دیباجە
کۆماری عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە دواییدا بە زاراوەی (هەردوولا) ئاماژەیان بۆ دەکرێت، بڕیار دەدەن لە گرنگی بەهێزکردنی ئاسایشی هاوبەشیان و بەشداریکردن لە هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە عیراق و هاوکاریکردنی یەکتر لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگری، بەرپەرچدانەوەی دوژمنکاری و ئه و هەڕەشەیەی کە ڕووبەڕووی سەروەری و ئارامی و یەکێتی خاکی عیراق و سیستمە دیموکراتی و فیدراڵی و دەستوورییەکەی دەبنەوە. هەروەها هەردوولا تەئکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەمجۆرە هاوکارییانە لەسەر بناغەی ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەری هەریەکەیان بونیادنراوە، بەپێی ئامانج و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها خواستی هەردوولایە بۆ گەیشتن بە لێکگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک کە هاوکاریی نێوانیان پته و بکات، بەبێ بازدان و تێپەڕاندنی سەروەری عیراق لەسەر خاک و ئاو و ئاسمانی خۆی و لەسەر ئه و بناغەیەش کە هەردوولا دوو دەوڵەتی سەربەخۆ و پێگەیشتوون و خاوەنی سەروەرین، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە پێکهاتن:
مادەی یەکەم: بوارو مەبەست
ئەم ڕێککەوتنە هەموو ئه و حوکم و پێویستیە سەرەکییانە دیاریدەکات کە مانەوەی کاتیی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عیراق و چالاکییەکانیان و پاشەکشەکردنیان لە عیراقدا ڕێکدەخات
مادەی دووەم: پێناسەکردنی زاراوەکان
1 − ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی لەسەری پێکهاتوون مەبەست له و دامەزراوە و ڕووبەرانەی خاکی عیراقە کە لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا.
2 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، مانای ئه و قەوارەیە دەگەیەنێت کە هەموو کەسەکانی ناو هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا دەگرێتەخۆ، لەگەڵ ئه و ڕەگەزە مەدەنیانەی کە پێوەی بەندە لەگەڵ سەرجەم ئه و ئامێر و کەلوپەل و تەقەمەنیانەی کە لەسەر خاکی عیراقدا بوونیان هەیە.
3 − ئەندامی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، واتا هەر تاکێک کە پەیوەندارە بە سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی یان هێزی پیادەی دەریایی یان ئێشکگرانی کەنارەکان.
4 − ئەندامی ڕەگەزی مەدەنی، واتا هەر مەدەنییەک کە لە وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کاربکات. ئەم زاراوەیە ئه و کەسانە ناگرێتەوە کە بە گشتی لە عیراقدا نیشتەجێن.
5 − ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کردووە و ئەوانەی کار لەگەڵ ئه و بەڵێندەرانەدا دەکەن کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا گرێبەستیان کردووە: واتا هەردوو زاراوەکە مانای ئەوەیە کە ئه و کەسانە یان ئه و قەوارە یاساییە غەیرە عیراقیانە و ئەوانە دەگرێتەوە کە کارییان لەگەڵدا دەکەن کە هاوڵاتی ئەمریکین یان لە هاوڵاتیانی وڵاتی سێیەمن و لە عیراقدان بۆ دابینکردنی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان و ئاسایش بۆ هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان بە لە جیاتی ئەوان لە عیراقدا، ئەوەش بەپێی گرێبەستێک یان گرێبەستێکی مامناوەندی لەگەڵ یان بۆ حسابی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەم دوو زاراوەیەش ئه و کەس و قەوارە یاساییانە ناگرێتەوە کە عادەتەن لەسەر خاکی عیراق نیشتەجێن.
6 − ئۆتۆمبیلە ڕەسمییەکان: مەبەست له و ئۆتۆمبێلە بازرگانیانەیە کە بۆ مەبەستە ئەمنییەکان دەکرێت چاک بکرێن، هەر لە بنەڕەتیشدا ئه و ئۆتۆمبێلانە بۆ جمووجوڵکردن لەسەر ڕێگاوبانە جۆراوجۆرەکان و بۆ گواستنەوەی کەسەکان دروستکراون.
7 − ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان: مەبەست لەم ئۆتۆمبێلانە هەموو جۆرەکانی ئه و ئۆتۆمبێلانە دەگرێتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەکاردەهێنرێن و لە بنەڕەتدا بۆ بەکارهێنان لە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان دروستکراون و ژمارە و تابلۆی تایبەتیان هەڵگرتووە، بەپێی ڕێنماییەکان و ئه و سیستمانەی لەناو هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا پەیڕه و دەکرێت.
8 − ئامێر و کەلوپەلەکانی بەرگریکردن: واتا هەموو ئه و ڕاکتۆر و چەک و ئامێر و زەخیرە و کەلوپەل و مادە بەکارهاتووانە دەگرێتەوە کە بە تایبەتی لە شەڕە تەقلیدییەکاندا بەکاردێن و هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستیان پێیانە لەڕووی ئه و چالاکیانەوە کە لەم ڕێککەوتنەدا لەسەریان پێکهاتوون و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سیستم و ڕاکتۆرەکانی چەکە کۆمەڵکوژەکانەوە نییە، واتا (چەکی کیمیاوی و ئەتۆمی و ڕادیۆلۆجی و بایۆلۆجی و ئه و پاشماوانەی کە پەیوەندییان بەمجۆرە چەکانەوە هەیە
9 − عەمبارکردن: واتا پاراستن و هەڵگرتنی ئه و ئامێر و کەلوپەلانەی بەرگریکردن کە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستیان پێیەتی و پەیوەندارن به و چالاکییانەی لەم ڕێککەوتنەدا لەسەرییان پێکهاتوون.
10 − باج و میرانەکان: واتا هەموو ئه و باج و میرانانەی کە لە هەر جۆرێک بن (باج و میرانەی گومرگیش دەگرێتەوە)، بە واتا ئه و باجانەی کە لەلایەن حکومەتی عیراقیەوە یاخود لەلایەن دامودەزگاکانییەوە یان پارێزگاکانییەوە بەپێی یاسا و ڕێسا عیراقییەکان دەسەپێنرێت. ئەم زاراوەیەش ئه و بڕە داراییانە ناگرێتەوە کە چنگ حکومەتی عیراقی یان دامودەزگاکانی یان پارێزگاکانی دەکەوێت لە بەرامبەر ئه و خزمەتگوزارییانەی کە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان داوایان دەکەن یاخود بەدەستیان دەهێنن.
مادەی سێیەم
یاساکان
1 − هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و تاکەکانی سەر بە ڕەگەزی مەدەنی پابەند دەبن بە ڕێزگرتنی یاساکان و دابونەریت و ڕەوشتە عیراقییەکانەوە، لەکاتی هەستانیان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە، هەروەها دوور دەکەونەوە لە ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەک کە لەگەڵ ناوەرۆکی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا نەگونجێت. پێویستیشە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئه و مەبەستە.
2 − جگە لە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و تاکەکانی ڕەگەزی مەدەنی، ڕێگە نادرێت بە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵبستن بە گواستنەوەی هەر کەسێک بۆ ناوەوە و دەرەوەی عیراق بەهۆی ئه و ئۆتۆمبێل و کەشتی و فڕۆکانەی کە ئەم ڕێککەوتننامەیە دەیانگرێتەوە، تەنها لە چوارچێوەی ئه و یاسا و ڕێنماییە عیراقیانەدا نەبێت کە جێبەجێدەکرێن، بە گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێکی تریشەوە کە دەکرێت حکومەتی عیراق ڕەزامەندییان لەسەر دەرببڕێت.
مادەی چوارەم
ئەرکەکان
1 − حکومەتی عیراق داوای یارمەتی کاتی لە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات بۆ هاوکاریکردنی لە هەوڵ و تەقەللاکانیدا لە پێناوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە عیراقدا، به و هاوکاریانەشەوە کە دەچێتە بواری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان لە دژی ڕێکخراوی قاعیدە و گروپە تیرۆریستییەکانی تر و گروپە لە یاسا دەرچووەکان و پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو.
2 − هەموو ئه و ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی کە ئەنجامدەدرێن بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە و بە ڕەزامەندی حکومەتی عیراق جێبەجێدەکرێن. هەروەها تەنسیقی تەواو لەسەر ئه و ئۆپەراسیۆنانە لەگەڵ حکومەتی عیراقیدا دەکرێت و لیژنەی هاوبەشی تەنسیقی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان (JMOCC) کە بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە پێکدەهێنرێت، سەرپەرشتی هەموو تەنسیقکردنی هەموو ئه و ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دەکات، هەموو ئه و مەسەلانەش کە پەیوەندیدارن بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە کە لیژنەی هاوبەشی تەنسیقی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ناتوانێت کاریان لەسەر بکات، ڕەوانەی لیژنەی وەزاری هاوبەش دەکرێت بۆ ڕاییکردنیان.
3 − لەگەڵ جێبەجێکردنی سەرجەم ئه و ئۆپەراسیۆنانەدا، پێویستە ڕێزی تەواو لە دەستووری عیراق و یاساکانی عیراق بگیرێت، جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنانەش بەبێ پێشێلکردنی سەروەری عیراق و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی جێبەجێ دەکرێن، به و شێوەیەی کە حکومەتی عیراقی بۆی دیاری دەکات. ئەرکی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە ڕێز لە یاساکانی عیراق و عورف و دابونەریتەکانی و یاسای پەیڕەوکراوی نێودەوڵەتی بگرێت.
4 − هەردوولا بەردەوام دەبن لەسەر هەوڵدانەکانیان بۆ هاوکاریکردنی یەکتری لەپێناو بەهێزکردنی توانا ئەمنییەکانی عیراق، به و پێیەی لەسەری ڕێکدەکەون، ئەوەش مەشقپێکردن و ڕاهێنان و پۆشتەکردنی سەربازی و پاڵپشتی و کۆمەککردن و بونیادنان و نوێکردنەوەی سیستمە لۆجیستییەکان دەگرێتەوە بە بواری گواستنەوە و حەواندنەوە و ئیدارەدانی هێزە ئەمنییەکانی عیراقیشەوە.
5 − هەردوولا پابەند دەبن بە هێشتنەوەی مافی بەرگری لەخۆکردن بە شێوەیەکی دروست و شەرعی لەناو عیراقدا، هەروەک ئەوە لە یاسای نێودەوڵەتی پەیڕەوکراودا پێناسە کراوە.
مادەی پێنجەم
خاوەندارێتی کەلوپەلەکان
1 − عیراق خاوەنی هەموو ئه و بینا و دامەزراوە و هەیکەلانەیە کە بوار بۆ گوێزانەوەیان نییە، بەڵکو پەیوەستن بە خاکەکەیەوە و له و دامەزراوە و ڕووبەرانەدان کە ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەوانەشەوە کە لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەکاردەهێنرێن یان دروستیان دەکات یان دەیانگۆڕێت یاخود نۆژەنیان دەکاتەوە.
2 − لە کاتی پاشەکشەکرنیاندا، هێزە شەڕکەرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو ئه و شوێن و دامەزراوە و پێگە تەرخانکراوانە بۆ بەکارهێنانیان لەلایەن ئه و هێزانەوە، دەگێڕنەوە بۆ حکومەتی عیراقی ئەویش بە پێی دوو لیستە. لیستی یەکەم له و دامەزراوانە کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە لەگەڵ دەستکردن بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەدا تەسلیم دەکرێت. لیستی دووەمیش لە ماوەیەکدا کە دواترین وادەی دەگاتە (30) تەمموزی 2009 تەسلیم دەکرێت، ئەویش وادەی پاشەکشەکردنی هێزە شەڕکەرەکانە لە شار و شارۆچکەکان و گوندەکانی عیراق. حکومەتی عیراقیش بۆی هەیە ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر ڕێگەپێدان بە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بەکارهێنانی هەندێک له و دامەزراوانەی پێویستن بۆ پێکهێنانی مەبەستەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە لەکاتی پاشەکشەکردنی هێزەکاندا.
3 − ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو تێچوونەکانی بنیادنان یان کارەکانی گۆڕین و پەرەپێدانی هەموو ئه و ڕووبەر و دامەزراوانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی کە بە تایبەتی تەرخاندەکرێت بۆ بەکارهێنانیان و پێکهاتنیان لەسەرکراوە. هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراقدا دەکەن سەبارەت بە کارەکانی بیناکردن و گۆڕین و پەرەپێدانی ئه و شوێنانە، پێویستیشە هەوڵبدەن بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی حکومەتی عیراقی لەسەر پڕۆژەکانی بنیادنان و گۆڕین بە ئاستێکی بەرفراوان. لە کاتی بە هاوبەشی بەکارهێنانی ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی کە پێکهاتنیان لەسەرکراوە، هەردوولا تێچوونەکان بنیادنان یان گۆڕین یان پەرەپێدان دەگرنە ئەستۆ، بە پێی ڕێژەی بەکارهێنانیان.
4 − ویلایەتە یەکگرتووەکان تێچوونەکانی هەموو ئه و شتانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی کە داوایان دەکات یان بەدەستیان دەهێنێت لە بواری خزمەتگوزاری له و دامەزراوە و ڕووبەرانەدا کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە بۆ بەکارهێنانی بە تەنها، بەڵام هەردوولا تێچوونی ئه و خزمەتگوزارییە داواکراوانە دەگرنە ئەستۆ کە له و دامەزراوە و ڕووبەرە هاوبەشانەدا بەدەستیان دەهێنن، ئەویش بە پێی ڕێژەی بەکارهێنانی هەر یەکێکیان بۆ ئه و شوێنانە.
5 − لە کاتی دۆزینەوەی هەر شوێنەوارێکی مێژوویی یان کلتووریدا یان دۆزینەوەی هەر داهاتێکی ستراتیجیدا له و دامەزراوە و ڕووبەرانەدا کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە، یەکسەر هەموو کارەکانی بنیادنان یان پەرەپێدان یان گۆڕین، ڕادەگیرێت و نوێنەرە عیراقییەکان لە لیژنەی هاوبەشدا له و بارەیەوە ئاگادار دەکرێنەوە بۆ دیاریکردنی ئه و هەنگاوانەی گونجاون له و بارەیەوە بنرێن.
6 − ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە یان هەر بینا و دامەزراوەیەکی نەگوێزراوەی دیکە کە هەستابێت بە دروستکردنی یان ڕاگیرکردنی یان ماونەتەوە لە ناویاندا لە کاتی کارکردن بەم ڕێککەوتننامەیە، دەگێڕێتەوە بۆ حکومەتی عیراق، ئەویش بەپێی میکانیزمێک کە لیژنەی هاوبەش بۆ ئه و مەبەستە دایدەڕێژێت، پاشان هەموو ئەم دامەزراوە و بینا و ڕووبەرانە دەدرێنەوە دەست حکومەتی عیراق بەبێ هیچ قەرز و بارگرانییەکی دارایی.
7 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە و گرنگییەکی کلتووری و مەعنەوی و سیاسییان هەیە، لەگەڵ هەر دامەزراوە و هەیکەلێکی ڕاگیرکراوی دیکەدا کە لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دروستکراون یان دەست بە دروستکردنیان کراوە، دەگێڕێتەوە بۆ حکومەتی عیراق، ئەویش بەپێی میکانیزمێک و ماوەیەکی دیاریکراو کە لیژنەی هاوبەش ڕێککەوتنی لەسەر دەکات تاوەکو بەبێ هیچ قەرز و بارگرانییەکی دارایی بدرێنەوە دەست حکومەتی عیراق.
8 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواوی ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانە کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە دەگێڕێتەوە بۆ حکومەتی عیراقی، ئەویش لە کاتی کۆتایی هاتنی ماوەی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە یان لە کاتی تەواوبوونی کارپێکردنی، یان لە هەر کاتێکی پێشوودا، لەبەرئەوە هەردوولا پێکهاتنی لەسەر دەکەن یاخود لە کاتێکدا هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستیان به و دامەزراوانە نامێنێت، بەپێی ئەوەی لیژنەی هاوبەش بڕیاری لە بارەوە دەدات، بەبێ هیچ قەرز و بارگرانییەکی دارایی.
9 − هێزەکان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کردووە پارێزگاری دەکەن لە خاوەندارێتی هەموو ئامێر و کەلوپەل و ئامار و پێداویستییە گواستراوەکان، لەگەڵ هەموو ئه و کەلوپەلانەی تریش کە دەگوێزرێنەوە و هاوردەکراون بۆ عیراق یان ئه و کەلوپەلانەی کە بە شێوەیەکی یاسایی لەناو خاکی عیراقدا بەدەستهێنراون و پەیوەندارن بەم ڕێککەوتننامەیەوە.
مادەی شەشە م
بەکارهێنانی ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی پێکهاتنیان لەسەر کراوە
1 − لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەری عیراق و لە چوارچێوەی گۆڕینەوەی دیدو بۆچوونەکان لەنێوان هەردوولادا بە پێی ئەم ڕێککەوتننامەیە، عیراق ئەگەری گەیشتنی به و دامەزراوە و ڕووبەرانەی کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە مسۆگەر دەکات کە لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە و ئه و بەڵێندەرانەوە بەکاردەهێنرێن کە گرێبەستیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کردووە، لەگەڵ ئەوانەش کە لەلای ئه و بەڵێندەرانە کاردەکەن، هەروەها تاکەکان و قەوارەکانی تریش به و پێیەی کە هەردوولا لەسەری پێکدێن.
2 − بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە عیراق ڕێگە بە هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات کە لەناو ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەدا کە لەسەر پێکهاتوون مومارەسەی هەموو ئه و ماف و دەسەڵاتانەیان بکەن کە پێویستن بۆ دروستکردن و بەکارهێنان و چاککردنەوە و دەستەبەرکردنی ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی پێکهاتنیان لەسەر کراوە. هەردوولا تەنسیق و هاوکاری پێکەوە دەکەن لە بارەی بەکارهێنانی ئه و ماف و دەسەڵاتانە له و دامەزراوە و ڕووبەرانەدا کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە و بۆ بەکارهێنانی هاوبەشن.
3 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کۆنتڕۆڵکردنی چوونە ناوەوەی ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانە دەکەن کە پێکهاتوون لەسەریان و تەنها تەرخانکراون بۆ بەکارهێنان لەلایەن ئه و هێزانەوە. هەروەها هەردوولا هەڵدەستن بە کاری تەنسیقکردن لە بارەی کۆنتڕۆڵکردنی چوونەناوەوەی ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی کە پێکهاتنیان لەسەر کراوە بۆ بەکارهێنانیان بە هاوبەشی، بەپێی ئه و میکانیزمانەی کە لیژنەی هاوبەشی تەنسیقی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکان دایاندەڕێژێت، هەردوولاش ئەرکەکانی پاسەوانی دەگرنە ئەستۆ له و ڕووبەرانەدا کە لکێنراون به و دامەزراوە و ڕووبەرانەوە کە لە سەریان پێکهاتوون، ئەویش لە ڕێگەی لیژنەی تەنسیقی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە دەبێت.
مادەی حەوتە م
دانان و عەمبارکردنی کەلوپەلەکانی بەرگریکردن
هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆیان هەیە ئامێر و کەلوپەلەکانی بەرگریکردن و هەموو ئه و کەلوپەل و مادانەی تر کە پێویستین پێیەتی، لەناو ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەدا ئه و شوێنانەدا دابنێن کە کاتین و پەیوەندارن به و چالاکییانەوە کە لەم ڕێککەوتننامەیەدا هەردوولا لەسەریان پێکهاتوون. دەشبێت بەکارهێنان و عەمبارکردنی ئەم کەلوپەلانە بگونجێت لەگەڵ ئه و ئەرکە کاتیانەدا کە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عیراقدا پێیان هەڵدەستن بە پێی مادەی (4)ی ئەم ڕێککەوتننامەیە، هەروەها پێویستە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندار بێت بە سیستمەکانی چەکە کۆمەڵکوژەکانەوە (چەکە کیمیاوی و ئەتۆمی و ڕادیۆلۆجی و بایۆلۆجییەکان و پاشماوەکانی پەیوەست بەم چەکانە). هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنان و گواستنەوەی ئامێر و کەلوپەلەکانی بەرگریکردن دەکەن کە خۆی خاوەنییەتی و لە عیراقدا تاقەت و عەمبار دەکرێت، هەروەک پێویستە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاگاداری بێت کە تەقەمەنی و عەتادی سەربازی له و دامەزراوانەدا عەمبار نەکرێت کە لە شوێنی نیشتەجیبَبوونەوە نزیکن، هەروەها لەسەری پێویستە ئه و مادە تاقەتکراوانە بگوازێتەوە کە له و دامەزراوانەدان کە لە شوێنی نیشتەجێبوونەوە نزیکە. پێویستە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زانیاری پێویست دەربارەی ژمارە و جۆرەکانی ئه و مادە عەمبارکراوانە بدات بە حکومەتی عیراق.
مادەی هەشتە م
پارێزگاریکردن لە ژینگە
پێویستە هەردوولا کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە بە شێوەیەک کە لەگەڵ پاراستنی ژینگەی سروشتی و تەندروستی و سەلامەتی مرۆییدا بگونجێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرلەنوێ تەئکید دەکاتەوە لەسەر پابەندبوون بە ڕێزگرتنی یاساکانی ژینگە و سیستم و پێوەرە پەیڕەوکراوەکانی عیراق کە لە بواری جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیدا بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە پیادەیان دەکات.
مادەی نۆیە م
جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان و کەشتی و فڕۆکەکان
1 − لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواو لە بنەماکانی سەلامەتی و جموجوڵە زەمینی و دەریاییە پەیوەندارەکاندا، ئه و ئۆتۆمبێل و کەشتیانەی کە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەکارییان دەهێنێت، یان ئەوانەی کە بە تایبەتی بۆ حسابی ئه و هێزانە کاردەکەن، بۆیان هەیە دەروژوور بکەن و لەناو خاکی عیراقدا هاموشۆ بکەن بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە. پێویستیشە لیژنەی تەنسیقی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕێوشوێن و بنەمای گونجاو بۆ ئاسانکردن و ڕێکخستنی ئه و جموجوڵانە دابنێت.
2 − لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواو لە بنەماکانی سەلامەتی فڕین و گەشتە ئاسمانییە پەیوەندارەکان، ڕێگە دەدرێت بە فڕۆکەکانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئه و فڕۆکە مەدەنیانەش کە بە گرێبەست و بە تایبەتی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا کاردەکەن، بۆیان هەیە بە ئاسمانی عیراقدا بفڕن و لە ئاسماندا بەنزین بدەن بە یەکتر بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ئەم ڕێککەوتنە، هەروەها نیشتنەوە و هەڵسانیان لەناو خاکی عیراقدا ئەنجام بدەن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ئەم ڕێککەوتنە. دەسەڵاتەکانی عیراقیش هەموو ساڵێک مۆڵەت دەدەن به و فڕۆکانەی ئاماژەیان بۆ کراوە کە لەسەر خاکی عیراق بنیشنەوە و لێوەی بفڕن بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ئەم ڕێککەوتنە بە تایبەتی. ئه و فڕۆکە و کەشتی و ئۆتۆمبێلانەی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و فڕۆکە مەدەنییەکان کە بە تایبەتی و بەپێی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا کاردەکەن، ڕێگەنادەن بە هەر لایەک کە بیەوێت بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتەکانی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان سواربن، بۆیە لەمبارەیەوە لیژنەی فەرعی هاوبەشی پەیوەندیدار پێکدێت لەسەر ئه و ڕێوشوێنانەی کە گونجاون بۆ ئاسانکردن و ڕێکخستنی جووڵەی هاتووچۆ.
3 − چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی بواری ئاسمانی عیراق دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتی عیراقی لەگەڵ دەستکردن بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.
4 − حکومەتی عیراق بۆی هەیە داوا لە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات یارمەتییەکی کاتی پێشکەش بە دەسەڵاتی عیراق بکەن بۆ هەڵسان بە کاری چاودێریکردنی بواری ئاسمانی عیراق و کۆنتڕۆڵکردنی.
5 − فڕۆکەکانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئه و فڕۆکە مەدەنیانەی کە بەتایبەتی بەپێی گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکادا کاردەکەن لە هەموو باج و ڕسوماتێکی گومرگی دەبەخشرێن یان هەرجۆرە باجێکی تر، لەوانەش باجەکانی فڕین و باجی گەشتی ئاسمانی یان نیشتنەوە یان چاوەڕوانکردن له و فڕۆکەخانانەدا کە لەلایەن حکومەتی عیراقییەوە بەڕێوەدەبرێن. هەروەها ئۆتۆمبێلەکان و ئه و کەشتیانەی کە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان یان ئەوانەی بەتایبەتی لەلایەن ئه و هێزانەوە بەکاردەهێنرێن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە سەرجەمیان لە پێدانی باج و ڕسوماتە گومرگییەکان دەبەخشرێن. ئه و بەخشینە هەموو ئه و بەندەرانەش دەگرێتەوە کە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بەڕێوەدەبرێن. هەروەها ئه و ئۆتۆمبێل و کەشتی فڕۆکانە لە داواکارییەکانی تۆمارکردنیان لەناو عیراقدا دەبەخشرێن.
6 − پێویستە لەسەر هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە تێچوونی هەر خزمەتگوزارییەک کە داوای دەکات یان بەدەستی دەهێنێت بیخاتە ئەستۆی خۆی.
7 − هەر لایەنێک نەخشەکان و ئه و زانیاریانەی کە لەبەر دەستیدایە دەربارەی کێڵگەکانی مین و چەندین ئاستەنگی تر کە دەکرێت ببێتە هۆی پەکخستنی جموجوڵەکان لەناو خاک و ئاوی عیراقدا یان تووشی مەترسیان دەکات، پێویستە بیاندات بەلایەنەکەی تر.
مادەی دەیەم
ڕێوشوێنەکانی گرێبەست
هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆیان هەیە ئه و بەڵێندەرانە هەڵبژێرن کە گرێبەستیان لەگەڵدا ئیمزا دەکەن بەپێی یاسای ئەمریکی بۆ کڕینی پێداویستی و کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان لە عیراق. ئەوانە خزمەتگوزارییەکانی کاری بیناسازی و دروستکردن دەگرێتەوە. هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوەندەی بکرێت لەگەڵ سەرمایەدارە عیراقییەکاندا گرێبەست دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئه و کەلوپەل و خزمەتگوزارییانە لەکاتێکدا کە کارەکانیان کێبڕکێی تێدا بێت و چاکترین بەهایان هەبێت. هەروەها هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەکاتی ئیمزاکردنی گرێبەستەکاندا لەگەڵ سەرمایەدار و بەڵێندەرە عیراقییەکاندا ڕێز لە یاساکانی عیراق دەگرن، بۆیە پێویستە لەسەر هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ناوی هەموو بەڵێندەر و سەرمایەدارە عیراقییەکان و بڕی گرێبەستە پەیوەستەکان بدەنە دەست دەسەڵاتدارانی حکومەتی عیراق.
مادەی یانزەهەم
خزمەتگوزاری و پەیوەندییەکان
1 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆیان هەیە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تر بۆئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی کە پێشتر ڕەزامەندی لە سەر کراوە، دابین بکەن بە تەنسیق لە گەڵ دەسەلاتدارانی عێراقیدا لە ڕێگەی ئه و لیژنە هاوبەشانەوە
2 − حکومەتی عێراق مافی تەواوی خاوەندارێتی فریکوێنسەکانی (الترددات) هەیە، لایەنە عیراقییەکان کە پسپۆرن له و بوارەدا هەڵدەستن بە دابینکردنی فریکوێنسەکان (بە هاوکاری هەردوولا) کە تایبەت بێت بۆ هێزەکانی ئەمەریکا، هەر کاتێ هێزەکانی ئەمەریکا کاری به و فریکوێنسانە نەما، پێویستە بدرێتەوە بە لایەنی عێراقی.
3 − هیزەکانی ئەمەرێکا بۆیان هەیە هەموو سیستەمەکانی پەیوەندیکردن (تەلدار و بێتەل) بەکاربێنن، بە پێی ئه و پێناسەیەیچەمکی بەکارهێنانی سیستەمەکانی پەیوەندکردی تەلدارو بێتەل کە لە دەستوری یەکیتی نێودەوڵەتی بۆچاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی بواری پەیوەندیکردن هاتووە. هێزەکانی ئەمەریکا پابەند دەبن بە هەمو ئه و ڕێوشوێنانەی کە له و دەستورەی کە ئه و یەکێتییە نێودەوڵەتییە هاتووە.
4 − حکومەتی عیراقی، هێزەکانی ئەمەرێکا دەبەخشێت لە هەموو ئه و ڕسوماتەی کە پێویستە بدرێت بۆ بەکارهێنانی شەپۆلەکانی پەخشکردن و فریکوێنسەکان کە تەرخان کراوە بۆ هێزەکانی ئەمەریکا، یان لە دوا ڕۆژدا بۆیان تەرخاندەکرێت، ئه و بەخشینە هەمو جۆرە ڕسوماتەکان دەگرێتەوە، ئیداری و غەیرە ئیداری
5 − هێزەکانی ئەمەریکا هەماهەنگی دەکات لە گەڵ لایەنەکانی عێراقی بۆ ئەنجامدان یان دروستکردنی هەر پرۆژەیەکی ژێرخان لە بواری پەیوەندییەکان کە لەدواڕۆژدا لەدەروەی ئه و شوێنانەی کە پێشتر ڕەزامەندی لە سەر دراوه
مادەی دوانزەهەم
ویلایەتی قەزایی
1 − عیراق مافی لە پێشی هەیە بۆ هەڵسوکەوتکردن بە ویلایەتی قەزایی بەسەر تاکەکانی نێو هێزەکانی ئەمریکا و
مەدەنییەکانیان سەبارەت بە تاوانە گەورە و جیاجیاکان کە لە بڕگەی هەشتەمدا دیاریکراوە و ئاماژە بەوەکراوە کە هەرکاتێک ئه و تاوانانە لە دەرەوەی دامەزراوە و ئه و ڕووبەرانە ئەنجامبدرێت کە ڕێککەوتنی لەسەرە و لە دەرەوەی حاڵەتی بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکەکانە، ئەوا عیراق دەتوانێت هەڵسوکەوتی یاسایی لەگەڵ ئه و کەسانەدا بکات.
2 − عێراق مافی لە پێشی هەیە بۆ ئەنجامدانی ویلایەتی قەزایی بەسەر ئه و بەڵێندەرانەی کە لە گەڵ هێزەکانی ئەمریکادا کاردەکەن.
3 − ویلایەتە یەکگرتووەکان مافی لە پێشی هەیە بۆ سەپاندنی دادپەروەری بەسەر تاکەکانی نێو هێزەکانی خۆی و مەدەنییەکان، سەبارەت به و ڕوداوانەی کە لە نێو ئه و دامەزراوە و
ڕووبەرانەدا ڕوودەدەن کە ڕێککەوتنیان لەسەرە، یان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکاندایە لە دەرەوەی دامەزراوە و ئه و ڕووبەرانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەرە و لە دەرەوەی ئه و بارودۆخانەن کە بڕگەی یەک نایانگرێتەوە.
4 − لەسەر داوای لایەنێک، دەکرێت هەردوولا یارمەتی پێشکەش یەکدی بکەن، سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە ڕیوداوەکانە
و ڕوونکردنەوەی بەڵگە و ئاڵوگۆڕپێکردنیان لەپێناو بەڕێخستن و فەراهەمکردنی دادپەروەریدا.
5 − لە کاتی دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنی هەر تاکێکی هێزەکانی ئەمریکا یان هەر مەدەنییەکی ئەمریکایی بێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە، دەبێت دەستبەجێ و لە ماوەی 24 کاتژمێردا، دەسەڵاتدارانی هێزەکانی ئەمریکای لێئاگادار بکرێتەوە.
کاتێک عیراق ویلایەتی قەزایی بەکاردێنێت لە ڕووی پراکتیزەکردنی بڕگەی یەکی ئه و مادەیە، دەسەڵادارانی ئەمریکا لەوکاتەدا ئەرکی دەست بەسەرکردنی تۆمەتباریان دەکەوێتە ئەستۆ، دەبێت تەسلیمی دەسەڵاتدارانی عیراقی بکەن بۆ مەبەستی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن.
6 − دەسەڵاتدارانی هەردوولا دەتوانن داوا لە لایەنەکەی دیکە بکەن کە واز لە مافی پێشی ویلایەتی قەزایی بهێنێت له حاڵەتێکی دیاریکراودا.
بەپێی مادەی یەکەم و دوای پەسەندکردنی و ئاگادارکردنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەماوەی 21 ڕۆژ لە دۆزینەوەی ئه و تاوانانەی کە گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، حکومەتی عیراقی ڕەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی ویلایەتی قەزایی دەردەبڕێت و جێبەجێیان دەکات.
7 − له و حاڵەتانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەپێی بڕگەی سێیەمی ئه و مادەیە ویلایەتی قەزایی بەکاردێنێت، بەپێی دەستووری ئەمریکا و یاساکانی ئەمریکا، تاکەکانی نێو ڕیزی هێزەکانی ئەمریکا و مەدەنییەکان مافی ئەوەیان دەبێت کە پێوەرە یاساییەکان و مافی پارێزگاریکردن دەستەبەر بکەن.
لە حاڵەتی ڕوودانی هەر تاوانێکدا کە ئەحکامی بڕگەی سێ له و مادەیە بیگرێتەوە و قوربانییەکە کەسێکی دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بێت، لە ڕێی لیژنەیەکی هاوبەشەوە ڕێوشوێن دەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی وردەکاری ڕووداوەکە بزانرێت و لێکۆڵینەوەی تەواو ئەنجامبدرێت لیستی ئه و تۆمەتانەش دیاری بکرێت کە تۆمەتباری پێ تاوانبار دەکرێت و بەرواری دادگاییکردن و دەرەنجامی تاووتوێکردنی بارودۆخی تۆمەتبار دیاریبکرێت و لەکاتی دەرکردنی بڕیاری دادگاشدا، هەلی گوێگرتن بۆ تۆمەتبار لە دانیشتنە ئاشکراکاندا فەراهەم بکرێت، ڕاوێژ لەگەڵ پارێزەری داواکار بۆ بەدواداچوونی کێشەکە بکرێت، بەپێی مادەی 21ی ئه و ڕێککەوتنە تەواوی داواکارییەکان پێشکەش بکرێت.
دەبێت دەسەڵاتدارانی هێزەکانی ئەمریکا بەپێی ڕێککەوتنی هەردوولا هەوڵبدەن ڕێوشوێنی دادگاییکردنی تۆمەتبار له و جۆرە کێشانەدا لەنێو عیراقدا ئەنجامبدرێت.
لە حاڵەتی دادگاییکردن له و جۆرە کێشانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، دەبێت هەوڵبدرێت ئاسانکاریی بۆ ئامادەبوونی قوربانییەکە لە دادگادا بکرێت.
8 − له و حاڵەتانەی کە عیراق بەپێی بڕگەی یەکەمی ئه و مادەیە ویلایەتی قەزاری بەکاردێنێت تاکە سەربازی و مەدەنییەکانی هێزەکانی ئەمریکا مافی ئەوەیان دەبێت ئه و پێوەرە یاساییانەیان بۆ فەراهەم بکرێت کە لە یاسای ئەمریکا و یاسای عیراقدا دیاریکراوە.
لیژنەی هاوبەش ڕێوشوێن و میکانیزمی ئه و مادەیە دادەنێت کە وەردەکاری ڕووداوە گەورە و جیاجیاکانی تێدا دیاریکراوە و دەخرێنە چوارچێوەی بڕگەی یەکەمەوە و گرتنەبەری ئه و ڕێوشوێنانە دەیانگرێتەوە کە لە پێوەری دادگاییکردنێکی یاساییدا فەراهەمدەکرێت.
بەدەر لە گرتنبەری ئه و ڕێوشوێن و میکانیزمانە، نابێت ویلایەتی قەزایی لە بڕگەی یەکەمی ئه و مادەیەدا بەکار بهێنرێت
9 − دەبێت هێزەکانی ئەمریکا کار بە بڕگەی 1 و 3ی ئه و مادەیە بکەن و بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە تاوانەکە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکان بووە یان نا.
له و حاڵەتانەی دەسەڵاتدارانی عیراق بڕوایانوایە کە دەبێت ڕاپۆرتەکە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، دەستبەجێ لەڕێی لیژنەی هاوبەشەوە گفتوگۆ و وتووێژ دەکرێت و دەسەڵاتدارانی هێزەکانی ئەمریکا دەبێت بەشێوەیەکی تەواوەتی ڕەچاوی ئه و زانیارییانە بکەن کە لەلایەن دەسەڵاتدارنی عیراقەوە پێشکەش دەکرێت و دەبێت ئه و زانیاریانە کاریگەری لەسەر ڕاپۆرتی دەسەڵاتدارنی هێزەکانی ئەمریکا دروستبکات.
10 − هەردوولا هەموو شەش مانگ جارێک، پێداچوونەوە بۆ ئه و بڕگانە دەکەن کە له و مادەیەدا هاتووە، بە هەموو ئه و چاکسازییانەی کە بۆ ئه و مادەیە پێشنیار دەکرێت و دەبێت له و ڕووەوە ڕەچاوی بارودۆخی ئاسایشی عیراق و مەودای سەرقاڵبوونی هێزەکانی ئەمریکا بە پرۆسە سەربازییەکان و گەشەی سیستمی قەزایی عیراقی و گۆڕانکارییەکان لە یاسای ئەمریکا و عیراق بکرێت.
مادەی سیانزەیەم
هەڵگرتنی چەک و تفاق
هەڵگرتنی چەک و لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەسمی تاکەکانی نێو هێزەکانی ئەمریکا و مەدەنییەکان لەکاتی بوونیان لە عیراق، بەپێی ئه و فەرمانانەی کە بۆیان دەردەچێت، بۆیان هەیە چەک لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن و کە لە چوارچێوەی پێداویستی و ئەرکی ڕەسمی خۆیاندایە.
هەروەها سەربازانی هێزەکانی ئەمریکا بۆیان هەیە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە عیراق، جلوبەرگی ڕەسمی خۆیان لەبەر بکەن.
مادەی چواردەیەم
هاتنە ناوەوە و جێهێشتن
1 − بۆ مەبەستی ئه و ڕێککەوتنە دەکرێت سەرباز و مەدەنییەکانی نێو هێزەکانی ئەمریکا لە ڕێگا ڕەسمییەکانەوە بێنە ناو عیراق، یان عیراق جیبهێڵن کە دەبێت ئه و کارەش لەڕێی هەڵگرتنی ناسنامە و ئه و فەرمانانەوە بێت کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆیان دەردەچێت.
لیژنەی هاوبەش ئەرکی دانانی میکانیزم و ڕێڕەوی وردبینی کردن لە ڕاستی ئه و بەڵگەنامانە دادەنێت و دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لە عیراقیش ئه و ئەرکانە پراکتیزە دەکەن.
2 − دەسەڵاتدارانی عیراق مافی ورد بینی و لێکۆڵینەوەیان هەیە لە لیستی ناوی ئه و سەرباز و مەدەنیانەی ئەمریکا کە دێنە عیراق یان دەردەچن، ئەویش لەڕێی ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئه و لیستانە دەبێت لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، تەسلیم بە دەسەڵاتدارانی عیراق بکرێن.
هەر لە چوارچێوەی ئه و ڕێککەوتنەدا سەرباز و مەدەنییەکانی نێو هێزەکانی ئەمریکا بۆیان هەیە لە ڕێی دامەزراوە و ئه و ڕووبەرانەی کە ڕێککەوتنی لەسەرە بێنە عیراق یان عیراق جێبهێڵن، له و ڕووەشەوە تەنها پێویستیان به و ناسنامانە دەبێت کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆیان فەراهەمکراوە.
لیژنە هاوبەشەکە ئەرکی دانانی میکانیزم و ڕێڕەوی وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ئه و بەڵگەنامانە دەگرنە ئەستۆ.
مادەی پانزەیەم
هاوردن و هەناردەکردن
1 − تەنها لە پێناو جێبەجێکردنی ئه و ڕێککەوتننامەیە هێزەکانی ئەمریکا به و خانەنشینکراوانەی لەگەڵیاندایە بۆیان هەیە هەموو ئه و کەلوپەل و پێداویستیانەی کە لە موادە تەکنەلۆجی و لۆجستی و خزمەتگوزارییەکان پێکدێت، هاوردە و هەناردە بکەن، بە مەرجێک کە دەبێت ئه و موادانەی کە هاوردەی دەکەن لە عیراق قەدەغەکراو نەبێت.
پرۆسەی هەناردەکردنی ئه و جۆرە موادانە و هاوردنیان و گواستنەوە و بەکارهێنانیان، نابێت بخرێتە ژێر پرۆسەکانی پشکنینەوە، هەروەها پێویستی بە مۆڵەت یان هیچ کۆت و پێوەند و باجی گومرگی یان هەر باجێکی تر نییە کە لە عیراقدا پاکتیزە دەکرێن و ئه و پێناسەیەش لە بڕگەی 10ی مادەی دووەمدا ئاماژەی پێکرابوو.
دەبێت دەسەڵاتی هێزەکانی ئەمریکا بەڵگەنامەی گونجاو سەبارەت به و موادە هاوردەکراوانەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هێنراون و لە چوارچێوەی ئه و ڕێککەوتننامەیە، پێشکەش بە دەسەڵاتدارنی عیراق بکەن.
بەپێی ئه و زانیارییە ئەمنیانەی کە ڕەخساون، دەسەڵاتدارانی عیراق مافی ئەوەیان هەیە ئامادەی کردنەوەی ئه و حاویانە بن کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هاوردە کراون، ئەویش لە پێناو لێکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی ئه و کەلوپەل و موادانەی کە لە حاوییەکاندایە.
لە کاتێکدا کە دەسەڵاتدارنی عیراق ئه و داواکارییە پێشکەش دەکەن، دەبێت ڕێز لە پێداویستییە ئەمنییەکانی هێزەکانی ئەمریکا بگرن، دەبێت ئه و داوایەش پەسەند بکەن کە له و ڕووەوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پێشکەش دەکرێت دەبێت پرۆسەکانی لێکۆڵینەوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامبدرێت.
هەموو ئه و شتومەکانەی کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە عیراقەوە هاوردە دەکرێن، نابێت بخرێنە ژێر پرۆسەکانی پشکنین و لێکۆڵینەوە، جگە لە پێداویستییەکانی مۆڵەت نەبێت.
لیژنەی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و عیراق و بەپێی یاسای عیراق کار بۆ ئاسانکاریی فەراهەمکردنی ئه و پێداویستییانە دەکەن کە دەبێت مۆڵەتیان بۆ وەربگیرێت، بە ئامانجی ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئه و شتومەکانە بگوازێتەوە کە لە عیراق کڕیویەتی.
عیراق مافی ئەوەی هەیە داوای پێداچووزنەوە لە هەموو ئه و کێشانەدا بکات کە له و بڕگەیەدا دروستدەبن.
دەبێت هەردوولا دەستبەجێ لە ڕێگەی لیژنەی هاوبەشەوە یان لە ڕێگەی لیژنە وەزارییە هاوبەشەکانەوە لەکاتی پێویستدا وتووێژ و ڕاوێژ بە یەکتر بکەن.
2 − تاکە سەربازیی و مەدەنییەکانی نێو هێزەکانی ئەمریکا بۆیان هەیە هەموو ئه و شتومەک و کەلوپەلانە هاوردە و هەناردە بکەن کە بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و بەکاربردن بەکاری دەهێنن.
هەموو ئه و موادانەی کە ئاماژەیان پێکرا ناچنە چوارچێوەی سەپاندنی باج یان وەرگرتنی مۆڵەتەوە و لە بڕگەی دەیەمی مادەی دووەمدا ئاماژەی پێکراوە.
دەبێت بڕی هاوردەکراو دیاریکراو و گونجاوبێت لەگەڵ بەکاربردنی تایبەتی کەسەکاندا.
دەبێت دەسەڵاتی هێزەکانی ئەمریکا ڕێوشوێنی تەواوەتی بگرنەبەر بۆ ڕێنەدان بە هەناردەکردنی هەموو ئه و بەند و ماددانەی کە لە ڕووی کلتووریی مێژووییەوە سەبارەت بە عیراق گرنگن.
3 − پشکنینی ئه و کەرەستانە لەلایەن دەسەڵاتدارنی عیراقەوە لە بڕگەی 2 ئاماژەی پێکراوە، دەبێت پرۆسەی ئه و پشکنینە بە شێوەیەکی خێرا و لە کاتی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت کە لەلایەن لیژنەی هاوبەشەوە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.
4 − هەمووکەرەستە هاوردە کراوەکان وەک لە پێناسە و بڕگەی 10ی مادەی دووەمدا دیاریکراوە، هیچ باجێکی گومرگی و باجەکانی دیکە نایانگرێتەوە، هەروەها لەکاتی فرۆشتنی ئه و کەرەستانە لەنێو عیراقدا بە کەس و قەوارەکان کە لێبوردنی باجەکان نایانگرێتەوە، دەبێت ئه و کەس و قەوارانەی کە شتومەکەکان وەردەگرن باجیان لێوەربگیرێت بە باجە گومرگییەکانیشەوە.
5 − نابێت ئه و موادانەی کە ئاماژەی پێکرا هاوردە بکرێن و بۆ مەبەستی بازرگانی بەکار بهێنرێن
مادەی شانزەیەم
باجەکان
1 − هیچ باجێک بەسەر ئه و شتومەک و کەلوپەلانەدا ناسەپێندرێت کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە عیراقدا دەکڕدرێن بۆ مەبەستی ڕەسمی بەکاردەهێندرێن و ئەوەش لە بڕگەی 10ی مادەی دووەمدا دیاریکراوە و هەروەها هیچ باجێکیش بەسەر ئه و کەلوپەلانەدا ناسەپێندرێت کە لە عیراق لەلایەن کەسانی دیکەوە لە بری هێزەکانی ئەمریکا کڕدراون.
2 − سەرباز و مەدەنییەکانی نێو هێزەکانی ئەمریکا بەدەر له و خزمەتگوزارییانەی کە داوایانکردووە و بۆیان دەستەبەر کراوە، بەرپرسیارێتی بەخشینی هیچ باجێکی گومرگی و باجەکانی تر ناکەوێتە ئەستۆیان.
مادەی حەڤدەیەم
ڕێگەپێدان و مۆڵەتەکان
1 − مۆڵەتی شۆفێری کردنی ئه و ئۆتۆمبێلانەی کە کاریگەریان تەواو بووە و دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ هێزەکانی ئەمریکایان هەناردە کردووە، دەبێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە پەسەندبکرێت.
نابێت هەڵگری مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و کەشتی و فڕۆکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە بخرێنە ژێر تاقیکردنەوە، یان سەپاندنی باجی سزاوە.
2 − هەموو مۆڵەتەکانی شۆفێریکردن کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ سەرباز و مەدەنیی و خانەنشینانی نێو هێزەکانی ئەمریکا دەرچووە، دەبێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە کاری پێبکرێت، لەکاتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکان لەنێو عیراقدا و نابێت بەکارهێنەر بخرێتە ژێر تاقیکردنەوە یان هیچ باجێکی سزاوە.
3 − هەموو ڕێگەدانە پیشەییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە بۆ سەرباز و مەندەنیی و خانەنشینانی نێو هێزەکانی ئەمریکا، دەبێت لەلایەن دەسەڵاتدارنی عیراقەوە کاری پێبکرێت، بە مەرجێک دەبێت ئه و مۆڵەت و ڕێگە پێدانانە لە چوارچێوەی بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکەفەرمییەکاندا بێت بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئەمریکا.
مادەی هەژدەیەم
ئۆتۆمبێلە ڕەسمی و سەربازییەکان
1 − ئۆتۆمبێلە ڕەسمییەکان دەبێت هەڵگری تابلۆی کانزایی ڕەسمی عیراقی بن و له و ڕووەوە ڕێککەوتن لەنێوان هەردوولادا بکرێت.
دەسەڵادارانی عیراق لەسەر داوای دەسەڵاتی هێزەکانی ئەمریکا، دەبێت تابلۆی تۆماری ئه و ئۆتۆمبێلە ڕەسمییە تایبەتیانە بەبێ هیچ باجێک بۆ هێزەکانی ئەمریکا دەربکات و هاوتای ئه و ڕێوشوێنانە بێت کە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی عیراقدا دەگیرێنە بەر.
دەسەڵاتی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا تێچووی ئه و تابلۆیانە دەدەن.
2 − ماوەی بەکارهێنانی تۆماری ئه و مۆڵەتانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکاوە بۆ ئۆتۆمبێلە ڕەسمی و تایبەتییەکانی هێزەکانی ئەمریکا دەرچووە، دەبێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە پەسەند بکرێت.
3 − دەبێت ئه و ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی کە هێزەکانی ئەمریکا بەکاریدێنن، لە پێداویستییەکانی تۆمارکردن و مۆڵەت ببوردرێن، ئه و ئۆتۆمبێلانەش دەبێت بە ژمارەی ڕوون و دیار جودا بکرێنەوە.
مادەی نۆزدەیەم
خزمەتگوزاری چالاکییەکانی پشتیوانی
1 − هێزەکانی ئەمریکا یان ئەوانەی لەبری هێزەکانی ئەمریکا کاردەکەن، بۆیان هەیە لەنێو دامەزراوە و ئه و ڕووبەرانەی کە ڕێککەوتنی لەسەرە چالاکی و قەوارەی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن و بەڕێوەی ببەن، کە دەکرێت لێوەی خزمەتگوزاری بە هێزەکانی ئەمریکا و ئه و مەدەنی و خانەنشینانە بگەیەندرێت کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا کاردەکەن.
ئه و قەوارە و چالاکیانەش، نووسینگەکانی پۆستکردنی سەربازی و خزمەتگوزارییە داراییەکان و کۆگاکانی فرۆشتنی خۆراک و داودەرمان و شتومەک و خزمەتگوزارییەکانی دی لەخۆ دەگرێت و ئاساییە لە ناوچە جیاجیاکاندا خزمەتگوزاری کات بەسەربردن و خزمەتگوزاری پەیوەندیی تەلدار و بێ تەل بە دامەزراندنی خزمەتگوزاری ڕادیۆییەوە فەراهەم بکەن.
دامەزراندنی ئه و خزمەتگوزارییانە پێویست بە دەرکردنی مۆڵەت ناکات.
2 − ئه و خزمەتگوزارییە ڕادیۆیی و ڕاگەیاندن و کات بەسەربردنانەی کە چوارچێوەی ئه و دامەزراوە و ڕووبەرانەی کە ڕێککەوتنی لەسەرە، دەکەونە ژێر کاریگەری یاساکانی عیراقەوە.
3 − گەیشتن بە خزمەتگوزاریی و چالاکییەکانی پشتیوانی، تەنها بۆ تاکە سەربازیی و مەدەنی و خانەنشینەکانی نێو ڕیزەکانی هێزی ئەمریکا و ئه و قەوارە و کەسانەیە کە ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت.
دەسەڵاتی هێزەکانی ئەمریکا دەبێت ڕێوشوێنی گونجاو بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ئه و خزمەتگوزارییانەی کە لەلایەن ئه و چالاکییانەی کە ئاماژەی پێکرا، نەبنە مایەی خراپەکاری، هەروەها ڕێگە بە فرۆشتن و سەرلەنوێ فرۆشتنەوەی ئه و کەلوپەل و خزمەتگوزارییانە نەکرێت کە ئاماژەیان پێکرا و ڕێگە نەدرێت ئه و شتومەکانە بگەنە دەست ئه و کەسانەی کە ڕێگەیان پێنەدراوە بگەنە ئه و قەوارانەی کە سوود و خزمەتگوزاری تایبەتی خۆیان پێشکەش دەکەن.
هێزەکانی ئەمریکا ناردنی پەخشی ڕادیۆیی و بەنامە تەلەفزیۆنییەکان بۆ ئه و کەس و قەوارە دیاریکراوانە ئاراستە دەکات کە سەرپشک کراون.
4 − قەوارەکان و چالاکییە ئاماژە بۆ کراوەکانیان لەم مادەیەدا هەمان لێخۆشبوونی دارایی و گومرگی دەیانگرێتەوە کە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیانە، به و لێخۆشبوونانەشەوە کە لە هەردوو مادەی 15 و 16ی ئەم ڕێککەوتنەدا هاتووە. هەروەها بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی ئەم قەوارانە و ئه و چالاکیانەیان کە خزمەت پێشکەش دەکەن بەپێی سیستمەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت، ئه و کیانانە و چالاکییەکانیان پابەند نین بە بەدەستهێنان یان پێدانی باج و ڕسوماتی تر لەسەر چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە کارەکانیانەوە.
5 − پۆستەی نێردراو لەڕێی خزمەتگوزارییەکانی پۆستەی سەربازییەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پەسەند دەکرێت و لە پشکنین و بەدواگەڕان و موسادەرەکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی عیراقەوە دەبوێردرێت، جگە لە پۆستەی ناڕەسمی کە دەخرێتە ژێر چاودێریی ئەلیکترۆنییەوە. هەروەها لیژنەی فەرعیی هاوبەشی پەیوەندیدار ئەرکی چارەسەرکردنی ئه و گرفتانە دەگرێتە ئەستۆ کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیەدا سەرهەڵدەدەن، بەڕێککەوتنی هەردوولایش یەکلایی دەکرێتەوە. لیژنەی فەرعیی هاوبەشی پەیوەندیدار هەڵدەسێت بە پشکنینی دەوریی ئه و ئامێرانەی کە دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەکاریدەهێنن بۆ پەسەندکردنی (پۆستە) سەربازییەکان.
مادەی بیستەم
دراو و ئاڵووێری بیانی
1 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان مافی بەکارهێنانی هەر بڕە پارەیەکی ئەمریکی یان موستەنەدی داراییان هەیە کە بەهاکەی بەرامبەر دراوی ئەمریکی دیاریکراو بێت، تەنها و تەنها بۆ مەبەستەکانی ئەم ڕێککەوتنە. هەروەها بەکارهێنانی دراوی عیراقی و بانکە تایبەتەکان لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەپێی یاسا عیراقییەکان دەبێت.
2 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆیان نییە دراوی عیراقی لە عیراقەوە ببەنە دەرەوە و دەبێت ئه و ڕێوشوێنانه بگیرێتەبەر کە دانراون بۆ دڵنیایی نەبردنە دەرەوەی دراوی عیراقی لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ڕەگەزی مەدەنی و ئەوانەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان گرێبەستیان کردووە و بەکارهێنەرانی گرێبەستەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
مادەی بیست و یەکەم
داواکارییەکان
1 − بەدەر له و داواکارییانەی لە گرێبەستەکانەوە هاتوون، هەردوولا دەستبەردرای مافی خۆیان دەبن لە داواکاریی قەرەبووکردنەوە لە لایەنەکەی دیکە لەبەرامبەر هەر زەرەر و زیانێک یان هەر وێرانکارییەک کە بەر مومتەلەکاتی هێزە چەکدارەکان یان ئەندامێکی مەدەنی سەر بە هەر لایەنێکیان یاخود داواکاریی قەرەبووکردنەوە لەبەرامبەر پێکان یان گیانلەدەستدان کە ڕەنگە دووچاری ئەندامانی هێزە چەکدارەکان یاخود ئەندامی مەدەنی ببنەوە کە لە ئەنجامی بەجێهێنانی ئەرکە ڕەسمییەکانیان لە عیراق دروست بووبن
2 − پێویستە دەسەڵاتدارانی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان قەرەبوویەکی دادپەروەرانە و مەعقول بدات بۆ چارەسەرکردنی داواکاریی ئیستحقاقی هەر لایەنێکی سێیەم، کە بەهۆی کردەوەکانی ئەندامانی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەندامانی مەدەنی یان لەئاکامی کەمتەرخەمیی و پشتگوێخستنیانەوە دروست دەبن لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکە ڕەسمییەکانیاندا، یان ئه و ئەرکانەی پەیوەندیدارن بە چالاکییە غەیرە شەڕییەکانی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەروەها دەکرێت هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئه و داواکارییە ئیستحقاقییانەی لە ڕێککەوتنەکەوە دروست نەبوون لەڕێی بەجێهێنانی ئەرکە ڕەسمییەکان بەشێوەیەکی خێرا و بەپێی یاسا و ڕێساکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەجێ بهێنێت. لەگەڵ یەکلاییکردنەوەی داواکارییەکانیشدا دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکان هەر ڕاپۆرتێک دەربارەی لێکۆڵینەوە یان بۆچوونێک کە دەسەڵاتدارانی عیراقی دەربارەی بەرپرسیارێتی یان قەبارەی زیانەکان دەیاندات، بە هەند وەردەگرێت.
3 − هەردوو لایەن دەستبەجێ ڕاوێژ دەکەن لەڕێی لیژنەی هاوبەش یان ئەگەر پێویستی کرد لەڕێی لیژنەی وەزاریی هاوبەشەوە، له و حاڵەتانەی کە لەسەر داواکاریی هەردوولا پێویست بوو پێداچوونەوە به و حاڵەتانە بکرێت کە لە هەردوو بڕگەی 1 و2 دا هاتووە.
ماددەی بیست و دووەم
بەندکردن
1 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆیان نییە هیچ کەسێک تەوقیف بکەن یان دەستگیری بکەن (جگە لە تەوقیف دەستگیرکردنی ئەندامێک لە ئەندامانی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، یان ئەندامێکی مەدەنی) و دەبێت بە بڕیارێکی عیراقی بێت بەپێی یاسای عیراقی و کارکردن بە مادەی چوارەم.
2 − لەحالەڵەتی تەوقیفکردنی کەسەکان یان دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەوجۆرەی کە لەم ڕێککەوتنەدا یان بەپێی یاسای عیراقی ڕێگەی پێدراوە، ئەوا دەبێت لەماوەی 24 سەعات لەکاتی دەستگیرکردن یان تەوقیفکردنیانەوە ئه و کەسانە تەسلیمی دەسەڵاتدارێتییە پەیوەندیدارە عیراقییەکان بکرێن.
3 − دەسەڵاتدارانی عیراقی بۆیان هەیە داوای یارمەتی لە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکەن بەمەبەستی تەوقیفکردن یان دەستگیرکردنی داواکراوان.
4 − لەگەڵ دەستپێکردن بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنەدا ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵدەسێت بە پێشکەشکردنی زانیارییەکانی بەردەستی دەربارەی تێکڕای تەوقیفکراوەکانی لای بۆ لایەنی حکومەتی عیراق. دەسەڵاتدارانی پەیوەندیداری عیراقی فەرمان دەردەکەن بۆ دەستگیرکردنی داواکراون. هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هەماهەنگیی تەواو و کارا لەگەڵ حکومەتی عیراقیدا هەڵدەسن بە تەسلیمکردنەوەی داواکراوەکانی لای بە حکومەتی عیراقی بەپێی فەرمانەکانی دەستگیرکردنی عیراقی و ئازادکردنی هەموو تەوقیفکراوەکانی تر بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و ئارام، لەحاڵەتێکدا نەبێت کە حکومەتی عیراقی پێچەوانەی ئەوەی داواکرد و بە مادەی 4ی ئەم ڕێککەوتنە کاریکرد.
5 − هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆیان نییە ماڵ و خانووبەرەی تر بپشکنن تەنها بەپێی فەرمانی قەزایی عیراقی نەبێت کە بۆ ئه و مەبەستە دەربکرێت بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی عیراقیدا، بەدەر له و حاڵەتانەی کە بە فیعلی پرۆسەکانی شەڕیان تێدا بەڕێوە دەچێت بەکارکردن بە مادەی4.
ماددەی بیست و سێیەم
جێبەجێکردن
جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر لێکدانەوە و جێبەجێکردنی، دەسپێردرێت بەم دەستانە:
1 − لیژنەیەکی وەزاریی پێکدەهێنرێت کە ئەندامەکانی خەڵکانێک دەبن لەسەر ئاستی وەزاری و هەردوولایش دیارییان دەکەن. لیژنە وەزارییەکە ئەرکی چاوخشاندنەوە و لێکۆڵینەوە لە مەسەلە بنەڕەتییە پێویستەکان بۆ لێکدانەوە و (JMOCCجێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەگرێتە ئەستۆ(کورتکراوەکەی.
2 − لیژنە وەزارییە هاوبەشەکە ئەرکی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ هەماهەنگی پرۆسە سەربازییەکان دەگرێتە ئەستۆ، کە لە نوێنەرانی هەردوولا پێکدێت. سەرۆکایەتی لیژنە هاوبەشەکە بۆ هەماهەنگیی پرۆسە سەربازییەکان هاوبەش دەبێت لەنێوان هەردوولادا.
3 − هەروەها لیژنە وەزارییە هاوبەشەکە لیژنەیەکی هاوبەشی تر پێکدێنێت کە پێکبێت له و نوێنەرانەی کە هەردوولا دیارییان دەکەن و بەشێوەیەکی هاوبەش سەرۆکایەتییان دەکەن. ئەم لیژنەیە ئەرکی چاوخشاندنەوە و لێکۆڵینەوە لە هەموو مەسەلەکانی پەیوەست بەم ڕێککەوتنە دەگرێتە ئەستۆ کە ناچنە چوارچێوەی کاری لیژنەی هاوبەشی پرۆسە سەربازییەکانەوە (JMOCC).
4 − لیژنە وەزارییە هاوبەشەکە بەپێی بڕگەی 3ی ئەم مادەیە چەند لیژنەیەکی فەرعیی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا پێکدەهێنێت کە ئەرکی هەریەکەیان چاوخشاندنەوەیە به و مەسەلانەی لە ڕێککەوتنەکەوە دروست دەبن بەپێی تایبەتمەندییەکانیان.
ماددەی بیست و چوارەم
کشانەوەی هێزە ئەمریکاییەکان لە عیراق
بە داننان بە ئاستی هێزە ئەمنییە عیراقییەکان و زیادبوونی تواناکانی، هەروەها لەئەستۆگرتنی تەواوی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان و بنیادنانی پەیوەندییەکی پته و لەنێوان هەردوولادا، لەسەر ئەمانە ڕێککەوتن کرا:
1 − لەسەر هەموو هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە هەموو خاکی عیراق بکشێنەوە کە وادەکەی لە 31ی کانوونی دووەمی ساڵی 2011ی زایینی تێپەڕ نەکات.
2 − لەسەر هەموو هێزە شەڕکەرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانە کە لەناو شار و شارۆچکە و گوندەکانی عیراق بکشێنەوە لە وادەیەکدا کە تێنەپەڕێت لە مێژووی وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنیی هەر پارێزگایەکی عیراقی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی عیراقەوە، دەبێت کشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان له و ناوچانە تا 30ی حوزەیرانی 2009ی زاینی بکشێنەوە.
3 − هێزە شەڕکەرە کشاوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەکارکردن بە بڕگەی 2ی سەرەوە لە دامەزراوەکان و ئه و ڕووبەرانەدا جێگیر دەبن کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە و دەکەونە دەرەوەی شار و شارۆچکە و گوندەکان کە لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگیی پرۆسە سەربازییەکان (JMOCC) پێش مێژووی دیاریکراوی نێو بڕگەی 2، دیاریی دەکات.
4 − ویلایەتە یەکگرتووەکان دان بە مافی سەروەریی حکومەتی عیراقدا دەنێت لەوەی کە داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات لەهەر کاتێکدا بێت. هەروەک حکومەتی عیراقیش دان بە مافی سەروەریی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەنێت لە کێشانەوەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عیراق لەهەر کاتێکدا بێت.
5 − هەردوولا ڕێکدەکەون لەسەر میکانیزم و ڕێکخستنەکانی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەماوەی زەمەنییە دیاریکراوەکاندا، لەسەریشیانە ڕێکبکەون لەسەر ئه و پێگانەی کە ئه و هێزانە تیایاندا جێگیر دەبن.
ماددەی بیست و پێنجەم
ڕێوشوێنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جێبەجێکردنی بەندی حەوتەم لەسەر عیراق
بە داننان بە مافی حکومەتی عیراق کە داوا نەکرێت ویلایەت و سەرپشککردنی هێزەکانی فرەنەتەوە نوێ بکرێتەوە بەپێی بەندی حەوتەمی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 1790 (2007)، کە ئەویش دەسەڵاتپێدانێکە ماوەی کارپێکردنەکەی ڕۆژی 31ی دیسەمبەر/ کانوونی یەکەمی ساڵی 2008 کۆتایی دێت.
وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئه و دوو نامەیەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کراون و هاوپێچی بڕیاری ژمارە 1790 کراون: نامەیەک لە سەرۆک وەزیرانی عیراق و نامەیەک لە وەزیری دەرەوەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مێژووی 7 و 10ی دیسەمبەر/ کانوونی یەکەمی 2007 لەسەر یەک کە هاوپێچی بڕیاری 1790 کراون.
بە ئاماژەدان بە بەشی سێیەم لە ڕاگەیاندنی بنەماکان سەبارەت بە پەیوەندی هاوکاری و دۆستایەتی درێژخایەن کە سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆک وەزیرانی عیراق ڕۆژی 26ی نۆڤەمبەر/ تشرینی دووەمی 2007 ئیمزایان کرد کە بۆ مێژوو داواکاری عیراقی تۆمارکرد بە مەبەستی درێژکردنەوەی ئه و ماوەی دەسەڵاتپێدانە لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە بۆ ماوەیەکی کۆتایی کە لە مێژوویەکدا کۆتایی دێت کە لە 31ی دیسەمبەر/ کانوونی یەکەمی ساڵی 2008 تێپەڕ نەکات.
هەروەها بەدانپێدانان به و بەرەوپێشچوونە گەورە و ئیجابیانەی عیراق و بەبیرهێنانەوەی ئەوەی ڕەوشی عیراق جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەگەڵ ئه و ڕەوشەی لە ئارادابوو کاتێک ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 661ی ساڵی 1990ی پەسەند کرد، بەتایبەتی کە ئه و مەترسییەی حکومەتی عیراق لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستی دەکرد نەماوە: ئەوا هەردوولا لەوبارەیەوە تەئکید دەکەنەوە لەسەر ئەوەی لەگەڵ کۆتاییهاتنی کارکردن بە ویلایەت و دەسەڵاتپێدانی هێزەکانی فرەڕەگەز بەپێی بەندی حەوتەم کە لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 1790 دا هاتووە، لە ڕۆژی 31ی دیسەمبەر/ کانوونی یەکەمی 2008 دا، پێویستە عیراق پێگەی یاسایی و نێودەوڵەتی خۆی بەدەستبهێنێتەوە کە پێش پەسەندکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 661 (1990) هەیبوو، هەروەها دووپاتی دەکەنەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان باشترین هەوڵی خۆی دەخاتەگەڕ بە مەبەستی یارمەتیدانی عیراق بۆ هەنگاونانی پێویست بۆ هێنانەدی ئه و کارە بە هاتنی ڕۆژی 31ی دیسەمبەر/ کانوونی یەکەمی ساڵی 2008.
مادەی بیست و شەشەم
ئوسوڵەکانی عیراق
1 − بۆ ئەوەی وا لە عیراق بکرێت بتوانێت درێژە بدات بە پەرەپێدانی ئابووری نیشتمانی خۆی بدات لە ڕێگای ئامادەکردنەوەی ژێرخانی ئابووری عیراق، هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزارییە گرنگە سەرەکییەکانی گەلی عیراق و بەردەوامبوون لە پارێزگاریکردن لە دەرامەتەکانی عیراق لە نەوت و غاز و دەرامەتەکانی دیکەی، هەروەها پارێزگاری کردن لە ئوسوڵە دارایی و ئابوورییەکانی لە دەرەوە بەوەشەوە کە سندوقی پەرەپێدانی عیراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەرەنتی ئەوە دەدات کە ئەوپەڕی هەوڵی بدات لە پێناو:
ا) پشتیوانی کردنی عیراق بۆ لێخۆشبوون له و قەرزە نێودەوڵەتییانەی لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشووی حوکم دروستبوون.
ب) پشتیوانی کردنی عیراق بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی هەمەلایەن و کۆتایی سەبارەت بە داواکارییەکانی قەربووکردنەوە کە عیراق لە ڕژێمی پێشووی حوکمەوە بۆی ماوەتەوە و هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە به و پێداویستییانەی قەرەبووکردنەوەشەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بەسەر عیراقدا سەپێندراوە.
2 − بەدانپێدانان به و نیگەرانییەی عیراق هەیەتی لەبەرامبەر به و داواکارییانەی لەسەر ئه و کارانەی ڕژێمی پێشوو ئەنجامی داون و بە تێگەیشتن بۆ ئه و مەسەلەیە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەسەڵاتەکانی پەیڕه و دەکات بۆ دابینکردنی پارێزگاری لە پرۆسە قەزاییەکانی ئەمریکا بۆ سندوقی پەرەپێدانی عیراق و موڵک و ماڵی دیاریکراوی دیکە عیراق بەشی هەبێ تێیدا و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی تەواو و کارا پابەندە لەگەڵ حکومەتی عیراقدا سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئەم پارێزگارییە تایبەت به و داواکارییانە.
3 − وەک گونجانێک لەگەڵ ئه و نامەیەی لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عیراق نێردراوە بە مێژووی....2008، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوامدەبێت لەسەر پابەندبوون بە یارمەتیدانی عیراق سەبارەت به و داوایەی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە بۆ درێژکردنەوەی پارێزگاری و ڕێوشوێنەکانی دیکە لەبارەی نەوت و بەرهەمەکانی نەوت و غازی سروشتی کە لە عیراق بەرهەم دەهێنرێن و دەرامەت و پابەندبوونەکانیش کە لە فرۆشتنیانەوە پەیدادەبن و سندوقی پەرەپێدانی عیراقیش، ئەم ڕێوشوێنانەش دیاریکراون لە هەردوو بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە 1438 (2003) و 1546 (2003).
مادەی بیست و حەوتەم
بەرپەرچدانەوەی مەترسییە ئەمنییەکان
لەپێناو پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عیراق و بەشداریکردن لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی، هەردوولا بەشێوەیەکی کارا هەوڵدەدەن لەپێناو پتەوکردنی توانا سیاسی و سەربازییەکانی کۆماری عیراق و یارمەتیدانی عیراق لە بەرپەرچدانەوەی ئه و مەترسییانەی هەڕەشە لە سەروەری و سەربەخۆیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی و سیستمە دیموکراتی و فیدراڵی و دەستوورییەکەی دەکەن و له و بارەیەشەوە ڕێککدەکەون لەسەر:
1 − لەکاتی دروستبوونی هەر مەترسییەکی دەرەکی یان ناوخۆیی لەدژی عیراق یاخود ڕوودانی هەر دوژمنایەتییەک لەسەری کە ڕەنگە ببێتە مایەی پێشێلکردنی سەروەری یان سەربەخۆییە سیاسیەکەی یان یەکپارچەیی خاکەکەی یان ئاو و ئاسمانەکەی یاخود هەڕەشەکردن لە سیستمە دیموکراتییەکەی و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی، هەردوولا لەسەر داوای حکومەتی عیراق، دەستبەجێ دەستدەکەن بە ئاڵوگۆڕی ستراتیژی بەگوێرەی ئەوەی کە ڕەنگە دواتر لەسەری ڕێکبکەون و ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێوشوێنی گونجاو دەگرێتەبەر کە لەوانەیە ڕێوشوێنی دیپلۆماسی یان ئابووری یان سەربازی یاخود هەر ڕێوشوێنێکی دیکە بگرێتەوە، بۆ بەرپەرچدارنەوەی ئه و جۆرە هەڕەشەیە.
2 − هەردوولا ڕازی دەبن بە بەردەوامبوونی هاوکاری نزیکیان لە پتەوکردن و درێژەدان بە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان و دامەزراوە سیاسی و دیموکراتییەکان لە عیراق، بەوەشەوە بەگوێرەی ئەوەی لەسەری ڕێکدەکەن لە هاوکاریکردن لە مەشقپێکردن و تیارکردن و پڕچەککردنی هێزەکانی ئاسایشی عیراق لە پێناو بنبڕکردنی تیرۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و گروپە لەیاسا دەرچووەکان لەسەر داوای حکومەتی عیراق.
3 − نابێت خاک و ئاو و ئاسمانی عیراق وەک ڕێڕەوێک و بنکەیەک بۆ هێرش لە دژی دەوڵەتانی دیکە بەکاربهێنێت.
مادەی بیست و هەشتەم
ناوچەی سەوز
لەکاتی دەستکردن بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە حکومەتی عیراق بەرپرسیارێتی تەواو لە ناوچەی سەوز دەگرێتە دەست و ڕەنگە داوای پشتیوانییەکی دیاریکراو و کاتی لە هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق لە ئەرکی پەیوەندیدار بە ئاسایشی ناوچەی سەوز، لەکاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکی لەوجۆرەش دەسەڵاتدارانی پەیوەندیداری عیراق بەشێوەیەکی هاوبەش کاردەکەن لەگەڵ هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەی سەوز له و ماوەیەی کە حکومەتی عیراق دیاری دەکات.
مادەی بیست و نۆیەم
ڕێوشوێنەکانی جێبەجێکردن
هەرکاتێک پێویست بکات هەردوولا میکانیزمی گونجاو دادەنێن بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی ئەم ڕێککەوتنە به و مادانەشەوە کە میکانیزمی دیاریکراویان بۆ جێبەجێکردن لەخۆ نەگرتووە.
مادەی سییەم
ماوەی کارپێکردنی ئەم ڕێککەوتنە
1 − ئەم ڕێککەوتنە بۆ ماوەی سێ ساڵ کاری پێدەکرێت ئەگەر کۆتایی بە کارپێکردنی نەهێنرێت لەلایەن یەکێک له هەردوو لایەنەکەوە بەر لەکۆتایی هاتنی ئه و ماوەیە و بەپێی کارکردن بە بڕگەی 3 لەم مادەیە.
2 − ئەم ڕێککەوتنە هەموار ناکرێت بە ڕەزامەندی ڕەسمی و نووسراوی هەردوولا نەبێت بەگوێرەی ڕێوشوێنە دەستوورییە کارپێکراوەکان لە هەردوو وڵاتدا.
3 − کارکردن بەم ڕێککەوتنە کۆتایی دێت دوای ئەوەی یەک ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر وەرگرتنی یەکێک لە هەردوولایەنەکە ئاگادارکرنەوەیەکی نووسراو لە لایەنەکەی دیکەوە بۆ ئه و مەبەستە.
4 − ئەم ڕێککەوتنە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە لە یەکەم ڕۆژی کانوونی دووەمی 2009وە، پاش ئەوەی هەردوولا یاداشتی دیپلۆماسی پشتیوانی بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنە پێویستەکان لەلایەن هەریەکێکیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەپێی ڕێوشوێنە دەستوورییە کارپێکراوەکان لەلای هەردوولا.
ئەم ڕێککەوتنە ئیمزاکرا لە (بەغدا) بەمێژووی (17.11.2008) بەدوو کۆپی ئەسڵی بەهەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و هەردوو دەقەکە لە بەڵگەی یاساییدا وەک یەکن.
#17-11-2008#