لە 70%ی خەرجیی ئاوارە و پەنابەرەکان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە 25%ی نەتەوەیەکگرتووەکان و لە 5%یشی بەخشەرەکانن. بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی داریی و کەمبوونەوەی هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژبەرۆژ دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان خراپتر دەبێت.
عەبدولمونعیم تەمەنی 58 ساڵە، لەگەڵ خیزانە حەوت کەسییەکەی سێ ساڵە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و خەڵکی شارەدێی قەرەوانە لە #شنگال#. لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمپنشینیی لێ قورسترکردووە، بەڵام هیچ شتێکی لە زێدی خۆی بۆ نەماوەتەوە و ناچارن لەوێ بمێننەوە.
عەبدولمونعیم عەبدوڵڵا، ئاوارەیە و دەڵێت، لەگەڵ هاتنی پەتای کۆرۆنا ڕێگەکان داخران و ڕێکخراوەکان دیار نین. بەڕاستی ژیان زۆر قورس بووە! برنج، ئارد و شەکر دەکڕین!
زوهەیە سەلمان، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت، لە ڕووی دەروونییەوە شەکەتم. پێشتر هاتوچۆ هەبوو دەچووم بۆ لای خزمان و ئەوان دەهاتن. ئێستا لە ڕووی دەروونییەوە ماندووم؛ نە چوون نە هاتن هیچ نییە.
UNHCR لە شەش مانگی ئەم ساڵدا پارەیان بۆ 65 هەزار خێزانی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە. لە هەوڵدان بۆ دەستخستنی بودجەیەکی 420 ملیۆن دۆلاری بۆ ئێڕاق بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بودجەیەکی 2.2 ملیار دۆلاریش بۆ هەموو جیهان.
سەیف خەتیب، گوتەبێژی UNHCR لە ئێڕاق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، وەڵامدانەوەی قەیرانێکی لەم شێوەیە سەرکەشییە. بەڕاستی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ناتوانێت بە تەنیا وەڵامی قەیرانێکی لەم چەشنە بداتەوە، بۆیە داوا لە بەخشەرەکانمان دەکەین پارەی زیاترمان بۆ دابین بکەن.
لە سێ مانگی ڕابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە سەرپەرشتیی کەمپی پەنابەر و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، چوار ملیار دیناری لە 15پڕۆژەی هاوکاریدا خەرجکردووە.
ئەسکەندەر ساڵح، بەڕێوەبەری نووسینگەی #هەولێر#ی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند، لەدوای جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری هاوکارییەکان کەمکراونەتەوە..
لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 878 هەزار و هەشت پەنابەر و ئاوارە هەن کە خەرجی مانگانەیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان 82 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و ساڵانەش زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلارە.
بەپێی ستانداردی بانکی جیهانی یەک پەنابەر خەرجیی ڕۆژانەی دوو دۆلار و 60 سەنتە. حکومەتی هەرێمی کورستان لە میوانداریکردنی پەنابەر و ئاوارەکان لە ئێڕاق پشکی شێری بەرکەوتووە.
هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانە و دەڵێت، ئەو خەرجییەی کە پێوسیتە بۆ پەنابەران و ئاوارەکان لە 25٪ لە لایەن ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە 5٪ لەلایەن بەخشەرەکان و لایەنەکانی دیکەوە بۆ خزمەتگوزاری لە کەمپەکان دابین دەکرێت، بەڵام لە 70٪ بۆشایی ماوەتەوە و لەسەر شانی دامەزراوەکان و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
%99ی پەنابەرانی ئێڕاق لە هەرێمی کوردستانن و لەو ڕێژەیە 60٪یان لەدەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن.[1]