند ڕۆژێک پۆلیسی سوید تەرمە سوتاوەکەیان ئاشکرا کرد. بە 170 ڕۆژ پۆلیسی سوید لێکۆڵینەوەکانی له و تاوانە تەواوکرد، بەڵام بێئەنجام بوو، چوون ناوی بکوژەکانی یا ئه و دەستەی هۆکاری ئه و تیرۆرە بوون نەدرکاند و باسی لێوە نەکرد. دوای ئه و ماوە زۆرە ئینجا ئیجازەی دا بە گواستنەی جەنازەی سوتاوی ئه و بۆ ئێران.
ڕەخنەی ئەوە لە پۆلیسی سوید دەگیرێت، کە لەدۆسیەی کوشتنی هونەرمەندێکی ناوداری کوردی ئێران بێ لایەن نەبووە و زانیاری و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکرد و پاراستی، لە کاتێکدا هەموو ماڵەکانی سوید کامێرای چاودێرییان هەیە.
لەسەر هۆکاری کوشتنی خەلیلی عالی نەژاد دەنگۆی زۆر هەیە، بۆیە ئەنجومەنی یاری سان لەدەرەوەی وڵات لە ڕاگەیەنراوێکدا کوژرانی سەید خەلیلی بە تیرۆر دانا و تاوانەکەی دایە پاڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. هەرچەندە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا پەیامی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئێران خوێندرایەوە کە بۆ ڕێزلێنان لە خەلیلی عالی نەژاد پەیامی ناردبوو. ساڵانەش لەیادی کوشتنەکەیدا مەراسیمی بە شکۆ بەڕێوەدەچێ، هەرچەندە سازمانی ئەمنیەتی ئێران به و مەراسیمە گەورەیە خۆشحاڵ نین و فشار لەخانەوادەی سەید خەلیل دەکرێ چیتر ئه و یادە نەکەنەوە. ئەمەش هێندەی تر گومانەکان تۆختر دەکەنەوه و یارسەکان پێیان وایە کوشتنی ئه و کەسایەتیە دیارەی کورد، بەشێکە له و زنجیرە کوشتنەی دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەپشتەوەیە.
خۆی وەکو سەرکردە و ڕێبەرێکی ئاینی یارسان نیشان ئەدا
سەید خەلیل لێکۆڵینەوەی زۆر قوڵی کردووە لەسەر کتێبی ئاینی کاکەییەکان، بەناوی (کەلامی سەرەنجام). کتێبێکی دیکەی کۆکردبوەوە (خانە ئەڵماس)، خانە ئەڵماس یەکێکە لە پیرانی دیندارانی کاکەیی، سەید خەلیل هەموو بە خەتی خۆی نووسیوەتەوە.
ممەمەد کەمانگەر پەردەیەکی لەسەر لایەنێکی ژیانی سەید خەلیل لاداوە، نهێنییەکی ئاشکرا کردووە کاتێ دەڵێت:ئەوەی کە ڕوون وئاشکرایە بۆ هەموو کەس سەید خەلیل عالی نەژاد ئینسانێکی هونەرمەند بوو، بەڵام زۆرتر پێی خۆشبوو خۆی وەکو سەرکردە و ڕێبەرێکی ئاینی یارسان نیشان بدات. دیارە له و بوارەدا نەیدەتوانی زۆر پێشبکەوێت، پەیڕەوێکی وای نەبوو وەکو ڕێبەرێک خەڵک بکەونە شوێنی و پەیڕەوی لێبکەن. هەر بۆیە زۆر کەس له و بابەتە کە ئه و خۆی وەک سەرکردە و ڕێبەرێکی ئاینی یارسان پیشان ئەدا، ناڕازی بوون، بەتایبەت سەرۆکەکانی ئه و ئاینە.
بەڵام سەید خەلیل ئینسانێکی دیندار بوو باوەڕی بە ئاینی خۆی بوو، بەڵام به و چەشنەی هەر لەکۆنەوە ئه و ئایینە هاتووە ئه و لەگەڵ ئەوە هاودەنگ نەبوو، دەیو یست بە چەشنێک نوێخوازییەک لەم ئاینەدا بەدی بێنێت، لەسەر ئەوەش نەیار و موخالفی زۆر بوو. دیسانەوە ئیتر ئەوەی چۆن کوژراوە خەڵک قسەی جۆربەجۆر دەکەن، کەس نازانێ هۆی چی بووە.
بۆنی مەرگی خۆی کردبوو! گەردنی بکوژەکانی ئازادکرد
سەید خەلیل وەک ئەوەی پێشتر زانیبێتی بەوەی دەکوژرێت، یاخود دڵی خەبەری دابێ کە مەگی نزیکە و پیلانێک لەئارادیە بۆ کوشتنی، بۆیە نامەیەکی بەجێ هێشتووە کە دوای ڕووداوەکە ئاشکرابوو، کە له و نامەیەدا بە بەدەستخەتی خۆی نوسیوە، تیایدا وەسێتی کردووە بکوژەکەی قاتلەکەی لێی خۆشبن. ئه و بکوژانەی کەوا جەستەی سەید خەلیل یان بە چەقۆ پارچە پارچە کردبوو، دوایش سوتاندوبوویان.
مەرگی سەید خەلیل بۆ بنەماڵەکەی زۆر سەخت بوو چوون ئه و تەنها کوڕیان و تاقانەی ئه و ماڵەبوو. کاتێ به و شێوە کوشتیان تەمەنی 44 ساڵ بوو. وەک دەڵێن ئەوکاتەی به و شێوە کوژرا 121 ڕۆژبوو کە بەڕۆژوو بوو.
سەید خەلیل خۆی وەسیەتی کردبوو ئەگەر مرد بیبەنەوە ئەوێ بینێژن. خەڵکی بەجۆرێک پێشوازیان لە تەرمەکەی کرد کە لەمێژووی ناوچەکە شتی وای بەخۆوە نەدیوە، پێشینەی نەبووە. پاشان لە ڕێورەسمێکدا تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ ئێران و لەزێدی خۆی لەشاری کرماشان و لە تەنیشت گۆڕی باوکی بەخاک سپێردرا.
کەسایەتی
روخسارێکی عارفانەی هەبوو، جوانییەک لەروخساریدا بەدیدەکرا. کە هێندەی تر خۆشەویستی کردبوو. مرۆڤێکی ڕاستگۆ بوو، متەواز و خاکی بوو، ڕەفتارو گوفتاری یەک بوو، بەرامبەر بە خەڵکی فەخری نەدەکرد. ئارەزووی زۆری لە وەرزش هەبوو، بەتایبەت خۆی یاریزانی کاراتیبوو. هاوکات جگە لە بەهرە و توانای دەنگخۆشی، هونەرمەندێکی خۆشنوس یش بوو.
سەرچاوە:
1 بەرنامەی زایەڵە، ڕادیۆی کوردی سوید، تایبەت بە مەرگی گوماناوی سەید خەلیل عالی نەژاد
2- مێژووی مۆسیقای کوردی: محەمەد حەمە باقی
3- ئومێد نەجم
[1]