$باکووری کوردستان$
- لە ناوەندی شاری #جۆلەمێرگ# و لە ناوچەکانی #شەمزینان# و چەلێ و گەڤەر ناوەندی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (#کەجەدە#) لەلایەن پۆلیسی تورکەوە کرایە ئامانج و لەو چوارچێوەیەدا لێکۆڵینەوە لە دژی کەجەدە دەستیپێکرد و هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ. ئەو کەسانەی دەستگیرکراون ناوی بەشێکیان ڕوون بووەتەوە و بریتین لە؛ پنار یڵماز بەڕێوەبەری #هەدەپە#ی شەمزینان، شوکرو چالی، نیهاد تورگوت، ڕەمەزان ئەریک، محەمەد ئەمین سەڤەن، هێڤیدار ئەرتوچ، عومەر فاروق تەکین و فەلەما ئاکەر.[1]
- لە ناوچەی جزیری شڕنەخ پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر ماڵی هاوڵاتیان و 8 کەسی دەستگیرکرد. ڕاگەیەنرا کە بۆ دۆسیەی ئەو 8 کەسە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەکەدا بڕیاری شاردنەوەی دۆسیەکانیان دراوە و کاتی دەستگیرکردنیان بۆ 4 ڕۆژ درێژکراوەتەوە. لە ناوچەی سلۆپیش دەلیل ئورەک ئەندامی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەستگیرکرا و ماوەی دەستگیرکردنەکەی 4 ڕۆژ درێژکرایەوە.[1]
$باشووری کوردستان$
- فڕۆکەکانی تورکیا لە گوندی ئەرەدنای سەر بە شارۆچکەی #بامەڕنێ#ی سنووری شارۆچکەی #ئامێدی#، ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج، بەڕێوەبەری شارۆچکەی بامەڕنێ دەڵێت دوو کەس کوژراون و کەسێکیش بە سەختی برینداربووە.[2]
- لەسەر ڕێگای گەروی باران و لە نزیک گوندەکانی گەلی شێخ زادانی سیدەکان، لە کاتی تێپەڕبوونی دوو ئۆتۆمبێلی هێزەکانی پێشمەرگە، سوپای تورک بە دۆشکە تەقەی لێکردوون و فیشەک بەر ئۆتۆمبێلی عەقیدێکی پێشمەرگە کەوتووە.[1]
- وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوی ژمارە 170ی تایبەت بە ئاماری ڕەوشی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند. بە گوێرەی ئامارەکە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 13 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 667 کەسیش تووشی پەتاکە بوون.[3]
- ئەمڕۆ لە شارۆچکەی #چەمچەماڵ#، هونەرمەندی شێوەکار و خۆشنووسی کورد، #چیا نازم گلی# بە هۆی #کۆرۆنا# کۆچی دواییکرد.[3]
- شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ، ئاشکرایکرد: مانگانە لەهەر دەروازەیەک 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلار قاچاخچیەتی دەکرێت. دەشڵێت: قاچاخچێتییەکی ڕێکخراو هەیەو کەسانی باڵادەستی لەپشتەو ناتوانرێت هیچ لێپرسینەوەیەکی یاساییان لەگەڵدا بکرێت و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانیش گیریان بەدەستیانەوە خواردوەو ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن.[5]
- وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەدات ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی گەشتیاران بۆ ئاستی سفر دابەزیوە، ئەمەش کاریگەری زۆر هەبووە لەسەر پاشەکشەی ئەم کەرتە و زیانی گەورەشی بە ئابووری کوردستان گەیاندووە.[4]
$رۆژئاوای کوردستان$
- چەتەکانی تورکیا لە گوندی شادری ناوچەی شیێی #عەفرین# ئێزدیان بە ناوی نوردی جومبور شەرەف شەهید کرد. ئەو هاوڵاتیە کە لە لایەن فەیلەق شامەوە شەهیدکرا، 2 مانگ لەمەوبەر ڕفێنرابوو و لەبەرانبەر ئازادکردنی داوای 25 هەزار دۆلار دەکرا.[1](بڕوانە فایلی پەیوەندیدار)
$دەرەوەی کوردستان$
- نێردەی تایبەتی ئەمریکا سەرەخۆشی لە حکومەتی عێراق دەکات بۆ گیانلەدەستانی ئەو دوو ئەفسەرە کوردەی پاسەوانی سنووری عێراق، کە سێشەممەی ڕابردوو لەلایەن فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیا لە ناوچەی #سیدەکان# کرانە ئامانج.[2]
- ناوەندی چاودێریی ئازادیی ئایینیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات ژیانی هاونیشتمانییەکی کریستیانی عەفرین ڕزگاربکات کە لەلایەن میلیشیاکانی ئەو پارێزگایەوە بە تۆمەتی وازهێنان لە ئایینەکەی دەستبەسەرکراوە. ئەو هاونیشتمانییەی عەفرین ناوی ڕەزوان محەممەدە. بەپێی ڕاگەیێندراوێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ماوەیەکی زۆرە ڕەزوان و جەننەتی هاوژینی ئایینی خۆیان لە ئیسلامەوە گۆڕیوە بۆ کریستیان.[2]
- وەزارەتی دادی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتی ئێراندا گرتووە کە بەرەو ڤەنزیۆلا بەڕێکەوتبوو.[3]
- فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوا لە فەرەنسا، ئەڵمانیاو بەریتانیا دەکات ڕۆڵی کارایان هەبێت بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیاو کشاندنەوەی هێزەکانی سوپای ئەو وڵاتە لەنێو خاکی عێراق.[5]
- کۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ ڕایگەیاند: داوا لە دەسەڵاتدارانی کورد دەکات واز لە هەراسانکردنی ڕاگەیاندنەکان بهێنن و ڕێگە بە ڕۆژنامەنوسان بدەن ئازادانە ڕوماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن بێ ئەوەی ترسیان لەوە هەبێت هێرشیان بکرێتەسەرو دەستگیربکرێن.[5]