بەپێی لێدوانی موشێ تەوەکولی کە یەکێکە لەکوردە جولەکە چالاکەکانی نیشتەجێی ئورشەلیم، #ئیسرائیل# 100 کوردی بەڕەچەڵەک جولەکەی تیایە، ئەو دەڵێت سەرباری ئەوەی زۆربەی گەنجەکانیشیان کوردی نازانن، بەڵام هێشتا هەر کوردستانیان خۆشدەوێت و دابونەریتی کوردانەی خۆیان لەبیر نەکردوە.
ساڵانە کوردەکانی ئیسرائیل لەرێورەسمێکدا جەژنی سەهرانە لەپارکی کەفار یۆنا لەباکوری شاری تەلئەبیب ساز دەکەن، کە جەژنێکی تایبەتە بەو کوردە جولەکانەی لەشارەکانی کوردستانەوە ڕوویان کردوەتە ئیسرائیل. ئەلیاهو غەریب کە 60 ساڵ لەمەوبەر (1960) لەشاری #سەقز# لەدایکبووە و لەم جەژنەدا بەشدارببو بەبی بی سی ڕاگەیاندوە کە ئەم جەژنە دەرفەتێکە بۆ بینینی دۆستان و ڕاخستنی سفرەی نان و کەباب و هەڵپەڕکێی کوردی.
ئەو دەڵێت کورد لەهەموو شارەکانی ئیسرائیلەوە بۆ ئەم جەژنە دێن و قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن، وەختی خۆی لەئێران یەکترمان دەناسی بەڵام ئێستا کەوتوینەتە ئەم کون و ئەو قوژبنەوە و مەگەر جەژنێکی وا پێکەوە کۆمان بکاتەوە.
سایتی بی بی سی ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی ئەو جولەکە کوردانەی لەئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کردووە، بە 20 تا 50 هەزار کەس دەخەمڵێندرێن و زۆربەشیان لەباکوری ئیسرائیل و شاری قودس و بەندەری ئەشدود نیشتەجێن.
هەروەها موشێ تەوەکولی کە یەکێکە لەکوردە جولەکەکان بە بەشی فارسی ڕادیۆی ئیسرائیلی ڕاگەیاندوە کە نزیکەی 100 هەزار کورد لەئیسرئیلدا نیشتەجێن، بەڵام هاوکاریی نێوانیان سست و لاوازە، ئەو دەڵێت زۆربەی هەرە زۆری گەنجەکان کوردییان لەبیرچووەتەوە و نایزانن.
موشێ ئاماژەی بەوەش کردوە کە وێڕای ئەوەش زۆربەی ئەو کوردانەی بەڕەچەڵەک جولەکەن و لەکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و دوای ئەوەدا ڕوویان لەم وڵاتە کردوە، هێشتا شانازی بەکورد بوونی خۆیانەوە دەکەن و کوردستانیشیان خۆشدەوێت و دابونەریتی کوردانەی خۆیان لەبیر نەکردوە. باسی لەوەش کرد کە ئێستا لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندییان بەکوردەوە هەیە بەتایبەتی کوردەکانی ئێران و عێراق.
جولەکە کوردەکانی ئیسرائیل، وەکو هەر نەتەوەکانی تری ئەو وڵاتە، دابونەریتی تایبەت بەخۆیان هەیە، لەکاتی هاتنیانەوە بۆ ئیسرائیل دوای کۆچە گەورەکەی ساڵی 1951، پەرت و بڵاو بوون لەوڵاتی ئیسرائیلدا و هەر یەکە و لەشوێنێک گیرساونەتەوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی مۆرکی کوردانەی خۆیان ڕێکخراوێکیان بەناوی ڕێکخراوی نیشتمانی جولەکەکانی کوردستان لەئیسرائیل دامەزراندوە، کە ئامانجێکیان زیندوو ڕاگرتنی زمانی کوردییە.
جولەکە کوردەکان، لەوەتەی هاتونەتە ئیسرائیلەوە داب و نەریتی خۆیان فەرامۆش نەکردووە، لەزۆربەی بۆنەو جەژنەکانی جولەکەدا، دەیانبینی هەر یەکەو لەسەر هەمان ئەو ڕیتمەی لەکوردستان لەسەری ڕاهاتبوون، هەڵسوکەوت دەکەن، ئەم پەیوەستە بوونە بەمۆرکی کوردانەوە زیاتر لەساڵانی دوای کۆچە گەورەکە بۆ ئیسرائیل لەنێو ئەواندا دەبینرا، هەربۆیە زۆرێک لەپیاوماقولان و لێپرسراوانی جولەکە کوردەکان لەئیسرائیل بریاریان دا ڕێکخراوێکی تایبەت بەخۆیان دامەزرێنن کە هەموویان لەژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە، ئەوە بوو لەساڵی 1971دا، 380 کەسایەتی ناودار کۆبوونەوەو لێژنەیەکیان پێکهێنا کە جولەکە کوردەکانی سەرتاسەری ئیسرائیلی لەخۆ گرتبوو، ئەوان پێکەوە لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەکۆمەڵگای (عۆزچیۆن) بە بەشداری سەرۆک وەزیرانی ئە وکات و وەزیرەکان و ئەندامانی کنێست و چەندین کەسایەتی ناوداری ئیسرائیل، بریاری دامەزراندنی (رێکخراوی نیشتمانی جولەکەکانی کوردستان لەئیسرائیل)یان ڕاگەیاند. سەرۆکایەتی ڕێخراوەکەش بە(حەبیب شەمعۆن) سپێردرا کە ساڵی 1994 کۆچی دوایی کرد، لەدوای ئەو (سیمان تۆڤ ئەبراهام) بووە سەرۆکی تاکو ساڵی 2009 دەستی لەکار کێشایەوە و پاشان (یودا بن یوسف) بووە سەرۆکی و ئێستا ئەو سەرپەرشتی ڕێخراوەکە دەکات.
رێکخراوی نیشتمانی جولەکەکانی کوردستان لەئیسرائیل لەپێناوی ئەم ئامانجانەدا دامەزراوە:
- یارمەتیدانی نەوەکانی جولەکە کوردەکان بۆ خوێندن، بۆ پەرەپێدان، پاراستنی دابونەریتی ئاینی، بایەخدان بەهۆنراوە و گۆرانی و هەڵپەڕکێ و چیرۆکی میللی بەزمانی کوردی.
- دامەزراندنی (ماڵی کۆمەڵگا - بێت کە نێست)، کە سەنتەرێکەو ساڵانە سمیناروچالاکی و کۆبوونەوەی تیادا دەکرێت.
- دەرکردنی گۆگارێک.
- بەخشینی پارە بەهەژار و نەداری کورد.
- دانانی سندوقی پاشەکەوت بۆ یارمەتیدانی نەوەکانی کورد بۆ خوێندن و خوێندنی باڵا و بەرەوپێشبردنیان.
- نوێکردنەوەی ئاهەنگی - سەهرانە - کە ساڵەهای ساڵ بوو لەکوردستان دەکرا.
بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر جولەکە کوردەکان پێویستە سەرنج لەچەند لایەنێکی ژیانی ئەوان بدرێت، کە هەم تێهەڵکێشە لەگەڵ نەریتی ڕابردووی ئەوان لەکوردستان و هەم لەگەڵ کۆمەڵگای بەرینی جولەکەکانی ئیسرائیل کە هەر یەکەو لەنێو وڵات و نەتەوەیەکی جیاوازەوە هاتون.
یەکێک لەو نەریتانەی جولەکە کوردەکان ژنهێنانە، لەکوردستان ژنهینان لەتەمەنی بچووکدا ئەنجامدراوە، لەنێو جولەکەکاندا باوک بووکەکە دیاری دەکات، دوای داواکردنی کچەکەو دانی نەخت بۆ کچەکە، لەجەژندا زاوا دیاری و نەخت بۆ ماڵی کچە دەنێری. لەئێوارەی پێش گواستنەوەدا (خەنە) دەکەن. لەرۆژی گواستنەوەدا، بووک و زاوا بەرۆژوو دەبن، ئاهەنگی ژنهێنان لەناو کوردا دوورو درێژە، حەوت ڕۆژو حەوت شەو دەخایەنێت، شەمەی پاش پەردەی بووکێنی ئاهەنگ دەگێڕن لە(بێت کەنێست) کە زاوا سەر دەخاتە سەر (تەورات) بۆ نوێژو ڕێزگرتنی، پاشان هەموو میوانان دوای نوێژ لەگەڵ زاوا بۆ ماڵەوە بەشایی و هەڵپەڕکێ دەڕۆن.
نەریتێکی دیکە منداڵبوونە، خێزانی گەورە زۆر گرنگ بوو لەکوردستان، ئەگەر لەدایکبووش کوڕ بێت ئەوا باشترە، ئێوارەی ئەم ڕۆژە لەپێش (سونە ت کردن) یان بەیانیەکەی ئاهەنگێکی بچووک دەگێڕن بەناوی (شەشە) کە نان خواردنە. مۆم داگیرساندن لەنزیک کورسی (ئەلیاهو نەبی) لەناو (بێت کەنێست) بۆ ڕێزی تێکستەکە، (سونەت کردن)دەکرێ لەناو (بێت کەنێست)و لەدوای ئەم گە شتە خۆشە. گۆرانی و هەڵپەرکێ لەماڵی کوڕە بۆ (بێت کە نێست) ناوی تایبەتی دەدرێ بەبنەماڵەی مناڵەکە لەناو کتێبە پیرۆزەکە بۆ ناولێنانی (رابەکە) دەیلێت.
نەریتێکی دیکە، بەرمیچڤە یان جیاکردنەوەی مناڵ لەهەرزەکارو، تەمەنی منداڵ بگاتە 13 ساڵ ئاهەنگی بۆ دەگێڕن، بەڵام بەزۆری بۆ کوڕ دەکرێت و هەندێک بنەماڵەش بۆ کچی دەکە ن و پێیدەڵێن (بەرمیچڤە). بەم بۆنەیەوە جلی جوان بۆ کوڕەکانیان دەکڕن، (چیچیت) یان دەسماڵی نوێکردن بۆ کوڕە گەنجەکە دەهێنن و نوێژ دەکات و لەوڕۆژەوە دەستدەدات لە(تە ورات) کە بەزۆری لەرۆژانی دووشەمەو پێنج شەمە دەکرێت و ڕۆژێک پێش (بەرمیچڤە) کوڕەکە (تەورات) بەرزدەکاتەوە کە جەماوەری تێکستەکە لێی دیارن و ئەوانیش گوڵبارانی دەکەن و شیرینی بەسەریدا دەبارێنن و ئەم کوڕە کەمێک لە(تەورات) دەخوێنێت، کە خوێندنەکە تەواو بوو دەچن بۆ ماڵی کوڕە بۆ نان خواردن و ئاهەنگگێڕان.
بۆ ڕێورەسمی مردنیش، نەوەی جولەکە کوردەکان واز لەنەریتێک ناهێنن، کە دەڵێن یەکیک مردووە هەمو خەڵکەکە دەچن بۆ ماڵی مردووەکە، پاشان بەشیوەن و گریان مردووەکە بۆ گۆرستان دەبەن، خەلکەکە دەستی خاوەن پرسەکە دەگوشن و هەروەک کوردستانیش نان و خواردن بۆ مالی مردوو دەبەن. دایک و باوک و براو خوشک لەسەر زەوی دادەنیشن و یەخەیان کەمێک دەدرێنن، دوای هەفتەیەک دەچن بۆ گۆڕستان و کەمێک دوعا دەخوێنن بۆ مردووەکە و لەدوایدا بۆ نویژ کردن و نان خواردن دەگەڕێنەوە بۆ مالی مردو، ماوەی ساڵێک (پرسە) دەگرن و جلی ڕەش لەبەردەکەن و کە ساڵ تەواو بوو (پرسە) تەواو دەبێ.
جەژنێکی پەیوەست بەجولەکە کوردەکان، چەژنی سەهرانەیە، کە ئاهەنگی تیا دەگێڕن، ئاهەنگی سەهرانە لەدوای سەری ساڵی عیبری و لەدوای ڕۆژی (کیپۆر) یان -غەفران- لە ڕۆژی دووەمی(سووکە) یان کەپرە شینە دەبێت، کوردەکانی ئیسرائیل وەک چۆن لەکوردستان ئاهەنگیان گێراوە ئاواش بەم بۆنەیەوە لەئیسرائیل ئاهەنگ دەگێڕن. هەموو گەنجانی کورد دەستدەکەن بەئاهەنگ گێڕان و هەڵپەڕکێ و سەما کردن و ماوەی زیاتر لەشەوو ڕۆژێک بەردەوام دەبن، ئە م یادە هەر ساڵەو لەناوچەیەکی ئیسرائیل دەکرێت، بەتایبەتی لەو ناوچانەی زۆربەی کوردیان لێنیشتەجێ بوون. لەم بۆنەیەشدا زۆرجار سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و ئەندامانی کەنێست و خەڵکی ناوداری وڵات ئامادە دەبن، گۆرانیبێژە کوردەکانی ئیسرائیل زۆربەیان ئامادە دەبن و دەست بەگۆرانی دەکەن/ کە ناودارترینیان، ئیچک کەهلەو چەدیک زخەریا و ئارۆن مەناخێم و ئاڤنەر زەکێن و ئیلان داڤید و مۆشێ مەمۆکۆیە.[1]