کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆدار ڕایدەگەیەنێت، قۆناغێکی تازە و بەربڵاوی هێرش بۆ سەر گەلی کورد لە کەسایەتی #پەکەکە#دا بە بەشداری و هاوکاری هەندێک لایەنی بەکرێگیراوی کوردستان دەستی پێکردووە، بەڵام تەنها لەناوچوون یان لاواز بوونی پەکەکە بەسە بۆ پاکتاوکاری و توانەوەی گەلی کورد و بە پێوێستی دەزانێت خەڵک لە دژی ئەو پیلانگێڕییە بڕژێنە سەر شەقام.
کۆدار لە بانگەوازییەکدا ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێرشانە کە ماوەیەکی زۆرە و بە شێوازێکی بەربڵاو هەم لە بواری ڕاگەیاندن و دیبۆلۆماسیدا کاری بۆ دەکرێت و لە چوارچێوەی پیلانێکی نێونەتەوەییدا بەڕێوەدەچێت و گەلێک هێز و لایەنی تێدا بەشدارە و بە ڕێککەوتنێکی بەربڵاو ئەنجام دەدرێت، پێشیوایە سەردانە یەک له دوای یەکەکانی وڵاتانی هەرێمی لە بواری دیبلۆماسی و بەڵێن تازەکردنەوەیان، سەلمێنەری ئەو بابەتەیە.
دووپاتیشیدەکاتەوە، نەک هەر تەنیا هێزەکانی هەرێمی وەک ئێران و تورکیا بۆ ئەو مەبەستە پەیمانەکانیان نوێ دەکەنەوە و هەوڵدانیانە بۆ پەلکێشکردنی وڵاتانی هەرێمی بۆ ناو ئەو پیلانگێڕییە، بەڵکو هەندێ لایەنی بەکرێگیراوی کوردستانیشی تێدا بەشدارە و خەریکی هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگای کوردستانن لەو چوارچێوەیەدا، بەڵام لەناوچوون یان لاوازی پەکەکە تەنیا بەسە بۆ پاکتاوکاری و توانەوەی گەلی کورد و بەدەر لەوەش خۆ فریودانە.
کۆدار هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، لەوانەیە لە قۆناغی یەکەمدا هێرشەکە ڕووی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بێت، بەڵام ئەوە بۆ هێزەکانی دیکەی کوردستانیش وەک ئارامی پێش تۆفان دەبێت و هەر ئێستاش گەورەترین مەترسی لەسەر گەلی ئێزدی و کەمپی پەنابەران #مەخموور#ە و گەلی ئێزدی دەبێ کە ڕووبەڕووی پاکتاوکارییەکی دیکە یاخود فەرمانی نوێ ببێتەوە.
پێشیوایە ئەگەرچی کۆسپ نانەوەی داگیرکەران و نەیارانی ناوخۆیی و بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی دەرفەتی سازدانی یەکێتی نەتەوەیی هەتا ئێستا نەداوە، بەڵام گەلی کورد لە بواری ڕوحی و هزری نەتەوەیی هەموو سنوورەکانی بڕیوە و خاوەن ئەزموون و کردار و ڕەفتاری یەکگرتووە.
داواش لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا وەک کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خوێندکاران و چالاکانی مافی مرۆڤ داوادەکەین کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە هەڵسوکەوت بکەن و هەرکەسێک لە هەر تەمەنێکدا دەبێ چالاکانە بەشداری لە بەرەنگاری ئەو پیلانگێڕییەدا بکات.
بە تایبەت کۆدار داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکا کە خاوەن هەڵویست بن لە بەرامبەر داگیرکاریی و بەکارهێنانی ئایین بۆ مەبەستی سیاسی بۆ پاکتاوکاری گەلی کوردو پێوێستە شەقام بە جۆش و خرۆش بێت و پڕاوپڕبێت لە ڕوحی نەتەوەیی.[1]
#19-06-2020#