ئەمڕۆ شەممە، ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجام دا و تیایدا بڕیاریدا:
یەکەم / ئەم هەفتەیەش تا ڕۆژی (10-07-2020) پشووی سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگاحکومیەکان درێژ دەکرێتەوە و ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی (2020-07-11) دەوام دەست پێدەکاتەوە.
دووەم / ئەم پشووە دەزگا ئەمنییەکان و تەندروستی و خەفارەتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ناگرێتەوە و هەر بەردەوام دەبن، هەروەها گەنجینە و بانک و ئەو فەرمانگەیەش کە #وەزارەتی دارایی# خشتەی موچەکەی ڕادەگەیەنێ ڕۆژی مووچە وەرگرتنیان.
سێیەم / جارێکیتر سپاسی بەدەنگەوە هاتنی بەرپرسیارانەی مامۆستایانی ئایینی سنوورەکەمان دەکەین کە بەوپەڕی هەست کردن بە مەسئولیەتی خۆشەویستیی و سەلامەتیی هاووڵاتیان ئەنجامدانی نوێژی هەینیان ڕاگرت.
چوارەم / سەبارەت بە کلینک و نۆڕینگە پزیشکییەکان: بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەرین بە هەماهەنگیی لەگەڵ سەرۆکی یەکەکارگێڕییەکان و ئاسایش و پۆلیس مولزەمە بە سەپاندنی جێبەجێ کردنی سەرجەم ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان بە سەر هەموو کلینک و نۆرینگە پزیشکییەکاندا و هەرچی پابەندیش نەبێت ئەوا اجرائاتی پێویستی بەرامبەر دەکرێت.
پێنجەم / سپاسی بەدەنگەوە هاتن و پەرۆشیی سەرجەم هاووڵاتیان و چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵکی سنوورەکەمان دەکەین کە بەگیانی خۆپارێزی و کۆپارێزیی ئەم ماوەیە هاوکارمان بوون و بە هیممەت و پاڵپشتی بێدرێغی ئەوان و پشتیوانی خوای گەورە ئەم دۆخە ترسناکەش تێدەپەڕێنین و هەموومان جەژنی سەرکەوتنی یەکجارەکیی ووڵاتێکی ئاوەدان و تەبا دەگێڕین.
هیوا قەرەنی عەبدوڵڵا
سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی ڕاپەرین
بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا
2020-07-04