ئەمڕۆ دوشەممە ڕێکەوتی (18/5/2020) بەسەرپەرشتی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبونەوەی ژمارە (7)ی ئەنجومەنی وەزارەت بە ئامادەبونی بریکاری وەزارەت و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن بەڕێوەچو.
لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ ڕەوشی ئێستای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو ڕێککارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی بۆ ڕێگریگریکردن لە بڵاوبونەوەی پەتاکە خستەڕو، بۆ ئەمەش سوپاسی هەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی کرد بۆ ڕێککارەکان و دەستخۆشیشی لە زانکۆ و دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد بۆ هەوڵ و کارەکانیان و پاڵپشتی دامودەزگاکانی تری تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا.
لە تەوەری یەکەمی بەرنامەی کاری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت، پرسی پلانی وەرگرتنی ساڵی خوێندنی (2020-2021) و لێکەوتەکانی و ژمارەی دەرچوانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و بژاردەو ئەگەرەکانی بەردەم وەزارەت و زانکۆکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون، لە ڕاپۆرتێکدا بە داتاو ئامار وردەکاری پلانی وەرگرتن و توانای زانکۆکانی بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) خستەڕو، بە پێی ئاماژە سەرەتاییەکان پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی خوێندنی (2020-2021) زیاتر لە (90,000) دەرچوی ئامادەیی داواکاری بۆ زانکۆکانی کوردستان پیشکەش بکەن، کە ئەم ژمارەیەش لە سەروی توانای وەرگرتنی زانکۆکانە هەر بۆیە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری دا بە مەبەستی بەرچاوڕونی ڕاپۆرتێکی وردو زانستی دەربارەی کێشەو ئاڵنگارییەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات، بەتایبەت ئەنجومەنی وەزارەت جەختی کردەوە کە بەبێ دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان ئەستەمە بتوانین ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیان و خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم جێگا بکەینەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزارەت لە ژێر ڕۆشنای دوا ئامار و تەشەنەکردنی پەتای کۆڤید -19 تاوتوێی پرسی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی (2019-2020)ی کردو لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا سەرجەم زانکۆ (حکومی و تایبەتەکان) بەپێی تایبەتمەندیان ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم بە مەرجێک لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا تاقیکردنەوەکان تەواو بکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا پرسی پێشکەشکارانی خوێندنی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) بە وردی تاوتوێ کراو بە لەبەرچاوگرتنی توانای زانکۆکان و پاراستنی کواڵیتی پرۆسەی خوێندن، ئەنجومەنی وەزارەت ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەندکرد:
ا. پڕکردنەوەی سەرجەم کورسیە بەتاڵەکانی خوێندنی دبلۆمی باڵا.
ب. چارەسەرکردنی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی دەرچون و بەهۆی کەمی یان نەبونی کورسییەوە وەرنەگیرابوون.
ج. لە چوارچێوەی داواکاری ئەو پێشکەشکارانەی کە لە تاقیکردنەوەی توانستی زانستی سەرکەوتوو نەبون، بڕیاردرا بە پڕکردنەوەی هەمو کورسییە بەتاڵەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ڕێگای میکانیزمی زانستی گونجاو و ڕەچاوکردنی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ پیشکەشکاران.
بۆ ئەم مەبەستەش ڕێنمایی پێویست لە چەند ڕۆژی داهاتودا دەردەکرێن و دەسەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ جێبەجێکردنی، هاوکات کۆبونەوە جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارانە لە دوای تەواوکردنی پرۆسەی پەڵپ و سکاڵاکان و پەسەندکردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی وەرگیراوان، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
#18-05-2020#