بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاووڵاتیانی خۆشەویست
پێش ماوەیەک داوام لە ئێوەی بەڕێز کرد، لەسەر ئه و بابەتانەی بەلای ئێوەوە گرنگە، ئەگەر پرسیارتان هەیە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە پرسیارەکان ئاراستەی ئێمە بکەن و منیش بە پێی توانای خۆم وەڵام دەدەمەوە.
بە سووپاسەوە زیاتر لە 45 هەزار پرسیار هاتووە، زۆر له و پرسیارانە وەک یەکن، بگرە لەسەر یەک بابەت زۆر پرسیار کراوە. ئێمە بابەتەکانمان پۆلێن کردووە و کردوومانەتە چەند تەوەرێک. هەوڵدەم وەڵامی هەندێک له و پرسیارانە ئەمڕۆ و دواتریش وەڵامی چەند پرسیارێکی تر بدەمەوە.
سووپاستان دەکەم بۆ متمانەتان و هیوادارم وەڵامی پرسیارەکانی خۆتان وەربگرنەوە.
یەکێک لە پرسیارەکان ئەمەیە، چاکسازی کەی جێبەجێ دەکرێت و بۆچی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە؟.
خۆشەویستان، چاکسازی بابەتێکی گرنگە، ئاسان نییە. لەسەرەتای ئەم کابینەیە و لە بەرنامەی حکومەتیشدا، باسی ئەوەمان کرد، چاکسازی بەشێکی هەرە سەرەکی دەبێت لە بەرنامەی حکومەتی ئێمە.
لەسەرەتاوە دەستمان بە زۆر شت کرد. هەنگاوی باش نرا. دواتر پڕۆژە یاسای چاکسازی ئامادەکرا و ڕەوانە کرا بۆ پەرلەمان و ڕەزامەندی پەرلەمانی لەسەر وەرگیرا. ئێستا ئه و یاسایە ئامادەیە وەک کارنامەی حکومەت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڵام بیرتان نەچێت، چاکسازی کارێکی ئاسان نییە. ڕاستە داواکاری زۆربەی خەڵکی کوردستانە. بەڵام خەڵکێکیش هەن لەوانەیە بەرژەوەندیان هەبێت، دەکرێت ئەوانە ڕێگری بکەن و ئاسانکاری نەکەن و هاوکار نەبن بۆ چاکسازی. لەبەر ئەوە ئەمە بابەتێکە پێویستی بە پشوو درێژی هەیە. پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێز هەیە. پێویستی بە هەندێک کاتیش هەیە بۆ ئەوەی بتوانین هەموو ئه و بەرنامەیەی لە کارنامەی حکومەت پێشکەشمان کردن جێبەجێ بکەین. ئەمە لەسەرەتای دەستپێکردنی کابینە، ئێمە چاکسازی وەک بابەتێکی سەرەکی کاری ئەم حکومەتە بووە و دەستمان پێکردووە و هەنگاوی باش نراوە، بەڵام هەندێکیش ماوە، کاتی دەوێت بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی چاکسازی. کەواتە دەستمان پێکردووە، لەم ماوەیە زۆر شتمان کردووە، لەوانە نەهێشتنی گەندەڵی و نەهێشتنی دیاردەی بەرتیلدان، ئەمە بەشێکی سەرەکییە لە چاکسازی. لە خەرجی حکومەت کاری باشمان کردووە. زۆربەی ئه و خەرجیانەی پێویست نەبوون، لابراوون و هەوڵی ئەوەمان داوە داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکەین. له و ماوەیە جیا لەوەی سەرچاوەی دیکەی داهات درووست بکەین، تەنیا بە ڕێکخستنەوەی ئه و داهاتەی لە حکومەتی هەرێم بووە، داهاتی ناوخۆ دوو ئەوەندە زیادی کرد. بەڵام بەداخەوە له و ماوەیە تووشی چەند قەیرانێک بووین، لەوانە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم و لە دنیاش بووە هۆی پەکخستنی ئابووری تەنانەت زلهێزەکانیش و بێگومان کاریگەری زۆری لەسەر ئابووری هەرێم هەبووە، داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ کەمبوویەوە. ئەمە وایکرد، تا حەددێکی زۆر کێشەمان بۆ درووست بکات. سەرەڕای ئەوەش ئێمە لە چاکسازی ئیداری و دارایی و له و ڕیفۆرمانەی پێشکەشمان کردوون بەردەوام دەبین.
حەز دەکەم پشووتان درێژ بێت و دڵنیاتان دەکەمەوە، کە من لەگەڵ ئێوە دەمێنمەوە و هەرچەند کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لەگەڵتان دەبم و بەردەوامیش دەبین لە جێبەجێکردنی چاکسازی لە هەموو ئاستەکاندا.
هەندێک پرسیاریش تایبەت بوون و لەسەر ژیانی تایبەتی خۆم پرسیار کراوون و بەڕێزێکی خۆشەویست دەڵێت: ئەگەر لە ژیانێکی ئاسایی و دوور لە سیاسەتت هەبوایە، حەزت دەکرد ببی بە چی؟
من حەزم لە شێوەکارییە. ئەگەر مەجالم هەبێت شێوەکاری دەکەم. حەزیشم لە سرووشتە و بێگومان لە بواری ژینگە پارێزیش وەک پیشە کارم دەکرد.
بەڕێزان هەندێک پرسیاری دیکەش هەن، یەکێک دەڵێت: سڵاو.. شاخەوانێکم و دڵسۆزم بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە، ئایا ئامادەیت ڕۆژێک لەگەڵ ئێمە بەشدار بیت لە پاککردنەوەی شوێنێک بۆ پاراستن و جوانی سرووشتەکەمان؟
خۆم لەبەرنامەم دابوو، بەڵام لەبەر ئەم وەزعە نالەبارەی پەتای کۆرۆنا ئەوەمان دواخستووە، خۆم لەبەرنامەم دابوو، ئینشەڵڵا هەوڵدەدەم بتاندۆزینەوە و دوایی بەیەکەوە دەچین بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگە.[1]