وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی #هەولێر# ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژندا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە 106 کەس و بە گوللەش 11 کەس برینداربوون، هەروەها لەو ماوەیەدا چەندین ڕووداوی دیکە ڕوویانداوە.
ئەمڕۆ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئاماری ڕووداوەکانی سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی خستەڕوو.
د. بژار موسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، لەکۆنگرەکەدا ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕۆژانی جەژندا 551 کەس بەهۆکاری جیاواز لە نەخۆشخانەکاندا داخڵکراون، هەروەها ژمارەی سەردانکەرانی نۆرینگە دەرەکی و ڕاوێژکارییەکان جیا لە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان 2986 نەخۆش بووە، تیمی کردە پزیشیکیەکانیش (تیمی 121) توانیویانە 68 نەخۆش بگوازنەوە بۆ نەحۆشخانەکان ئەوانەشی بەهۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە لە نەخۆشخانەکان و گواستراونەتەوە 7 حاڵەت بووە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، وتیشی: لە سێ ڕۆژی جەژندا 29 حاڵەتی سوتان هەبووە و 60 نەخۆشیش نەشتەرگەری گەورەی بۆ ئەنجامدراوە، 26 نەشتەرگەری بچوکیش کراون، حاڵەتەکانی ژەهراوی بوونیش 5 حاڵەت بووە، لەهەمانکاتدا 121 منداڵ لەدایکبوون بەسروشتی و نەشتەرگەریی، ئەوانەشی باری تەندروستیان ناجێگیر بووە 103 حاڵەت بووە لەیەکەی چاودێری منداڵە ناکامەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سێ ڕۆژی جەژندا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە 106 کەس برینداربوون، 113 حاڵەتی کەوتنەخوارەوەبووە لەشوێنی بەرزیش هەبووە، هەروەها 25 کەسیش مارو دووپشک پێوەیداون و چارەسەرکراون، بەهۆی شەڕ و پێکدادانیش 8 کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و 11حاڵەتی برینداری گوللەش هەبووە.[1]
#28-05-2020#