لیزا فەلەکەدین کاکەیی: ئەم پێداگرییەی سەرۆکی حکومەت هیوای گەڕاندەوە
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە وتارێکیدا دەڵێ ئەم دڵنیایی و پێداگرییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، سەرلە نوێ شەوقی ئومێد و هیوای گەڕاندەوە و هێزی بەخشی بە ئیرادەی هەموو چاکسازیخواز و دژە گەندەڵێک. بەڵێ بوونی قەیرانی دارایی و ژاوەژاوی هەندێک لایەن ڕێگرنابن لە پلانەکانی چاکسازی تاگەیشتن بە خاڵی ئامانج لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان.
با چاو لە دونیا بکەین
رزگار عیسا سوار, پەرلەمانتار دەڵێت: با چاو لە دونیا بکەین و ئەو پەرلەمانتارە لە وتارێکدا هۆکارەکانی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو و دەڵێ من دڵنیام سەرۆک وەزیران بەو پەڕی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە ملی داوەتە بەر بەرپرسیاریێتی و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشکردنی ژیان و بژێویی خەڵکی کوردستان، بەڵام دەبێت بزانین تێپەڕاندنی ئەم دۆخە کە دەرهاوێشتەی: بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت و جێبەجێکردنی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستانە لەلایەن بەغدا، ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە. پێویستە هەموو لایەک مل بدەنە بەر بەرپرسیاریێتی و هاوکاریی حکومەت، بە تایبەتی لە پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ڕزگار عیسا باسی شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهان و کوردستان دەکات، ئاماژە بەوە دەدات بە هۆی پەتای کۆرۆناوە جیهان بەگشتی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە. لەهەموو وڵاتانی دونیا دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و تاک بەتاکی خەڵک پێکەوە ملیان داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و کار بۆ دەربازکردنی ئەو دۆخە. کەواتە دەبێ لە کوردستانیش بەهەمان ڕۆح و گیانی بەرپرسیاریێتیەوە هەموومان مل بدەینە بەربەرپرسیارێتی و هاوکاریی حکومەت. ئەگەر وا نەکەیەن، ئەستەمە ڕەنگە مەحاڵیش بێت حکومەت بەتەنیا بتوانێت لەم دۆخە دژوارە دەربازمان بکات. بۆیە با چاو لە دونیا بکەین و خەمێک لە ئێستاو ئایندەی کوردستانەکەمان بخۆین. کاتی موزایەدەی سیاسی و یەکترشکاندن نییە، کاتی کردار و هەستکردنە بە بەرپرسیاریێتی.
دەبێ چاکسازی و پاکسازی بکەین
جوان یونس ڕۆژبەیانی, پەرلەمانتاری پارتی ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆک وەزیران ڕاشکاوانە دوا، با ئێمەش ڕاستگۆیانە پاڵپشتی بین و لە وتارێکیدا ئەوە دەخاتەڕوو، کە سەرۆکی حکومەت بنەماکانی حوکمڕانی و دەوڵەتداریی کابینەکەی خستەوە بەر گوێی هەموولایەک و ڕاشکاوانە گوتی بۆ ئەوەی بەهێز بین، دەبێ چاکسازی و پاکسازی بکەین.
جوان یونس ڕۆژبەیانی، پەرلەمانتار لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی سەرۆک وەزیران ڕاشکاوانە دوا، با ئێمەش ڕاستگۆیانە پاڵپشتی بین بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ سەرۆکی حکومەت: بە ئاشکرا پێی گوتین بەرژەوەندییە کەسییەکان دەیانەوێ ڕێگری بکەن لە سەرکەوتنەکان، بەڵام جگە لە قسەی بریقەدار و ماندووکردنی دەروونی کوردستانییان، هەوڵەکانیان هیچی لێ سەوز نابێ و ئیرادەی سەرۆک وەزیران لە خەونی بەدینەهاتووی ئەوان زۆر بەهێزترە.
دڵسۆزانی گەل و خاک و ئاڵا، ڕقیان لەوانەیە کە ڕقیان لە تۆیە
لە دوای گوتارەکەی #مەسرور بارزانی# پەرلەمانتار سەروان هەرکی، لە وتارێکدا باس لەوە دەکات ئەوانەی هەوڵ و کۆششیان بۆ دروستکردنی ئارێشە و ئاڵۆزییەکانە و شەو و ڕۆژیان بۆ لاوازنیشاندانی ئەو حکومەتەیە، کە بەرنامەی کاری یەکەمی چاکسازی بێت، گومانی تێدا نییە ئەوانەن، کە گەندەڵی و ئاژاوەیان کردووەتە بەرنامەی کاریان و هیچ کاتێک حەز بە سەرکەوتنی کەسێک ناکەن، کە ترسی ئەوەیان لێی هەبێت سەروەربوونی یاسا لە کوردستان لەلای ئەو، لە سەرووی هەر شتێکەوەیە و هەڵگری ناسناوی پادشای ئارامییە. چۆن لایەنگری تۆ دەکەن، کە تۆ بوێرانە بڕیاری نەهێشتنی گەندەڵکاران دەدەیت، حەزی ئەوان پشێوی و ئاڵۆزییە، تاوەکو باشتر بتوانن بەرنامە گەندەڵکارەکانیان بۆ بچێتە سەر.
گرنگە هەموومان پشتیوانی لە سیاسەتی سەرۆکی حکومەت بکەین
گەلاوێژ عوسمان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گرنگی پاڵپشتیکردن لە بەرنامەی سەرۆکی حکومەتی لە وتارێکدا خستووەتەڕوو و ئاماژە بەوە دەدات هەرچەندە دۆخی سەختی دارایی هەرێمی کوردستان ئەنجامی چەندین هۆکاری سیاسی و مێژووییە، بەڵام گرنگە هەموومان پاڵپشتی لە سیاسەتی سەرۆکی حکومەت بکەین، چونکە هەموومان سوودمەند دەبین و کوردستان لە قەیرانەکان دەربازدەکات... سەرۆکی حکومەت گرنگیی تەواو بە سەروەریی یاسا دەدات، بۆیە هیچ کەسیک بەدەر نییە لە پرۆسەی چاکسازی.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەو پەرلەمانتارە جەخت دەکاتەوە لەوەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت دڵنیایی تەواوی دا بە خەڵک، کە هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە و پەیوەندییەکانی #هەولێر# و بەغداش بەرەو باشتر دەڕۆن.
شێخ زاهیر خەیلانی: پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت گرنگ و ڕاشکاو بوو
ئەو پەرلەمانتارەش لە بارەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت نووسیویەتی: گوتارەکەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی گرنگ و ڕاشکاو بوو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، دەبێتە هۆی ڕەوینەوەی ئەو پرسیار و گومانانەی خەڵکانی ڕەشبین و داخ لە دڵ و بەرژەوەندیخواز، دروستیانکردووە و چاویان بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، بەردەوام خەریکی تۆمەت و فڕێدانی زانیاریی نادروست و چەواشەکارین.
مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکات
خەدیجە عومەر مزووری: کاتێک سەرۆکی حکومەت قسە دەکات، مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکات.
پەرلەمانتار خەدیجە عومەر مزووری، لە وتارێکدا ئاماژەی بە چەند خاڵێک لە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت داوە، دەشڵێت: کاتێک قسە دەکات، مرۆڤ هەست بە دڵنیایی دەکات، چونکە بە ئیرادە و هێزێکی زۆر بۆ بەرەوپێشچوون هەنگاو دەنێت. بە هەموو تواناکانی مل دەداتە بەرپرسیاریێتییەکانەوە و هیچ ئاستەنگ و ئاڵنگارییەک ساردی ناکاتەوە.
زانا مەلاخالید: چاکسازی و دەستبڕینی گەندەڵکاران ویستی خەڵکە
زانا مەلاخالید، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان دەڵێ: هەمیشە سەرکردەی سەرکەوتوو ئه و کەسەیە، کە خۆی لەبەرەی خەڵک دەبینێتەوە... هاتنە پێشی بارودۆخه نەخوازراوەکان و پێشهاتەکان، پێویستی بە پاڵپشتیی هەمووانە و بەسیاسیکردنی ئەم پرسه، دەبێتە لەدەستدانی ئەزموونێکی سەرکەوتوو، کە بەری ڕەنج و ماندووبوون و قوربانیدانی کوردستانییانه.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بارەی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت، زانا مەلا خالید دەڵێ: ئاستەنگەکان زۆرن، کارەکتەرەکانی دروستکردنی ئاستەنگیش خەونەکانیان زۆرن، بەڵام هەمیشە ئه و حکومڕانیە سەرکەوتوو دەبێت، کە میللەتەکەی لە دەستە ئەمینەکانی خۆیدا هەڵدەگرێت.
ریڤینگ هرووری: سەردەکەوین، ئەوکاتەش زۆر کەس خۆیان دەکەنە شەریک
ریڤینگ هرووری، لە پەیامێکدا سەبارەت بە گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت بە چەند خاڵێک بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو و دەشڵێت: ئێمە سەردەکەوین، باشیش دەزانم ئەو کاتە زۆر شەریکمان دەبن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕیڤینگ هرووری ئاماژە بەوە دەکات ئەو قەیرانەی ئێستا سوورترمان دەکات لەسەر درێژەدان بە ستراتیژییەتی فراوانکردنی سەرچاوەکانی داهات... پەیامەکەی جەنابی سەرۆکی حکومەت دەستپێکێکە و، دەبێت هەنگاوی کردەیی بنێرێت، داوا لە هەموو لایەنەکانی کوردستان دەکەین، پشتیوانمان بن، هەرچەندە ڕێگاکەمان سەختیش بێت، بەڵام دەبێت لە خاڵێک دەستپێبکەین و ناکۆکییە ناوخۆییەکان وەلابنێین لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.
نزار مەلا غەفار: گوتارەکە بووە جێگەی ئومێد
نزار مەلا غەفار، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە بارەی گوتارەکەوە دەڵێ: پێویست و گرنگ بوو لە دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و دڵنیایی و بەڵێنی بە کوردستانییان دا کار بۆ چاکسازی و ژێرخانی ئابووریی بکەین و ڕێگە نەدرێت بە هیچ قسەوقسەڵۆکێک کە خەڵک بخاتە دڵەڕاوکێ و دوودڵی...وتارەکە بووە جێگەی ئومێد.
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەکات: ئەوەی ماوەتەوە کارکردن و هاوکاربوونی حکومەتە، هەروەها وەلانانی هەموو ئیفترا و ئەوانەی دەیانەوێت ئەم ئەزموونە بخەنە مەترسییەوە.
لەنجە دزەیی: با چاو لە سەرۆکی حکومەت بکەین
لە وتارێکدا بە ناونیشانی با چاو لە سەرۆکی حکومەت بکەین، لەنجە دزەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەیەکی بۆ گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێ: لە گوتارەکەیدا هەستدەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لەم بارودۆخە هەستیار و قورسەدا، بە سەرۆکایەتی و حکومڕانیی حەکیمانەی بەڕێزیان بە یەک تیم کاردەکات لە پێناو بەر ژەوەندیی هاووڵاتییان و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و دۆزینەوە ی چارەسەر و شاندانە بە بەرپرسیاریێتی دۆخەکە، بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری، هەروەها لە هەوڵە بەردەوامەکان لەپێناو بەدەستهێنانی شایستە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ.
لەنجە دزەیی ڕوودەکاتە بەشێکی ئەندام پەرلەمان و سەرکردایەتی و ئەندام و جەماوەری حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئە و حیزبانەی لە پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتدا بەشدارن و دەڵێ: ئەرێ کاتی ئەوە نەهاتووە کۆتایی به و شێوازەی سیاسەت و مامەڵەکردنە بهێندرێ کە لە حکومەت بن و لە هەندێ ئۆرگان و ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاکان دژایەتی بکەن؟ چەند گرنگ و پێوستە لەپێناو بەرژەوەندیی کوردستان هەمووان چاو لە سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی بەڕێزیان لە ئەنجوومەنی وەزیران بکەن و یەک بن و تەبابن.
هەروەها دەڵێ: ئەم گوتارە هەموو لایەکی خستە ژێر بەرپرسیارەتییەوە؛ چ ئەوانەی لە حکومەت بەشدارن و چ لە ئۆپۆزسیۆنن، دەبێ هاریکاربن بەپێی ئه و ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانیان و ڕەچاوی ئەم دۆخە سەختە بکەن و بە تەواوی لێ تێبگەن.
دڵنیام لە ئاییندەدا شەریکی سەرکەوتن زۆر دەبن
یەکێکی دیکە لەو پەرلەمانتارانەی لە بارەی گوتەکانی سەرۆکی حکومەت نووسیویەتی، زێدان برادۆستیە، ئاماژ بە گوتەیەکی سەرۆکی حکومەت دەدات کە لە گوتارەکەیدا گوتی دڵنیام لە ئاییندەدا شەریکی سەرکەوتن زۆر دەبن. زیدان برادۆستی دەڵێ: گوتارەکەی بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵگری پەیامگەلێکی گرنگ بوو بۆ دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێستای هەرێم. پێش چەند ڕۆژێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا بەڕوونی تیشکم خستە سەر دیاردەیەکی سیاسی کە لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت لەگەڵ ئێمەدا بە هەڵوێستی دووفاقی مامەڵەدەکەن؛ بەشێوەیەک لە کاتژمێر 08:00ی بەیانی تاوەکو 02:00ی دوانیوەڕۆ حکومەتن و، دواتر ڕاستەوخۆ بە پۆشینی بەرگێکی دیکەی سیاسی دەبنە ئۆپۆزسیۆن.
لەیلا عەبدولجەبار: مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی لە کوردستان
لەیلا عەبدولجەبار پەسنی شێوازی حوکمڕانیی سەرۆکی حکومەت دەدات و دەڵێ: سەرۆکی حکومەت لە نێو کۆمەڵێک قەیرانی سەختدا، توانی بە ئێرادەیەکی پڕ لە پشوودرێژی و هۆشمەندانە، بەسەر ئەم قۆناغە سەختەدا زاڵ بێت و مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی لە کوردستان دابهێنێت، توانی هەموو ئەو دەرفەتانە بقۆزێتەوە بۆ چاکسازیی ڕیشەیی و بڕیاردان لە بارەی کۆمەڵێک مەلەفی تایبەت بە خزمەتی هاووڵاتییان و گێڕانەوەی هاوسەنگیی ژیان و مووچە و کار و خزمەتگوزاری.[1]
#23-05-2020#