- جەماوەری وڵاتپارێزو خۆڕاگری کوردستان...
- کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان...
مایەی نیگەرانی هەموو لایەکمانە کەوا ماوەیەکە گرژی کەوتۆتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، ناوەندی سیاسیی کوردستان لێکترازاوو پەرش و بڵاوبووە، لەڕاستیدا دەکرێت هەموو ئەو گرژی و گرفتانەی کە هەن، بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن؛ بەبێ پەنابردنە بەر هێرشکردن بۆ سەر یەکدی چارەسەر بکرێن، سەردەم سەردەمی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە، بارودۆخی کوردستانیش بارودۆخێکی زۆر هەستیار و ناسکە، لە لایەک گەمارۆی وڵاتانی دەوروبەرمان لەسەرە، لە لایەکی دیکەوە قەیرانی ئابووری و ناعەدالەتی و کۆمەڵێ قەیرانی دیکەی ناوخۆییمان وایکردووە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان ئاڵۆز و زەحمەت بێت، لەهەمان کاتدا تیرۆریستانی #داعش# خۆیان ڕێکخستۆتەوەو ڕۆژانە هەڕەشە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان دەکەن و فرسەت دێنن هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوچانە، هەروەها بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک کارەساتێکی مرۆیی ڕووبەڕووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی بۆتەوە، سەرەڕای ئەمانە وەک بۆ هەموو لایەکمان ڕوونە تا ئێستاش کێشەکانی نێوان کوردستان و عێراق چارەسەرنەکراون، بۆیە ناکرێت لە ڕەوشێکی وادا کێشە و قەیرانی دیکە دروستبکرێت، ئەم ڕەوشەی ئێستای کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر یەکڕیزی و یەکدەنگی و بەیەکەوە کارکردنمان لێدەخوازێت، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دیالۆگ و لەوێوە چارەسەری کێشەکانیان بکەن، و ناوەندی سیاسیی کوردستان ڕێک و یەکبخەنەوە، نەک لە ڕاگەیاندنەوە پەنا بۆ بێڕێزیکردن بە یەکدی ببەن، هەڵمەتی ڕاگەیاندن پێویستە لە خزمەتی بارودۆخی ئێستای کوردستاندا بێت، نەک بۆ بێڕێزیکردن و ناوزڕاندنی یەکدی، داوا دەکەین هەرچی زووە ئەو هەڵمەتی ڕاگەیاندنەی کە هەیە ڕابگیرێت و بخرێتە خزمەت چۆنییەتی قوڵکردنەوەی گیانی برایەتی و بەیەکەوە کارکردن.
پێویستە هەموو لایەکمان خەمێکی جدی لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان بخۆین و نەخشە ڕێگایەکی کوردستانییانە بۆ چۆنییەتی دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژین و کاری لەسەر بکەین، با خەمی هەموو لایەکمان خەکی خاک و خەڵک بێت نەک خەمی دەسەڵات و گیرفان.
گەلی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا و تا ئێستاش زەحمەتییەکی زۆری کێشاوە و قوربانییەکی زۆری داوە، بە هەزاران لە ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان لەپێناو خاک و خەڵکی کوردستان گیانی خۆیان بەخشیوە، ئەو زەحمەتی و قوربانییانە بۆ ئەوەی نەبووە، لایەنە سیاسییەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان پشت لەو گەلە وڵاتپارێزە بکەن و ڕووبەڕووی ئەو هەموو قەیران و زەحمەتییانەی بکەنەوە، گەلی کوردستان بە تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانەوە شایانی ڕێزگرتن و خزمەتکردنی زیاترە، لەسەر هەموو لایەکمانە بەو ئاراستەیە کاربکەین و خزمەتی زیاتری گەلەکەمان بکەین، بۆ ئەوەی گیانی شەهیدان و ویژدانی خۆمان ئاسوودە بکەین.
- نەمری و سەربەرزی بۆ تەواوی شەهیدانی ڕێی سەرخۆبوون و ئازادی کوردستان.
- سڵاو لە گەلی وڵاتپارێزو خۆڕاگری کوردستان.
غەفوور #مەخموور#ی
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
#15-05-2020#