چاوەڕێ دەکرێت ئەمساڵ لە دەشتی مێردینی باکووری کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن دانەوێڵە کۆبکرێتەوە. بەهۆی بارانبارین و باشیی کەشوهەواوە ئەمساڵ بەرهەمهێنانی دەخڵودان لە مێردین 30% بەرزبووەتەوە.
لە دەشتی مێردینی باکووری کوردستان لە ڕووبەری سێ ملیۆن هێکتار زەویی چێنراودا دەست بە دروێنە و کۆکردنەوەی دانەوێڵە کراوە.
مێردین کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی کشتوکاڵ لە باکووری کوردستان، بەهۆی بارانبارینێکی زۆر لە وەرزی بەهاردا بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی بە ڕێژەی 30٪ زیادی کردووە.
محەممەد شەریف ئۆتە، سەرۆکی ناوەندی بازرگانی و دانەوێڵەی قۆسەر ڕایگەیاند، وەرزی دروێنەی گەنم تازە دەستی پێکردووە. دروێنەی جۆ و نیسک دوو هەفتە پێش ئێستا دەستی پێکرد و ئەوەندەی نەماوە تەواو ببێت. دروێنەی گەنم تازە دەستی پێکردووە، بەچڕی بەڕێوەدەچێت. تا 15ی حوزەیران دروێنە تەواو دەبێت. ئاستی بەرهەم باشە و جۆرەکەیشی باشە. بەراورد بە پار بەرهەمی گەنم بە ڕێژی 20٪ بۆ 30٪ زیادی کردووە.
لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا جووتیاران لە بەیانیی زووەوە تا درەنگانی شەو لە زەوییەکاندا کاردەکەن. لە هەر دۆنمێکدا بڕی 550 تۆن گەنم دەدروونەوە و بە بارهەڵگر دەیبەن بۆ ناوەندی بازرگانی و دانەوێڵەی قۆسەر. بە گوێرەی جۆری گەنمەکە کیلۆی بە 1.7 بۆ 1.85 لیرە دەفرۆشن.
محەممەد ئەمین چیفتچیئۆغڵو، شۆفێری دەڕاسەیە و دەڵێت، دوای یەک-دوو مانگ ئامادەکاری دەستمان بە وەرزی دروێنەی 2020 کرد. بەیانیان کاژێر 06:00 لە ماڵ دێینە دەرەوە و ئامادەکاری خۆمان دەکەین. کاژێر 07:00 بۆ 07:30 دەچینە نێو زەوییەکان و تا 11:00ی شەو کاردەکەین.
بەرهەمێنەرانی دانەوێڵە لە پارێزگای مێردین چاوەڕوان دەکەن لەو سێ ملیۆن هێکتار زەوییە چێنراوەی دەشتی مێردین کە 80٪ی گەنمە، ئەمساڵ نزیکەی ملیۆن و نیوێک تۆن دانەوێڵە کۆبکەنەوە.[1]
#10-06-2020#