دەزگا و ڕێکخراوەکانی باکوری کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی کە گەلی کورد هێرش دژی زمانی خۆی قبوڵ ناکات، ڕوونیان کردەوە، کە کوشتنی کاچان، هێرش بۆسەر زمانی کوردییە.
دوێنێ چەندین دەزگا و ڕێکخراوی باکوری کوردستان لەسەر هێرشی فاشیستەکان بۆسەر گەنجێکی کورد لە ئەنقەرە، لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی کوردی و شەهید کردنی، ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئەو هێرشەیان شەرمەزارکرد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: بەهۆی سیاسەتی بەتاوان زانینی زمانی کوردی و بێ سزا مانەوەی هێرشەکان دژی کورد، ڕۆژانە هێرش دەکرێتەسەر کورد و زمانی کوردی و ڕۆژ نییە کە بە ئامانج نەکرێن، دوو ڕۆژ لەمەوبەر کتێبخانەی جەلادەت عەلی بەدرخان بەدەستی قەیوم هەڵوەشێندرایەوە، یەکەم کاری قەیومەکان دوای دانانیان، لابردنی تابلۆ کوردییەکان بەسەر دەرگای شارەوانییەکانەوە بوو، هەروەها زمانی کوردییان لە ماڵپەڕەکان سڕییەوە.
لە بەردەوامیدا بە هێنانەوەی چەند نمونەی دیکەی هێرشی فاشیستانەکان لە ماوەی ڕابردوو و برینداربوون و کوژرانی کورد لەو هێرشانەدا و هەروەها بە ئاماژەدان بە کوژرانی باریش چاکان لەلایەن فاشیستەکانەوە لە ئەنقەرە، هاتووە: کاردانەوەکان بەرامبەر ئەو هێرشە نیشانیدا کە گەلی کورد و ڕای گشتی دیموکراتی هێرشێکی دیکەی نەژادپەرەستانە دژی گەلی کورد و زمانی کوردی قبوڵ ناکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا دەزگا و ڕێکخراوەکان، خەمگینی خۆیان بەرامبەر کوژرانی باریش چاکان دەربڕیوە و سەرەخۆشییان لە خانەوادەکەی کردووە و ڕاشیانگەیاندووە: ڕێگای پێشگرتن لەو شێوە هێرشانە ئەوەیە کە لێپرسینەوەیەکی کاریگەر بکرێت و کۆتایی بە سیاسەتی نەفرەت و جیاکاری بهێنرێت.[1]
#03-06-2020#