دەقی ڕاگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان:
لە هەندێ لە پەیجەکان، هەواڵێکی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی #وەزارەتی پەروەردە# بڵاو کراوەتە، کە گوایە پارەکەی لە مانگی دوو گەیشتووە و ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی کراوە.
ئەم هەواڵە بەمەبەستی چەواشەکاری و بە لاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی بڵاو کراوەتەوە. بانکی ناوەندیی عێراق - لقی #هەولێر# سەر بە حکومەتی فیدراڵە و تەنیا تایبەت نییه بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو ڕۆژانە مامەڵەی بانکی و نەختینەیی لەگەڵ بانکەکانی هەرێم و بانکە ئەهلییەکان هەیە. تەنانەت ئه و پارەیەی کە لە خەڵکیش بە قەرز وەرگیراوە، بە زۆری لە ڕێگەی ئه و بانکانەیە.
لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق هەروەها سەرپەرشتیی تەمویلکردنی پارەی بانکی ناوەندیی عێراق – لقی موسڵیش دەکات.
لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕۆژی 3ی ئایاری 2020 لە ڕوونکردنەوەیەکدا چوارچێوەی کار و ئەرکی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە.
تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مانگی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە نەنێردراوە. لەم کاتە هەستیارەدا، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە ئەولەوییەتی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دایە، بەڵام بەداخەوە، هەندێ سایت و پەیجی ناحەز و دڵرەش بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان و بۆ بەرژەوەندیی تەسکی کەسانێک، ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاو دەکەنەوە.
خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە هۆشیارترە کە کەسان و لایەنێک بتوانن بە موزایده کرد ن بە قووتی خەڵکەوه، بۆ بەرژەوەندی و ئامانجی سیاسیی خۆیان بەکاریان بێنن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
#18-05-2020#