دڵشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری شارەدێی باتیفا لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ ئاماژەی بەوە دا، سنووری ناحیەکەیان لە 27 گوند پێکهاتووە، 13یان بە چڕی لەلایەن فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیاوە بۆردوماندەکرێن و گوندێکیش چۆڵکراوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا ئەوەی خستەڕوو، هێزێکی زۆری سوپای تورکیا هاتووەتە نێو سنووری ناحەیەکەیان و شوێنە ستراتیژییەکانی کۆنترۆڵکردووە، ئەمەش نیگەرانی و ترسی لەنێو دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.
بۆردومانەکان زیانێکی گەورەیان بە گوندەکانی سەرسنوور گەیاندووە بەشێوەیەک جووتیاران ناتوانن سەردانی باخەکانیان بکەن بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان و فرۆشتنیان. هەروەها ڕێژەی هاتنی گەشتیارانیش بۆ ناوچەکە بووتە سفر.
هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ خاڵی سەربازییان لە چەند شوێنێکی سەرسنوور جێگیرکردووە، لەو بارەیەوە دڵشێر عەبدولستار دەڵێت دوای دانانی چەند خاڵێکی سەربازیی پاسەوانی سنوور بۆردوومانەکان کەمتربوونەتەوە. هەروەها پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیاشی وەستاندووە، جگە لەوەی ئارامیی بە دانیشتووانی ناوچەکە داوە و ئەو جووتیارانەی باخەکانیان نزیکن لەو خاڵانە بە ڕۆژ دەچن بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوەو دەگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا ئاشکرای کرد، بەهۆی بۆردومانی ساڵانی ڕابردووی تورکیاوە تاوەکو ئێستا 30 شەهید و 19 برینداری سڤیلیان هەیە.
ناحیەی دەرکاریش سەر بە شارۆچکەی #زاخۆ#یە و ناوچەیەکی سنوورییە، لەکاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر سنوورەکە 25 گوندی ناحیەکە بە بەردەوامی بۆردوومان دەکرێن.
زێرەڤان موسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار کە لە بەرنامەکەدا بەشداربوو ڕایگەیاند، زیاتر لە 22 ڕۆژە 25 گوندی شارەدێی دەرکار لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان دەکرێن و هەندێک ڕۆژ بۆردوومانەکان زۆر تووندن، بەشێوەیەک لە یەک ڕۆژی بۆردوومانکردندا زیانی ملیارێک و 131 ملیۆن دینار بە دوو گوند گەیاندووە.
زیانی بۆردوومانەکان زۆرن، بەڵام وەک بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار ئاماژەی پێدا ناتوانن زیانەکان بەتەواوی بخەمڵێنن، چونکە خەمڵاندنەکان پێویستیان بە سەردانی شوێنەکە هەیە، بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانەکان ناتوانن سەردانی ئەو گوندانە بکەن.
زێرەڤان موسا، ئاماری بۆردوومانەکانی ئاشکراکرد و گوتی، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەوە تاوەکو ئێستا، واتە لە ماوەی 22 ڕۆژدا، تورکیا 693 تۆپ و 70 مووشەک ئاراستەی گوندەکانی ناحیەی دەرکار کردووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار خۆشحاڵیی خۆی بە دانانی سێ خاڵی سەربازیی پاسەوانی سنوور لە ناوچەکەدا دەربڕی و باسی لەوە کرد، دوای دانانی ئەو سێ خاڵە مەترسیی پێشڕەییەکانی تورکیا نەماوە. داوا دەکەین خاڵی زۆر زیاتریش دابنێن، چونکە بە زۆربوونی ژمارەی ئەو خاڵە سەربازییانە ئارامیی زیاتر بە ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە.
زێرەڤان موسا گلەیی لە بەرپرسان کرد و گوتی، تائێستا هیچ بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق جگە لە چەند پەرلەمانتارێکی هەرێمی کوردستان، سەردانی ناوچەکەیانی نەکردووە و داوایکرد، پەرلەمانی عێراق بڕیاری قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووەکان دەربکات.[1]