جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم،
لە هاوڵاتیەکی کاکەیی ئەم خاکە تاڵانکراوە سڵاوی خاوەنکارتان لێبێت و جەژنی ڕەمەزانیشتان پیرۆز بێت!
دڵم پڕ لە ئێش و ئازاری خۆم و هاوڵاتیانی ئەم خاکە پیرۆزەیە. بۆیە، ناتوانم وەک جەنابتان بە نەرم و نیانی پەیامتان ئاراستە بکەم. تکایە، بە دڵێکی فراوان و بێ توڕە بوون و هەڵچوونی خۆتان و هەوادارە بەڕێزەکانتان ئەم پەیامەم بە ئاسودەیی لێوەربگرن و بەشێنەیی کار لەسەر خاڵە گرنگەکانی بکەن هەتا من و زۆرێک لە هاوڵاتیانی هاوشێوەی من باوەڕ بە وشەکانی پەیامی ئەم شەوت بکەین.
قوربان، بەهیچ شێوەیەک باوەڕم بە بەرنامەی چاکسازی حکومەتەکەتان نییە. چونکە بە پێچەوانەی حکومەتە هەرێمیەکانی جیهان، نەک تەنها حکومەتێکی زل و زەبەلاحتان لەبەر دەستە، بەڵکو خۆتان وتەنی لە 80٪ی بودجەی مانگانەی حکومەتەکەت بۆ لە 20٪ هاوڵاتیانی هەرێم بە بیانووی کارمەندی خەرج دەکەیت. دەفەرموون، لەبری ئەوەی وەکیل وەزیر و ڕاوێژکار و پلەی تایبەت ببەخشن بە حزبە هاوبەشەکانی نێو حکومەتەکەتان لەپای ڕازیکردنیان، وەرە و بە قسەی خەمخۆرێکی ئەم وڵاتە بکە و لەسەر نیوە (واتە 50٪)ی حکومەتەکەتان تەرشیق بکەرەوە.
جەنابتان باسی قەرزاری 27 ملیار دۆلار دەکەن کە لە حکومەتەکانی پێش خۆتانەوە بۆتان ماوەتەوە! ئەرێ ئەو قەرزارییە کێ بەرپرسیارە لێی و بۆچی و لە چیدا خەرجکراوە؟
ئەگەر بەرپرسیاریەتەکە دەخەنە ئەستۆی سەرۆکی حکومەتی پێشوو، فەرموون جەنابیان بدەنە دادگا و با لە دادگایەکی عادیلانەوە پێمان بڵێ ئەو قەرزەی بۆچی کردووە! ئایا بۆ کاروانەکانی لەکسس و سەکۆیا و وەنەوشەی دوا مۆدێل بووە؟ یان بۆ کڕینی دەنگی هاوڵاتیان بووە لە هەردوو هەڵبژاردنە پڕ لەساختەکاریەکانی نیشتیمانی و هەرێمیەکەی ساڵی 2018دا، وەیاخود بۆ ئاهەنگ گێڕان بووە بە گۆرانیبێژی بیانی و پەخش و ئیدارەدانی چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی بێ مانا و کڕینی سەدان نوسەری قەڵەمفرۆش و هتد...؟
جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم،
من لەو پرسیارانەی سەرەوە پاکانە بۆ ئامۆزاکەتان، سەرۆکی هەرێم ناکەم. بەپێچەوانەوە، بەڵکو منیش وەک بەڕێزتان نەک تەنها تۆمەتباری جەنابیان دەکەم بە هەدەردانی ماڵ و سەروەت و سامانی گشتی، بەڵکو ئێوەش لەو تۆمەتە بێبەش ناکەم، بە حوکمی ئەوەی جەنابتان ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بوونە لەو کاتەدا و هیچێکتان نەوتووە و نەکردوە بۆ ڕێگری لە کەڵەکە بوونی قەرزەکانی هەرێم. هەروەها، جارێکی دیکە تۆمەتبارتان دەکەم بەوەی لەبری دادگایی کردنی هەردوو وەزیری دارایی و پیشەسازی پێشوو و وەزیری نەوت و سامانە سروشتیەکانی حکومەتەکانی پێشووتان کردوە بە ڕاوێژکارانی باڵای جێی متمانەی خۆتان! هەر بەو پێوەرە ناڕاستەوخۆیەی بەڕێزتان بێت، ئەم دوو بەڵایەش ناکرێ پاکانەیان بۆ بکەن بەوەی تێوەنەگلابن لە بەهەدەردانی ماڵ و سەروەت و سامانی گشتی.
دوبارە جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە مەولام قەسەم باوەڕم بە بەرنامەی چاکسازی جەنابتان و هاوپەیمانەکانی ناو حکومەتەکەتان نییە. بەڵام، ئەگەر بێت و چاکسازیەکەتان لەناو حزبەکەی خۆتانەوە دەست پێبکەن و بۆ منی گومانلێکار بسەلمێنن هەڵەشەم و سەرم دای لە بەردەکانی چیای سەری ڕەش، دەفەرموون پێش هەموو شتێک ئەو فڕۆکە تایبەتانەی باوکتان و خۆتان و ئامۆزاکەتان بفرۆشن و پارەکانی بخەنە خزمەت موچەی کارمەندە ڕاستەقینەکانی حکومەت و هەڵاوسانی ڕادەی حیمایەکانتان کەم بکەنەوە و تەنتەنە و سەلتەنەتی بەرپرسە حزبیەکانی حزبەکەی خۆتان ڕاگرن و موچەی جاش و کۆنە بەعسیەکان ببڕن و هەلی کاری سەربەخۆ بۆ گەنجانی خێرلەخۆ نەدیو بڕەخسێنن. ئەوجا لەعنەت لە تەپڵی سەرم ئەگەر نەبوومە حەسحەسی بەر دەرگای حیمایەکانتان!
لەگەل ئەوپەڕی ڕێزی
هاوڵاتی/ سەعید کاکەیی
#23-05-2020#