ڕژێمی خومەینی لە 12 ی جۆزەردانی ساڵی 1362 کۆچی خۆری، لە ڕاگەیاندراوێک دا کە لەلایەن فەرمانداری ئەوکاتەی #مەهاباد# حەمیدرەزا جەلایی پووری خیانەتکارەوە ڕاگەیەندرا، 59 لاوی کورد یان لە شاری مەهاباد ئیعدام کردوە. زۆربەی ئه و لاوە تێکۆشەرانە لە دوو مانگی ئەوەڵی ساڵی 1362 ی کۆچی خۆریدا واتە خاکەلێوە و بانەمەڕ زیندانی کرابوون. چەند کەسیان تەمەنیان ژێر 18 ساڵ بوو و لە خوێندنگای سەرەتایی دەیانخوێند. ئیعدامی ئەو لاوانە لەدرێژەی جینایەتکاری و ستەمگەریەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی لە بەرانبەر خەڵکی #کوردستان# بە تایبەت، و تێکڕای نەتەوەکان و خەڵکی ئێران بوو. هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی خومەینی، ئەو دەسەڵاتە هەوڵیدا بە جینایەت و کوشتوبڕ وەڵامی ماف و ئازادیەکانی دانیشتوانی کوردستان و جوڵانەوەی مافخوازنەی گەلی کوردو بڕیاڕی جەماوەری کوردستان بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادی و ڕزگاریەکانی بداتەوە.
جینایەت و ستەمی بێ بەزییانەی ئەو دەسەڵاتە لە تێکڕای شارو ناوچەکانی کوردستان دەستی پێکرد کە لە ماوەی 41 ساڵدا بەردەوامە. تاوان و جینایەتی بەردەوامی دەسەڵاتی ئاخوندی لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و تێکڕای خەڵکی ئێران، ئەو ڕاستیەمان بیردەهێنێتەوە، کە ڕژیمی ئاخوندەکان گۆڕانکاری بە قازانجی خەڵک لێ ڕەچاوناکرێ و هەر جۆرە هەوڵێک بۆ دانوستان و ووت وێژ لە گەڵ ئەو دسەڵاتە دڕندەو دیکتاتۆرە، بە زیانی جەماوەری وەزاڵەهاتوو، بە زیانی ڕێبازی شەهیدانی سوورخەلاتی کوردستان و تێکڕای شەهیدانی شۆڕشی ڕەوادایەو تەنیا حکومەتی ستەمگەری ئێران بۆ مانەوەو درێژ بوونەوەی دەسەڵاتەکەی کەڵکی ڵی وەرگرتوە.
ئیعدامی 59 لاوی بێ تاوانی کورد لە شاری مەهاباد جینایەتێکی لە بیر نەکراوەیە لە لای خەڵکی کوردستان بە تێکڕاو تێکۆشەرانی ڕیزەکانی #سازمانی خەبات# ی کوردستانی ئێران بە تایبەت.
لە ساڵڕۆژی شەهادەتی ئەو تێکۆشەرانە سڵاو درود دەنێرین بۆ ڕۆحی بەرزیان و بەڵێن دەدەین تا سەرکەوتنی یەکجاری و هاتنە دیی ئامانجی پیرۆزی شەهیدان لە خەبات و تێکۆشانی شێلگیرانە لە بەرانبەر ڕژیمی ناڕەوای ئاخوندانی دژی خەڵکی بەردەوام بین.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی
12 ی جۆزەردانی 1399 کۆچی خۆری 06.01.2020 زایینی