کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان،
جەماوەری دڵسۆزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
هەڤاڵانی هاوسەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی،
یادی دامەزراندنی 45 ساڵەی یەکێتی، حزبە تێکۆشەرەکەی ڕەنجدەرانی بیروبازوتان پیرۆزبێت.
یەکێتی لە مێژودا حزبی دەستەبژێرێکی بوێر و هوشیار و جەماوەرێکی دڵسۆزە. کوانوی مەشخەڵان و ئیرادەی هەڵسانەوەی تێکۆشەرانی ئازا و نەبەزە لەڕۆژگارەکانی شکست و نائومێدیدا بە سەرکردایەتی ڕێبەری مەزن مامجەلال و هاوڕێکانی.
ڕێبازی ڕەسەنی یەکێتی، ڕێبازی ئازادیخوازانە، ڕێبازی ڕوبارێک خوێنی شەهیدانە، ڕێبازی ڕەنجدان و کۆمەڵێک تێکۆشەری دێرین و پێشمەرگەی گیانبازە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئه و هێزەیە کە بە پاڵپشتی کۆمەڵانی خەڵک توانی سەرکەوتوانە سەردەمی شۆڕش و خەباتی شاخ ببەستێتەوە بە قۆناغی ڕزگاری و ڕاپەڕین و دواتر دا مەزراندنی حوکمڕانی خۆبەخۆی کوردستان. یەکێتی خاوەن تۆماری سەروەری و داهێنانە لە مێژووی گەلی کوردستاندا.
لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستاشدا، لە ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا و واقعی بارگرانی گوزەران و قەیرانی بژێوی هاوڵاتیان، و لە ئاست نیگەرانی و ناڕەزایی کەڵەکەبووی کۆمەڵانی خەڵک و چاوەڕوانیەکانیان، یەکێتی لەبەردەم پارێزگاری لە سەروەری ڕابردو و بەرپرسیارێتی ئێستا و دوارۆژی گەل دایە هەتا هێز و توانای بۆ پەیڕەوکردنی چاکسازی بنەڕەتی و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە ئیرادەی دیمکراسی ئاڕاستەبکات.
با یادی 45 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ببێتە یادی یەکڕیزی ڕاستەقینە و سەربەخۆیی بڕیاڕی نیشتمانپەروەرانە، با یادی یەکێتی بکەین بە ڕۆژی بوژانەوەی بیروباوەڕ و گەڕانەوەی بەهاکان. بیکەین بەساتەوەختی کاراکردنی حوکمڕانی باش و دادپەوەر لەپێناو خزمەتکردنی شایستە بە میللەت و هێنانەدی ماف و ئازادی و دیموکراسی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان لە کوردستان و عیراقدا.
دوبارە پیرۆز بێت یادی یەکێتی.
#بەرهەم ساڵح#
#31-05-2020#
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!