ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی د.#هەڤاڵ ئەبوبەکر# پارێزگاری #سلێمانی#، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆبۆوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر مەترسییە کارەساتبارەکانی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆناو ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کرا، دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستاو ڕابردوو و پێشبینیەکانی داهاتوو، چەندین پێشنیاز خرانەڕوو، بەکۆی دەنگ ئەم بڕیارو ڕێنمایی و پێشنیازانە پەسەندکران:
1-ڕێکارەکانی چاودێریکردن و بەدواداچوون و لێپرسینەوە بەرامبەر هەر سەرپێچییەکی ڕێنماییە تەندروستیی و کارگێڕییەکان توندترو خێراترو فراوانتر دەکرێن و بۆ ئەم مەبەستە بنکەکانی تەندروستیی و پۆلیس و ئاسایشی گەڕەکەکان ڕاسپێردران و دەسەڵاتی تەواویان دراوەتێ بۆ چاودێریکردن و لێپرسینەوه و داخستنی هەر شوێنێک لە سنوری گەڕەکەکاندا، کە پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت.
2-سەرجەم یەکە کارگێڕیی و فەرمانگاکانی دەوڵەت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا ڕاسپێردراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بەپێی تایبەتمەندی فەرمانگاکەیان و داخستنی هەر شوێنێکی سەرپێچیکار لەڕێی تیمی پشکنینی فەرمانگاکەیانەوە بەتایبەتی فەرمانگاکانی (تەندروستی، شارەوانی، ئەوقاف، گەشتوگوزار).
3-لیژنەی بەدواداچوونی یەکە کارگێڕییەکان و لیژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەتەکان و تیمە تەندروستیەکان بە هەماهەنگیی لیژنەکانی ئارامیی لە پارێزگاو قەزاو ناحیەکاندا هەر شوێنێکی سەرپێچیکار دادەخەن و ڕووبەڕووی ڕێکاری یاساییان دەکەنەوە.
4-بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و قەزاو ناحیەکان ڕاسپێردراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی گشتی (تاکسی، مینی پاس، پاس) ئەگەر پێچەوانەی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیەکان کاربکەن.
5-هەموو فەرمانگاکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت پێویستە پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستیەکان بن و بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەرو دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت دادەخرێن.
6-هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە جگە له و حاڵەتە مرۆیی و دبلۆماسیی و بازرگانییانە نەبێت کە بەیانی #وەزارەتی ناوخۆ# دیاریکردوون، هەر سەرپێچی و بەکەمگرتنێک بەڕێوەبەرو بەرپرسی دەروازە نێودەوڵەتی و مەرزو بازگەکان ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکاتەوە.
7-هەر هەوڵێک بۆ هێنانی خەڵک بەقاچاخ، یان بەقاچاخ گەڕانەوە، بەتاوانی زیانگەیاندن بە سیستمی گشتی و ئاسایشی تەندروستیی و تەندروستیی گشتیی ئەژمار دەکرێت و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
8-هەرکەس و گروپ و دامەزراوه و مێدیاو هێزو لایەنێکی سیاسیی، هەوڵی بە سیاسەتکردنی ئەم بارودۆخە تەندروستیە بدات و هانی هاووڵاتیان بدات بۆ پابەندنەبوون و بەدگومانی بە مەترسییەکانی پەتای کۆرۆنا، لەلایەن فەرمانگای داواکاری گشتییەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
9-لە ئێوارەی ئەمڕۆوە هەموو مزگەوتەکانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی تا کاتێکی نادیار دادەخرێن.
10-لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە تا کاتێکی نادیار پەیمانگا فێرکاریی و پیشەییەکان ناکرێنەوە.
11-دانانی پرسە لە مزگەوت و گەڕەک و ژێرخێمه و ماڵەکانیشدا بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
12-ئاهەنگ و بۆنه و کۆڕو کۆبوونەوه و لایڤ موزیک و هەر چالاکییەک قەرەباڵغی و تێکەڵاوبوون دروست بکات قەدەغەیە.
13-پێویستە هەموو مۆڵ و مارکێت و بازاڕەکان ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن و بەپێی ڕووبەرو قەبارەی شوێنەکان ڕێگا بە هاتووچۆی هاووڵاتیان و بازاڕکردن بدەن، بەپێچەوانەوە دادەخرێن.
14-داوا لە هەموو نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت دەکەین، کە پشتیوانی و هەماهەنگیی کەرتی تەندروستیی دەوڵەتیی بن، لەکاتی زیادبوونی ژمارەی تووشبووەکاندا نەخۆشخانەکانیان بخەنە خزمەت کەرتی تەندروستی گشتییەوه و خۆیان بۆ ئەم دۆخە نوێیە ئامادەبکەن، چونکە لە حاڵەتی زۆربوونی تووشبووندا لە توانای نەخۆشخانە حکومییەکاندا نامێنێت نەخۆش وەربگرێت.
15-داوا لە هەموو کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین ڕۆڵی بەرپرسیارانەی مێدیاییانەی مرۆییانەی نیشتمانییانەی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا ببین و پشتیوانی کەرتی تەندروستی و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی بکەن.
16-داوا لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین ڕۆڵی شیاوی خۆیان لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی خۆپارێزیی و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی لای هاووڵاتیاندا، ببینن.
17-داوا لە هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین بەیەکەوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێیەکان و هاووڵاتیانی کوردستان بکەن، خۆیان لە هەر ململانێیەکی سیاسیی و بەسیاسیکردنی دۆزو دۆخی تەندروستی، بەدووربگرن.
18-داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین بە متمانەیەکی تەواوو بە هۆشیارییەکی فراوانەوە خۆیان بپارێزن و پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکانەوە، دڵنیایان دەکەینەوە، کە ئەگەر هەموو بە وره و ئیراده و متمانەیەکی تەواوەوە بەرەنگاری کۆرۆنا نەبینەوە، ئەوا لە ڕۆژانی ئایندەدا دەبێت چاوەڕوانی مەرگی خۆمان و ئازیزانمان بکەین و توانستە تەندروستی و مرۆییەکانمان توانای وەرگرتنی نەخۆشیی نوێ و چارەسەرکردنی ژمارەی زۆری تووشبووانی نامێنێت و وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە. دەبێت دڵنیابن کە گیان و ژیان و بژێویی و کارو کەسابەتمان دوچاری هەڕەشەی گەورە دەبنەوە. پێویستە لەسەر بنەمای سزاو خۆپارێزیی گشتیی، خۆیان لە هەر شوێنێک داببڕین کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نابێت و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە بۆ داخستنی ئه و شوێنانە.
19-داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بەخێرایی موچه و مافی دارایی کەرتی تەندروستی و هەموو کەرتە حکومییەکانی تر خەرج بکات و ڕێزلێنان و پێزانین بۆ هەموو ئه و پزیشک و کارمەندانەی بوارە جیاجیاکانی تەندروستیی بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو کەرتە جیاجیاکانی کارگێڕیی و ئارامیی و خزمەتگوزاریی و ئابوورییانەی تریش بکات، کە لەم بارودۆخەدا خۆنەویستانە خزمەت دەکەن.
20-پێشنیاز دەکەین بۆ وەزارەتی تەندروستی، کە ژمارەی پشکنینەکان لە کەرتی گشتیدا زیاتر بکات و دەرفەتیش بداتە کەرتی تایبەت کە لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستیدا بتوانن پشکنینی کۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان بکەن، چونکە ئەگەر خۆپارێزی بەردەوام نەبێت و پابەندییەکان زیاتر نەبن، لە ڕۆژانی ئایندەدا دەرفەتەکانی پشکنینی هاووڵاتیان زۆر کەمدەبنەوە.
21-داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین، کە ئاماری ڕۆژانەی پارێزگاکانی هەرێم بەیەکەوه و لەیەک کاتدا ڕابگەیەنێت و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش شوێن و گەڕەکی تووشبووان دیاری بکرێن و بڵاوبکرێنەوە.
22-هاووڵاتیانی خۆشەویست، داوا لە هەموولایەکتان دەکەین پابەندی تەواوی ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن، بەپێچەوانەوە ناچار دەبین لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشنیازی قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ بکەین، کە بەدڵنیایی هەڕەشه و مەترسیی گەورە لەسەر بژێویی و ئابووریی و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و دەوڵەتیش دروست دەکات.
23-داوا لە هەمووان دەکەین کە هەموو ڕۆژێکی پێنجشەممە لە سەعات (8)ی ئێوارەدا بۆ ڕێزلێنان لە ئەرک و ماندوبوون و جوامێریی و شکۆمەندیی کەرتی تەندروستی: گوڵێک لەسەر دیواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان کەناڵەکان، یان ناوەندە تەندروستییەکان، یان سەرمێزو ناوگوڵدان و پەرداخ و حەوشه و هەیوان و ئینجانه و باخچەی ماڵەکانتاندا دابنێن، وەک هێمایەک بۆ ڕێزگرتن لەم مرۆڤە میهرەبانانە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
#11-06-2020#