عەبدوڵڵا حەمە ساڵح، ناسراو بە (خاڵە عەبە یان عەبەی تەمە) یەکێک لە هونەرمەند، ئەکتەرە ناسراوەکانی بواری نواندنە لە شاری #سلێمانی#.
بنەماڵەی خاڵە عەبە، لەگەڵ ئەوەی لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سلێمانین، بەڵام بەهۆی ئەوەی باوکی پۆلیس بووە، هەوارگەیان هەر ساڵێک گواستوەتەوە بۆ ناوچەیەک، هەر یەک لە خوشک و براکانی لە شوێنێک لە دایکبوون و خاڵە عەبەش وەک خۆی دەڵێت: بەر ناوچەی #بەرزنجە# کەوتووە و لە زستانی ساڵی 1950 لەوێ لە دایکبووە.
هەر لە تەمەنێکی کەمەوە دایک و باوکی لە دەست دەدات و لە لای ژنی دووەمی باوکی گەورە دەبێت، کە وەک خۆیی باسی دەکات لە دایک ئازیزتر و باشتر بووە بۆیی و توانیویەتی بە شێوەیەکی باش پەروەردەی بکات، تەنانەت تەمە کە نازناوەکەیەتی لە دایکی دووەمی بۆیی ماوەتەوە و لەلای زۆربەی خەڵک بە عەبەی تەمە ناسراوە.
خاڵە عەبە، چەند جارێک بەهۆی بارودۆخی سیاسی لە خوێندن دابڕاوە، دواتر لە ساڵی 1960 و لە تەمەنی منداڵیدا دەچێتە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە، بەڵام بەهۆیی تەمەنی کەمیەوە وەرناگیرێت و دەگەڕێتەوە لە دوای خوێندن و تێپەڕاندنی چەند قۆناغێک لە ساڵی 1970 دەست بە کاری هونەری دەکات و یەکەم بەشداری کردنیشی لە بەرهەمی (چەم بێ چەقەڵ نابێت) بوو و دواتریش بەشداری لە چەندین کاری وەک #چەخماخە#، لانەوازان، تیپی #هاوڕێیانی گەزیزە#، بەرنامەی بەرنامە و چەندین کاری دیکە کردووە.
لە کاتی پێشمەرگایەتیدا و لە ساڵی 1974 لەگەڵ یەکێک لە هاوخەباتەکانی هاوسەرگیری دەکات و دەبنە دایک و باوکی دوو کوڕ و کچێک بە ناوەکانی (گۆران، ئالان و شۆخان)، کە ماوەیەک لە شاخ دەمێننەوە و چەند ساڵێکیش ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و لە شاری #سەقز# نیشتەجێ دەبن، پاشان دەگەڕێنەوە و بۆ هەمیشە لە سلێمانی دەگیرسێنەوە، لە ساڵی 1996 بەدواوە کۆلێژی سەربازی تەواوکردووە و بووەتە ئەفسەر لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و چەند ساڵێک بەڕێوەبەری شارەدێی قەرەداغ بووە.
باشووری کوردستان بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و زنجیرە دراماکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام زۆرینەی ئەو زنجیرە درامایانەی ئێستا نەیانتوانیوە تا ئاستێکی باش جێگای خۆیان بکەنەوە و ببنە بەشێک لە بیرەوەری خەڵک.
بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە (بەرنامەی بەرنامە) کە بەرنامەیەکی کۆمیدی تەنز ئامێزبوو لە کەناڵی خاک تیڤیەوە لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەش دەکرا و چەند هونەرمەندێکی کورد لەوانە هونەرمەند خاڵە عەبە ڕۆڵیان تێدا دەبینی، دەبینین تا ئێستا چێژ و کاریگەرییان لەناو خەڵکدا ماوە، هونەرمەند عەبدوڵڵا، دەربارەی ئەو بەرنامەیە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە لەو کاتەدا کە کارێکمان دەکرد لە زۆر ڕووەوە پێداچوونەوەمان بۆ دەکرد و پرسمان بە شارەزایان دەکرد، بە تایبەت ئەوەی کە بابەتەکە دەبێت ڕەنگدانەوەی ژیانی خەڵک بێت و هەرواش بوو.
ئەو هونەرمەندە باسی لە هونەرمەندی ڕەسەن و کاریگەر کرد، کە دەبێت خاوەن فکر بێت، وتی: یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە کە ئەگەر هونەرمەند پابەند نەبێت بە خۆیەوە و بیرێکی نەبێت، لە بۆشاییدا دەخولێتەوە و ئەمەش پەسەند نییە، چونکە ئەگەر فکر و ئامانج گونجاو بوو ئەوا خەڵکیش سوودی لێوەردەگرێت، بۆیە هونەر فەلسەفەیەکی مرۆییە و ناتوانێت لێی دابڕێین و ئێمە قوربانی زیاترمانداوە تا بتوانین بە باشی هونەرەکەمان بگەیەنین، لەمڕۆژەدا جیاوازی زۆرە ئەوەی توانای هەیە پێویستییەکانی نییە و هەشە بە پێچەوانەوەیە.
هاوکات لە بارەی ئەو زنجیرە درامایانەی کە پەخش دەکرێن و بەشێکی ژیانی خەڵکیان داگیرکردووە، ڕەخنەی لە کەناڵەکان گرت: ئەم کەناڵە تەلەڤزیۆنانە تەنیا ئامێرێکی ئاسایی نییە بەڵکوو ئەگەر بە عەقڵێکی هۆشمەندانە بەرنامە بڵاو نەکرێتەوە ئەوا کۆنتڕۆڵی فکری مرۆڤەکان دەکرێت، بە تایبەت ئەم جیلە نوێیە کە بەرەو هەڵدێر دەبرێن نەک ئەوەی سەر بخرێن، بۆیە دەبێت لە ژێرهۆشی نەریتی کۆمەڵایەتی خۆمان دەرنەچین، نەک ئەوەی پێش نەکەوین با پێش بکەوین بەڵام بە ناوەرۆک، ئەم ئەرکەش دەکەوێتە سەرشانی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستی ئەم وڵاتە کە فریا بکەون، بەڵام ئەگەر بێدەنگ بن نیشانەی کۆتایی هاتنە.
ئەو هونەرمەندە لە کۆتایشدا وتی: من ناتوانم بڵێم هونەرەکەم جیایە لە خاک و کێشەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگەکەم، مەحاڵە مرۆڤ دابڕێت لە خاک و نەتەوە و ئێمە ئەگەر شتێک بکەین بۆ نەتەوەیە، بە تایبەت ئەوەی کە ژیان هونەرە و ئەوەی بزانێت باش بژی هونەرمەندە.
خاڵە عەبە، لە ساڵی 2012ەوە خانەنشین کراوە و ئێستا زۆرینەی کاتەکانی لە ماڵ و سەردان کردنی هاوڕێیان، پەرتووک خوێندنەوە و دانیشتن لە چایخانەی شەعب بە سەر دەبات.[1]