هەڤاڵ ئیدریس، سیمبوڵی خۆڕاگریی
بەردەوام بزوتنەوە ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەکان لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاراندا قەدەغەن و ئەندام و لایەنگرانیان دەخرێنە کونجی زیندانەوە و ئەشکەنجە دەکرێن، بەرگی یاسا و ئاسایشی نیشتیمانی بەبەر چەتەگەرێتی و پێشێلکاریەکانیاندا دەکەن، نموونەش لەزیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان دەبینین و لە سێدارەدان و ئەشکەنجەی ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش، شاهێدێکی دیکەی سیستمی هەژمونگەرا و دیکتاتۆری سەردەستەکانی کوردستانن.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان و لە حکومەتێکی بەناو کوردیدا ڕای جیاواز و هێزی ئۆپۆزسیۆن هەر هێندەی تەڤگەری ئازادی دەرفەتی کار و خەباتی هەیە، زیاتر لە ساڵێک و مانگێک ئەندامی تەڤگەری ئازادی لە ئەنجومەنی هەرێمی #هەولێر#، هەڤاڵ ئیدریس سەلیم لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتەوە ڕفێندرا و بەبێ بڕیاری دادوەر لە زیندان خرا و ئەمڕۆش پاش ئەو ماوەیە بێ لێپرسینەوە و بینینی دادوەر سەربەست کرا، ئەمە پێمان دەڵێت کە حوکمی قەرەقوشی لەم هەرێمەدا بەڕێوەدەچێت و تاکە شتێک کە لە ئیدارەداندا بوونی نەبێت یاسایە و بەردەوامیش بەناوی یاساوە هەرە کردارە قێزەونەکانیان ئەنجام دەدەن.
ئێمە وێڕای بەخێرهێنانەوەی سیمبوڵی خۆڕاگری هەڤاڵ ئیدریس، پێی دەڵێین کە شانازی بە هەبوون و بەرخۆدان و ئیرادە بەرزیتانەوە دەکەین و هەر ئەوەندەمان لە ئێوە و بنەماڵە سەربەرز و تێکۆشەر و قوربانیدەرەکەتان چاوەڕوان دەکرد.
هەر لێرەشەوە سوپاسی پارێزەرانی خۆبەخشی ئەم کەیسە دەکەین کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵمان بوون و بەهەموو شێوەیەک خۆبەخشانە خاوەنداریان لەم کەیسە کرد وەکو ئەرکێکی مرۆیی ئەخلاقی و بە بەرپرسیارێتیەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد کە بریتی بوون لە چوار پارێزەر.
سوپاس بۆ ئەو ناوەند و ڕێکخراو و ڕاگەیاندنانەی بەپێی توانا هەوڵی گەیاندنی ئەم کەیسەیان دا.
لە کۆتاییدا دەڵێین سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ تەواوی ئەو دۆست و وڵاتپارێز و ئازادیخوازانەی کە لە وشەیەکەوە خاوەن هەڵوێست بوون تا دەگاتە ئەوەی لە پێناوی ئازادی هەڤاڵماندا بە هەموو شێوەیەک هەوڵدانیان کرد لە سەرانی ئەو دەسەڵاتە کرد.
دوپاتی دەکەینەوە پەروەردەی ئەندام و هەڤاڵانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان تەسلیم بوون ناناسێت و تەڤگەرەکەشمان تا دوا نەفەس لەبەرەی گەلە و لە خزمەت گەلدا تێکۆشان دەکات و خاوەنداری لە هەموو بەها پیرۆزەکانی شەهیدان و ئازادیخوازان دەکات.
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی هاوسەرۆکایەتی
#02-06-2020#