محەممەد شەریف دەمیر، سەرۆکی ژووری پزیشکانی #ئامەد# گوتی، بەپێی ئەوەی کە دەستنیشانیانکردووە و پشکنینەکانیان تەواوبووە، ژمارەی کارمەندانی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگاکەیان 185 کەسە. زیاتر لە 100 کارمەند لە دوای 1ی حوزەیرانەوە تووشبوون.
سەرۆکی ژووری پزیشکانی ئامەد لەبارەی دۆخی کۆرۆنا بە گشتیی لە پارێزگاکەیان گوتی، لە نەخۆشخانەکانی ئامەد نزیکەی 300 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەوێنراون کە 50 لەو تووشبووانە لە بەشی چاودێریی چڕدان. هەرچەندە وەک ئەو دەڵێت، ڕۆژانە 40-50 تووشبوو چاکدەبنەوە، بەڵام هێشتا ژوورەکان پڕن لە نەخۆش و ناچارن دوو نەخۆش لە یەک ژووردا بخەوێنین.
سەرۆکی ژووری پزیشکانی ئامەد لەبارەی گیانلەدەستدانی کارمەندانی تەندروستی و پزیکانیشەوە بەهۆی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گوتی: بەداخەوە لەم ماوەیەی دواییدا ڕۆژانە 2-3 پزیشک و کارمەندی تەندروستی بە کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن.
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی لە باکووری کوردستان و تورکیا تائێستا 5300 تووشبووی ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە و ژمارەی تووشبووانیش 209 هەزاری تێپەڕاندووە.[1]