هاوڵاتیانی خۆشەویست...
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە هەموولایەک دەکەم، دەخوازم ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی ئاشتەوایی و یەکڕیزی لە کوردستان تاکو پێکەوە ڕووبەڕووی تەنگەژەکانی بەردەممان ببینەوە.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەریی خراپیان لەسەر بەرنامەکانی حکومەت بۆ چاکسازی و بنیاتنانەوە و ڕەخساندنی هەلی کار دانا، گرنگیدانی ئێمەشی گۆڕی بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینکردنی موچە.
بە هەوڵ و ماندووبوونی تەندروستکاران و هێزە ئەمنییەکان و پابەندیی هاوڵاتیان، ڕێگری کرا لە تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا، بەڵام هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەردەوامە، ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی بەردەوامیی پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان.
حکومەتی هەرێم، بەخودی سەرۆکی حکومەت و بەندە و وەزیرە بەڕێزەکانەوە، بە هەموو توانامانەوە لە هەوڵدا دەبین بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەرکردنی ڕیشەیی ئەم کێشەیە، لەم پێناوەشدا کاری پێویستمان کردوە بۆ ڕێککەوتنی گشتگیر و دادپەروەرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەند. دانوستانەکانمان لەگەڵ بەغدا چڕتر کردووەتەوە و ئێستا لێکتێگەیشتن لەهەمووکات زیاترە و گەشبینین بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کابینەکەی بەڕێز مستەفا کازمی بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
لەدوای 2014 وە گیرۆدەی جۆرەها قەیران بووین، بەڵام هیچ کات بێخەم نەبووین و هەموو دەرفەتەکانمان قۆستۆتەوە بۆ چاکسازی و خاوکردنەوەی گرژییە سیاسییەکان و لەڕێی یەکگرتوویی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیمان قەوارەی هەرێمەکەمان بپارێزین و لەکێشەی ناوخۆیی بەدووری خەین. جگە لەمەش، تۆماری بایۆمەتری و بە ئەلەکترۆنیکردنی هەندێ لەکارەکانی حکومەت، پڕۆژەی خزمەت و وردبینیکردنی داهاتی نەوت و یاسای چاکسازی بەشێک لەو هەوڵانە بوون کە خەریکە وردە وردە کاریگەرییەکانیان بۆ هەموو لا ئاشکرا دەبێت. لە کابینەی نۆیەمی حکومەتیشدا، توانرا یاسای چاکسازی بەکردەیی پەسەند بکرێت.
لەئێستاشدا وێڕای خەمی دابینکردنی مووچە، ئەرک و خەمی حکومەت بونیادنانی ژێرخانی ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستە و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، ئەم هەنگاوانەش بەبێ دروستکردنی متمانە سەرناگرێت، نابێت دەرفەتەکان بە هۆی ململانێی ناتەندروست و بارگرژی سیاسییەوە لەکیس بدەین، پێویستمان بە دروستکردنەوەی تەباییە لەنێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیان، لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و دواجاریش لەنێوان هەرێم و بەغدا.
لە کۆتاییدا خوازیارم جەژن ببێتە بۆنەیەک بۆ ئاشتەوایی سەرانسەری، بۆ پتەوکردنی تەبایی نێوانمان. جارێکیتر جەژنی هەموو لایەک پیرۆز بێت بەتایبەت خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان و پەرستشی ڕۆژووەوانانیش قبوڵ بێت و هەمووان پارێزراو و تەندروست بن.
#قوباد تاڵەبانی#
#23-05-2020#