ئەم دەسەڵاتە هیچی نەماوەو کاتی ڕوخانی یەکجارەکیی هاتوە، بەڵام ئەوەی کە تۆزێک فریای بکەوێت و کەمێک تەمەنی درێژبکاتەوە، پەرتەوازەیی و ساردکردنەوەی جەماوەرو خەڵکە.
دەسەڵات دەیەوێت هەمو گروپ و خەڵکە ناڕازییەکان پەرت پەرت بکات، دەیەوێت گومان لەسەر خەڵکی باش و نیەتی باش دروست بکات و لەبری ئەوە خۆی خەڵکی ترو نزیک لە خۆی بخاتە پێشەوە بەناوی کەسانی ناڕازیی، تا جەماوەر ساردبکەنەوەو خەڵکانی ناڕازیی بکەن بە دوژمنی یەکتر.دەسەڵات دەیەوێت خەڵکە ناڕازییەکان لەبری ئەوەی ڕوی دەمیان لەدەسەڵات بێت، ڕوی دەمیان لە یەک بێت و ناکۆک بن.
بۆیە تکام وایە لەسەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو گەمەیە بن، زوڵم و چەوساندنەوەی دەسەڵات و ئەو هەمو ناحەقییەتان لە بیر نەچێت، نەهێڵن لەڕێی چەند کەسێک کە لە ژێرەوە پەیوەندیان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیەو بەرژەوەندییان هەیە، میللەت ساردبکەنەوەو خەڵکە ناڕازییەکە پەرتەوازە بکەن.
هەر کەس و گروپێک ناڕازییە لەم دەسەڵاتە، ئەوە دەبێت بەرژەوەندێی میللەت لە پێش هەمو شت ببینێت و دەنگی ناڕەزایی بەرز بکاتەوە، هەر گروپ و لایەن و کەسایەتییەکی ناڕازیی هەیە ئەوە با پێکەوە هەمویان خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن و ئێمەش وەک هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمە لەگەڵیان دەبین، وەک چۆن لەپێشوترو ئێستا و داهاتوشدا لەگەڵ خەڵکی خۆمان دەبین.
لێرەوە بە هەمو لایەکی ڕادەگەیەنین هەفتەی داهاتو خۆپیشاندانی سەرتاسەریی دەست پێدەکات و دەیکەینە هەفتەی ڕوخانی ئەم دەسەڵاتە.
هەموان پێکەوە بەرەو یەک ئامانج، ئامانجی گەورە، ئامانجی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی کە 29 ساڵە هاوڵاتی هەرێم دەچەوسێنێتەوە و زوڵم لە خەڵک دەکات.
خۆپیشاندان بۆ داوای مافی خۆتە، نەک مافی کەسیتر... خۆپیشاندان لەبەرخاتری خۆتە، نەک لەبەرخاتری کەسیتر... خۆپیشاندان بۆ ئەوەیە خۆت و خێزانەکەت و منداڵەکانتان ژیانێکی خۆشتریان هەبێت، نەک لە پێناو حیزب و لایەنیتر.
پێویستە هاوڵاتیی ئاسایی، فەرمانبەر و موچەخۆر، کاسبکار و خەڵکانی ناوبازار، گەنجانی بێبەش لە سەروەتی ئەم هەرێمە و پیرو خەڵکانی بەتەمەنی بە ئەزمونی ئەم هەرێمە، ژنان و کچان لەپاڵ پیاواندا، هەموان پێکەوە ئامادە بین بۆ هەفتەی داهاتو. هەفتەی هەڵبڕینی دەنگمان و بێدەنگنەبون لە مافی خۆمان.[1]
#30-05-2020#