- جەماوەری وڵاتپارێزی کوردستان...
- کەس و کار و بنەماڵەی شەهید سەربەست...
بیست ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهید سەربەست مەحموود ئەندامی مەکتەبی سیاسی YNDK و سەرنووسەری ڕۆژنامەی میدیا و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری سەرخۆبوون تێپەڕدەبێت، لەم ڕۆژەدا دوور لەهەموو یاسا و ڕێسایەکی مرۆڤایەتی لە 31/5/2000 دەستی ڕەشی تیرۆریستان گەیشتە گیانی پاکی شەهید سەربەست و زۆر هۆڤیانە شەهیدیان کرد.
تیرۆریستان بەشەهیدکردنی سەربەست مەحموود وایانزانی دەتوانن ڕێگری بکەن لە ڕێبازی کوردایەتی شەهید و کارکردنی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، نەیانزانی شەهید سەربەست دەیان سەربەستی سەربەخۆخوازی له دوای خۆی پەروەردە و گۆشکردووە، هەموو ئەندامێکی YNDK شەهید سەربەستن، خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
شەهید سەربەست مەحموود لە بنەماڵەیەکی نەتەوەیی و کوردپەروەر گۆشکرابوو، بۆیە لە ڕێزەکانی YNDK درێژەی بە خەبات و تێکۆشانیدا، جگە لەوەی سیاسەتوانێکی لێهاتوو بوو، لەهەمان کاتدا ڕۆژنامەنووسێکی بوێر و چاونەترس بوو، زۆر نەتەوەییانە ڕەخنەی لە سیاسەتی داگیرکاری دوژمنانی کوردستان دەگرت، لە ڕێگەی نووسینەکانی هەموو کات نەخشە و پیلانەکانی شرۆڤەدەکردن و لەدیدگایەکی وڵاتپارێزانە و بەشێوازێکی هێمنانە ڕووبەڕوویان دەبۆوە و دژی هەموو توندو تیژی و ئازار و تۆقاندنێک بوو، هەڵوێستە نەتەوەییەکانی زۆر کاریگەر بوون, بۆیە لەسەر ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان ناسراو بوو.
بیست ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهید سەربەست مەحموود تێپەردەبێت و تا ئێستا بکوژانی ئاشکرانەبوونە، بۆیە داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان و بەتایبەت بەرێز #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکومەتی کوردستان دەکەین، کەوا هەوڵ زیاتر بدەن تا بکوژانی شەهید سەربەست ئاشکرا بکرێن و بەسزای دادگەرییانەی خۆیان بگەن و ڕۆحی شەهیدیش ئارام بێت.
- سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهید سەربەست مەحموود و تەواوی شەهیدانی ڕێی سەربەخۆیی و ئازادی کوردستان.
- مردن ڕووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
10ی جۆزەردانی 2720ی کوردی
#31-05-2020#