دیاری ساڵح مەجید، یاسین تەها، عەلی مەعمووری و هەڵمەت غەریب
#ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو#
2020
ئەم بەرهەمە کە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە لەخۆدەگرێ، ئەگەر و پێشهات و سیناریۆکانی پەرەسەندنی دۆخی سیاسی و ئابووری و جڤاکی لە عێراق لە سایەی باڵادەستیی ئەحزابی مەزهەبی و تێکچڕژانی بەرژەوەندیی هێزگەلی نێوخۆیی و دەرەکی لەسەر ئەم گۆڕەپانە تاوتوێ دەکات.
وەک لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا هاتووە: “جگە لە هەڵسەنگاندنی پراکتیکی نزیکەی دوو دەیەی رابردووی سیاسەتی شیعی کە مۆری خۆی لە عێراق داوە، زۆر پرسیاری دیکە سەبارەت بە کاریگەرییە گریمانەییەکانی سیاسەتی شیعی لەسەر داهاتووی عێراق گەڵاڵە دەبن. ئەوان چ تەونێک بۆ داهاتووی پەیوەندیی ئایین و دەوڵەت، ئایین و دیموکراسی دەچنن؟ ئایا لە قۆناخی باڵادەستیی شیعیدا گوتاری دەوڵەتی مەدەنی زاڵ دەبێت، یان دەوڵەت وردە وردە بەرەو دینداری مل دەنێت”.. و عێراق بەرەو دووەمین کۆماری شیعی لە ناوچەکە وەردەسووڕێ؟
لێکۆڵینەوەکان کە هەریەک لە پ.د.دیاری ساڵح مەجید، یاسین تەها، عەلی مەعمووری و د.هەڵمەت غەریب، نووسیویانە، هەوڵدەدەن وەڵامی ئەم پرسیارە و گەلێ پرسیاری دیکەی چارەنووسساز بە خوێنەر بدەنەوە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو هەوڵدەدات سەرچاوەی زانیاری و شرۆڤەکانی سەبارەت بە رووداوەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فراوان بکات و ئەمەش بە نوخبەی سیاسی و ئەکادیمی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت. لەڕێی تۆڕێکی فراوانی لێکۆڵینڤانان و سیاسیی و شرۆڤەکارانی هاوکاری خۆیەوە لە کوردستان و ناوچەکە.[1]