بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی جەژن لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عیراق و جیهان دەکەین، خوای گەورە ڕۆژو و تاعەتی هەموولایەک قەبوڵ بکات.
پیرۆزبایی جەژن لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاریان دەکەین، هیوای بەختەوەری و ژیانی ئاسودەیان بۆ دەخوازین.
هەروەک ڕوونە جەژن هەڵگری پەیامی لێبووردەیی و ئاشتەوایی و خێروبەرەکەتە بۆ گشت مرۆڤایەتی و موسڵمانان، بەداخەوە ڕەمەزان و جەژنی ئەمساڵمان لە هەڵومەرجێکدا بەڕێدەکەین کە تەواوی جیهان بەدەست پەتای کۆرۆنای نوێ COVID -19 دەناڵێنێت و تاوەکو ئێستا چارەسەری بنبڕی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی لەژێر ڕۆشنایی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەشکردن و باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، بەتایبەتی لە ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز خزمەتگوزارییەکانی خۆپارێزی و چارەسەری هاوکات لەگەڵ هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان بەپێی پلانێکی تۆکمە پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات.
لێرەدا جارێکی تر وێڕای پیرۆزبایی جەژن، دەستخۆشی و ڕێز و سوپاسمان بۆ هەموو پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی تەندروستی دەردەبڕین کە ماندوونەناسانە و بە شەونخوونی خزمەتکردنیان بۆ هاووڵاتیان بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایەی کۆرۆنا پێشکەش بە هاووڵاتییان کردووە.
هاوڵاتیانی خۆشەویست...
سوپاستان دەکەین بۆ پابەندبوونتان بە ڕێنماییە تەندروستییەکان لە ماوەی ڕابردوو و لە ئێستادا، ئەو ڕێکارانەی دەگیرێتەبەر بۆ سەلامەتی و پاراستنی ئێوەی خۆشەویستە، ئومێدەوارین هەموو پێکەوە خۆپارێزی کەسی و ئامۆژگارییەکانی تەندروستی جێبەجێ بکەین، هیوادارین ئەو ئاستەنگیانەی هاتوونەتە پێش بە زووترین کات تێیپەڕێنین و هەمووان ئاسودەی ژیانێکی تەندروست بن.
دووبارە جەژنی ڕەمەزان لە هەمووان پیرۆز بێت و هەر ساغ و سەلامەت بن.
د. سامان حسین بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
#24-05-2020#