ڕژاک، قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی ئامارەکان بە تاوانێکی دیکە دژ بە ژنان ناودەبات و دەڵێت: ساڵانێکی زۆرە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر شاردنەوەی ئامارەکان دەکات، بەڕێوەبەرایەتییەکانیش کاری سەرەکییان پیشاندانی ڕێژەی توندوتیژییەکانە لەئاستێکی نزمدا و شاردنەوەی ئامارە ڕاستەکانە لەخەڵک.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆ لەکاتێکدایە، کە بەهۆکاری هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەیەکەوە مانەوەی ئەندامانی خێزان و درێژکردنەوەی کەرەنتینە و بێ کاریی و بێ مووچەیی، لەگەڵ خۆیدا زۆرترین قەیرانی ئابووریی و قەیرانی کۆمەڵایەتیی و خێزانی دروست کردووە، ئەمانەهەمووی هۆکارن بۆزیادبوونی تونوتیژییەکان.
ڕوونیشیدەکاتەوە”وڵاتێکی وەک فەرەنسا لەکاتی کەرەنتینەدا ڕایگەیاند کە بە هۆی کەرەنتیەنە ٪30 توندوتیژی لە وڵاتەکەیاندا زیادی کردووە، هەرێمی کوردستان بەهەموو پێوەرێک ڕێژەی توندوتیژییەکان زۆرزیادی کردووە بەپێی لێکۆڵینەی مەیدانی ڕێکخراوەکەمان لەماوەی 3مانگدا 28 ژن لە ئەنجامی توندوتیژیی گیانیان لەدەستداوە، ئەم ڕاستییانە هەموو پێمان دەڵێن کە ڕەوشی ژنان لەهەرێمی کوردستاندا زۆرخراپەو توندوتیژی ڕۆژبەڕۆژ لەزیادبووندایە”.
ڕێکخراوەکە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە ئەوان هیچ کاتێک پشت بە ئاماری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی نابەستن، بەڵآم پێیانوایە”بڕیارگرتن بۆ قەدەغەکردنی ڕاگەیاندنی ئامارەکان، زەنگێکی مەترسیدارە و ئەگەری زیادبوونی بێ سنووری توندوتیژییەکان هەیە کە لەئاستی کۆمەڵکوژییدایە”.
جەختیش دەکاتەوە، کە”دەسەڵات و حکومەت بەپێوانی یەکەم لە کۆمەڵکوژیی ژنان بەرپرسیارن، بۆئەوەی خۆڵ بکەنە چاوی جەماوەرەوە ڕاستیەکان دەشارنەوە”.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:”ئێمە وەک ڕێکخراوەکەمان وێرای شەرمەزارکردنی ئەو بریارە و دەربرینی نارەزایی، داوا لە تەواوی ژنان دەکەین بەتایبەتی ژنانی چالاکوان کەهەموومان بەیەکەوە بڕژێینە سەرشەقامەکان و ئەو بڕیارە هەڵوەشێنینەوە”.
لە کۆتاییشدا هاتووە: لە پێویستە وەک ژنان هەڵوێست پیشان بدەین لەبەرامبەر قەیرانی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی، خاک فرۆشتن و دەستپێشخەریی بۆ دوژمنان وهێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا، چونکە تەواوی کێشەکانی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکەی داگیرکاریە.[1]