راگەیەندراوێک لە ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە
ئەمڕۆ لە شاری دهۆک، ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەر، وەک مافێکی سەرەتایی بۆ داواکردنی موچەو لابردنی پاشکەوت گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان لە پارکی ئازادی ڕێکخست.
ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەرییە، هاوکاتە لەگەڵ قەیران و کاریگەرییەکانی نەخۆشی کۆرۆنا، کە جێکەوتی قوڵی لەسەر ئاستی جیهان دروستکردوەو کاریگەری نەرێنیشی لەسەر ژیانی خەڵک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردوە.
لەم دۆخەدا، موچەخۆران بێ موچەو، ژیانی ئاسایی و کارو کەسابەت و بژێوی ژیانی خەڵک زۆر خراپە. ئەرکی حکومەت و دامەزراوە ئەمنیەکانە لەچوارچێوەی یاسا و ڕێکارە تەندروستەکان مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازیی بکەن.
دەستگیرکردنی ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەرو ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنی لە شاری دهۆک، نەک میکانیزمێکی شیاو نیە بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریەکانی خەڵک، بەڵکو کاردانەوەیەکی خراپە لەگەڵ دۆخێکی خراپ و خزمەت بە هەلومەرجە بابەتیەکان ناکات.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، وەک بڕوابون بە ئازادی و ئازادیە گشتیەکان، پشتیوانی لە هەمو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەک دەکەین لەچوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان. دواکاریشین جگە لە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان، کاردانەوەی هێزە ئەمنیەکان گونجاو بێت لەگەڵ ئەو خەڵکەی داوای ژیانێکی شیاوترو موچەو قوتی خۆیان دەکەن.
ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان
#16-05-2020#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!