بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بەناوی خۆم و هەڤاڵانم لە#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# پیرۆزباییەکی گەرمتان ئاراستە دەکەم، هیوادارم خوای گەورە ڕۆژوو تاعەت و عیبادەتی هەموو لایەکمانی قبوڵ کردبێ و ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی بۆ گەلەکەمان و زاڵبین بەسەر قەیرانەکان.
ئەمساڵ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز هاوکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناو قەیرانی دارایی و وەستانی جموجۆڵی بازرگانی و داراییە لە جیهان و ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، کە بێگومان ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق دروستکردووه و هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی ژیانێکی قوڕس کردۆتەوە و کارو کاسبی وەستاوه و ژیان شێوازێکی جیاوازتر لەجارانی وەرگرتووە، ئەرکە لەسەر هەموومان لەهێزو لایەنە سیاسییەکان هاوکارو پشتیوان بین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخه و پێویستیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکە بکات و لەسەرووی هەموویانەوە بەدەم داواکاری هاووڵاتیانەوە بێت و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین بکاو مووچە لەکاتی خۆی دابەش بکات.
هاونیشتمانیانی خۆشەویست....
ئەم دۆخەی ئەمڕۆ لەکوردستان هەیه و کوردستانیانی گیرۆدە کردووە پێویستی بە بڕیاری بوێرانه و حەکیمانە هەیە بۆ بنبڕکردنی، لە سەرووی هەموویانەوە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پەرەپێدانی شەفافیەت و چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکانی حوکمڕانی، بە جۆرێک سەرجەم داهات و سامانەکانی هەرێمەکەمان لە خزمەتی گەلەکەمان و بۆ خۆشگوزەرانی هەرێمەکەمان بەکاربێت، ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانیشە کە لایەنە سیاسییەکان لەبری ململانێ و شەڕکردن لەسەر دەستکەوتە حزبییەکان، دانیشن و بەیەکەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و ئەم دۆخە تێپەڕێنین و چیتر لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە هێرش نەکەنە سەر یەکترو دەروونی هاووڵاتیان لەوە زیاتر ماندوو نەکەن و لەبری چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان خەڵک بە پرس و کێشەی لابەلا سەرقاڵ نەکەن و قەیرانی دەستکرد دروست نەکەن.
دووبارە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی دەکەم و ئەم جەژنە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم سوپاسی تایبەتی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆو پێشمەرگە بکەم، کە لەکاتی قەیرانی کۆڕۆنادا ماندوونەناسانە کاریان کرد بۆ ڕێگرتن لەزیاتر تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە، هەروەها سوپاس بۆ خەڵکی خۆڕاگری کوردستان کە خۆڕاگرانە لەماڵ مانەوه و پابەندی ڕێنماییەکان بوون.
کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#23-05-2020#