ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای #سلێمانی# بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبۆوە، لە کۆبوونەوەکەدا ڕێوشوێنی تەندروستیی و خزمەتگوزاریی و کارگێڕیی و ئارامیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بەیانی ژمارە (38)ی ساڵی (2020)ی #وەزارەتی ناوخۆ# تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو قەدەغەی هاتووچۆ، دیاریکرا.
بە کۆی دەنگی بەشداربووان ئەم بڕیارو داخوازییانە پەسەند کران:
1-بەیانی ژمارە (38)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو نووسراوی ژمارە (7253 و 7254)ی ڕۆژی (1/ 6/ 2020)ی وەزارەتی ناوخۆ وەکو خۆیان جێبەجێ دەکرێن و پێویستە هەموولایەک پابەندی تەواوی هەموو بڕگەکانی ئەم بڕیارانە بن.
2-پێویستە هاووڵاتیانی خۆشەویست پابەندی تەواوی بڕیارو ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان بن و ڕۆڵی شیاوی خۆیان لە پاراستنی تەندروستی خۆیان و خەڵکدا ببینن.
3-داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و دەستەبژێرو کەسایەتییە ئایینی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان دەکەین، کە هەماهەنگیی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بن و، ڕۆڵی شایان و پێویستی خۆیان لە پاراستنی ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیدا ببینن و هەموو ئەندام و لایەنگرو هەوادارەکانیان دڵنیا بکەنەوە، کە مەترسیی پەتای کۆرۆنا مەترسییەکی جدییەو هەر کەمتەرخەمیی و بەکەمگرتنێک کارەساتی گەورەی تەندروستیی و مرۆیی لێدەکەوێتەوە.
4-داوا لە هەموو دەزگاو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین، کە ڕۆڵی مێدیایی و نیشتمانیی و مرۆیی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناو بەرزکردنەوەی ئاستی پابەندبوون و خۆپارێزیی هاووڵاتیاندا ببینن و وەک هەمیشە چاودێرێکی وردی سەر دامەزراوە دەوڵەتیەکان بن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و ڕێکارە یاساییەکان، هەرکەس و کەناڵێک گیانی سەرکەشیی و بێباکیی و گومانی بەکەمگرتن و شێواندنی ڕاستییەکان بڵاوبکاتەوە، لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتییەوە ڕێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
5-دادگاکان و دادوەران و لێکۆڵەرە دادییەکان بەپێی پلانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی و فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی، لە دەوامی فەرمیدا دەبن.
6-فەرمانگەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی وەک (تەندروستی، ئاو، کارەبا، کشتوکاڵ، خزمەتگوزاریی شارەوانیی، خزمەتگوزاریی سیتییەکان، چاودێریکردنی زیادەڕۆیی، چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، خانەو شێڵتەرو گرتووخانەکان، پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت، سوتەمەنیی و پاڵاوگەکان، کارگە پیشەسازییە قورسەکان، ژینگەپارێزو کارگوزاری دارستان و باخچەو کێڵگەکان)، بەپێی نووسراوی فەرمیی فەرمانگەو کۆمپانیاکان بەردەوام دەبن لە کارەکانیاندا بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان، هەر شوێنێک سەرپێچی بکات، ڕێوشوێنی یاسایی و کارگێڕییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
7-پێویستە شۆفێران پابەندی تەواوی قەدەغەی هاتووچۆ بن و هەر شۆفێرێک قەدەغەی هاتووچۆ بشکێنێت ئۆتۆمبێلەکەی تا ڕۆژی (7/ 6/ 2020) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانییەوە، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
8-هەرکەسێک سنورەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی بەشێوەی نایاسایی ببەزێنێت، یان هەوڵی بەقاچاخ هێنانەوەی خەڵک بدات، ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
9-بازگەو تیمی گەڕۆکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەدرێژایی سنورەکانی #خانەقین# هەتا #کەرکووک# لە ئەرکدا دەبن و هەر هاووڵاتیەک هەوڵی گەڕانەوە لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی جگە لە بازگەکانی (بانی مەقان و #دەربەندیخان#) بدات، ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
10-هەر کەس و شوێنێک بڕیارو ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیی و کارگێڕیی و ئارامییەکان پەیوەست بە کۆرۆنا پێشێل بکات، لەلایەن فەرمانگەی داواکاری گشتییەوە داوای یاسایی بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی تەندروستیی و زیانگەیاندن بە تەندروستیی گشتیی لەسەر تۆمار دەکرێت.
11-لیژنەیەکی بەدواداچوونی هاوبەش لە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا، لە (نوێنەری قائیمقامیەت، هێزە هاوبەشەکانی لیژنەی ئارامیی، نوێنەری هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی تەندروستی، ئەوقاف، گەشتوگوزار، شارەوانی) لە ئەمڕۆوە لەژێر چاودێری قائمقامی قەزاکاندا پێکدەهێنرێت و ڕێکاری ڕاستەوخۆو خێرا بەرامبەر هەرکەس و شوێنێکی سەرپێچیکار دەگرنەبەر.
هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هەموو توانستمانەوە لە ئەرکدا دەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی شیاوانەی ئەم دۆخە مەترسیدارەو ئومێدمان پابەندیی و ئاستی بەرزی خۆپارێزیی و تەندروستیتانە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
#01-06-2020#